١
سەردانێکی تەفەقودی
یەکێ لەشتە جوانەکان لە
کۆنەوە تاوەکو ئێستا و لە عورفی دیبلۆماسی و کۆمەڵایەتیدا دەستپێشخەرییە بۆ سەردانیکردن،
ئینجا ئەگەر ئەو سەردانیە لەلایەن کەسی بەرپرس و خاوەن بەرپرسیارەتی و چاودێرەوە بێت
گرنگیەکی زیاتری هەیە، رێکەوتنی ڤییەنا بۆ پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان ساڵی
١٩٦١ پرۆتۆکۆڵ و شێواز و رێکارەکانی سەردانە
دبلۆماسیە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکانی دیاری کردووە، هەروەها جۆرێکی تر کە سەردانی
نارەسمیە بە لەچەمک و پێناسەی دبلۆماسی بە سەردانی خێزانی پێناسەرکراوە(زيارة عائليَّة -Family Visit) کە پێویست بەهە پرۆتۆکۆڵ نیە، بەڵام ئامانج
لێی وەستانە لەسەر خاڵە ئەرێنی و نەرێنیەکان و بڕیاردەرکردن بۆ داهاتوو.
سەردانی جێگری سەرۆکی
حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دەڤەری راپەڕین بووە جێگەی سەرنج و بایەخی تەواوی پێدراو
وەک دەستپێشەخەریەکی نموونەیی سەیرکرا، بەڵام ئایە وابوو؟
ئەوەی جێگری سەرۆکی
حکومەتی هەرێمی کوردستان کردی و بڕیاری لێدا هیچ پێویستی بەسەردانیکردن نەبوو، کاک
قوباد فرمانی کارگێری فەریزەی حەج نیە ئیلا تەوافی شوێنەکە بکەیت بۆت حساب بێت، هەمووان
دەزانن کەسی دووەمی حکومەت لەرێگەی فرمانی کارگێریەوە ئەتوانیت بڕیار و رەزامەندی
لەسەر پڕۆژە پێشنیارێک بدات یان رەتی بکاتەوە، و فرمانی خەرجکردن بدات بەوەزیری
دارایی و وەزیری دارایش بڕیاری خەرجکردن بدات، پێموایە ئەو بڕیارەش لە هەولێریشەوە
ئەدران، بۆ نموونە خەستەخانەی ٢٩١ قەلەوێریەکەی رانیە ساڵانێکە هەیکەلێکی بەجێهێڵراوە
خێرە تاوەکو ئێستا کاک قوباد هیچی بۆ نەکردووە، نەخۆشخانەی کۆنی قەڵادزێ زەمەنێکە
پێشنیاری نۆژەنکردنەوەو کردنی بە نەخۆشخانەی منداڵبوون و منداڵان کراوە خێرە تاوەکو ئەمرۆ هیچی بۆ نەکردووە، شەست مەتری قەڵادزێ
ئەڵێی پزای گەورەی خێزانیە و هەر چەند ساڵێک و پارچەیەکی رەش دەکەنەوە خێرە تاوەکو
ئێستا خەرجی بۆ دابین نەکردووە، زۆر شتی تریش، ئەگەر جێگری سەرۆکی حکومەت بیەوێ گوێی
لێ بێت پێموایە لە حزبەکەی خۆی بای ئەوەندە کەسی دڵسۆزی میللەت هەبێ بۆی بژمێرێت.
٢
سەد بڕیار و یەک متابەعە
حکومەتی هەرێم بەسەرۆک
و جێگریەوە لەسەردەمەی لافاوی پارەوە تاوەکو ئەمرۆ زۆر بڕیاری جۆراوجۆری خزمەتگوزاریان
دەرکردووە زۆر بەڵێنی پەمەییان داوە گەلێک بەردی بناغەشیان داناوە، دەتوانین بڵێن
سەدانن، بەڵام لەو سەدان بڕیار و بەڵێن و بەردی بناغانە متابەعەی یەکیان نەکردووە،
ئاخر ئەگەر موتابەعە هەبێت دوای دوانەزە ساڵ پردێک ئەبێ بۆ تەواو نەکرێت، چەند کیلۆمەترێک
جادە ئەبێ بۆ دەساڵی پێبچێت، ئاخر رێکخستنەوەی پرۆژەی ئاوی شارەکانی رانیە و قەڵادزێ
ئەبێ بۆ ببێتە چیرۆک و خەڵک کە بەدەربەندا بڕوات کاک عمر فەتاحی بیربێتەوە و کە بگاتە
مەدخەلی قەڵادزێ نایلۆنە شینەکە.
دەیارە زۆرن ئەوانەی لە
سۆشیاڵ میدیا بۆت ئەنوسن “کەتۆ هاتیت دوایت هێنا بەڕۆژی بەربەختی”، بەڵام شار واناڵێت،
شار دڵی بەوە ئاو ناخواتەوە، چونکە لە هەولێریش کارەبا دەکوژێتەوە قەیناکە با لە قەڵادزێش
بکوژێتەوە، خەڵک دڵێ بەوە ئاو ناخواتەوە بڵێ جا چەمچەماڵیش ئاوی نیە، بڵێت جا سەیدسادق
لە قەڵادزێ کاولترە و لە دەربەدیخانیش وەکو پشدەر و رانیە بیکاری و بەتاڵی شاراوە
و کۆچ هەیە، دروستە خەڵکی گشتی زوو شتیان بیرئەچیتەوە، بەڵام سوێندت لەسەرم نیە
کاک قوباد خەڵکی گشتی دەڤەری راپەرین و پشدەر(یاغنیش نین)، ئەوەی واشی بۆ وەسفکردبی
ئەوە وەسفی خۆی کردووە.
٣
دەبوو کێ و چی وترا با
لایەنێکی سەردانەکەی
کاک قوباد ئەنجامدانی ئەرکی حزبی بوو، وەکو سەرپەرشتیاری سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال.
کەس لاری لەوەنەیە باوەڕی کەسیتان دەکرێ مۆدێرنێکی موتربەکراوە
بە فەهمی تێگەیشتن و خوێندنەوەی واقعیەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی بێت، لەبەر ئەوە نیشاندانی
بەهای مرۆڤی و کۆمەڵایەتی و لەباوەشگرتنی مرۆڤێکی خاوەن پێداویستی تایبەت و چەمانەوە
بۆ ماچکردنی منداڵێک شتێکی جوانن، بەڵام بەرپرسیارەتی سیاسی و حزبی زیاتر لەوەی ئەوێت،
لە بەرئەوە ئەبوو ئەوانەی دیداریان لەگەڵت دەکردن وەکو ڕێزێک بۆ ئۆرگانە حزبیەکان
لەرێگەی ئۆرگانەکانی حزبەوە دیاری کرابان نەوەکو لە رێگەی تێمێکی چەند کەسی دیاریکراو،
ئەگەر بۆ هەڵبژاردنیش بێت ئاخرا کوڕ و کچی شەهیدان بۆ دەبێت بێبەشبن لەدیداری میراتگری
مام جەلال ئەو مام جەلالەی کەباوکیان لە تەکیا و لەسەر ڕێبازەکەی شەهید بوو؛ کورە
گەنجە دەرچووە دانەمەزراوە بێکارەکانی کادیر و ئەندامانی حزبەکەتان بۆ دەبێ نەتبینن،
کادیرانی دڵسۆزی حزبەکەت کە هەر بەکۆمێنت نوسیین بارتەقای سەد هەل پەرست خزمەتی
حزبەکەیان کردووە بۆ دەبێت نەتبینن، ئەندام پەرلەمانان و کاندیدیان بۆ دەبێت نەت بینن؛
زۆری تریش.
خوا نەخواستا کەس نەیوتووە
لەگەڵ کەسانی ناڕازی و کۆمەڵێ چالاکوانی ناحزبی و گەنجی بیرتیژ و بەجورەئەت دانیشە،
“نا خودایە تۆبە” ئاخر ئەمە هەرناکرێ، چونکە ئەوانە لەکۆنەوە وا وەسفکراون بۆت کە
دوژمنی حزب و شار و کوردن چاویان بەو هەموو کۆچەی گەنجانە هەڵنایەت و حەزناکەن کوری
خەڵک پاوەندی دەستبکەوێ، حەزناکەن چیتر دەرچوانی زانکۆ ئاسودەبن و لەماڵەوە بەدەست
بەتاڵی دابنیشن؛ دڵنیابن وانیە، ئەبوو گوێ لەوانە بگیرابایە ئینجا راستیت دەست دەکەوت،
ئینجا دەتوانی بریاری گۆڕانکاری ئیداری و حزبی بدەیت و هەڵسەنگاندنێکی دروستت دەست
دەکەوت، بەڵام ئەوەی ئێستا دەگاتە دەستت لەسەر ئەساسی کوتلە و کوتلەبازی و بەرژەوەندی
شەخسی و گروپی ناوحزبە نەک خزمەت بەخەڵک ناکات بگرە تەنانەت خزمەت بەحزبیش ناکات.
٤
قسەی یەکەم و کۆتایی
لەوانە لەڕابردوو بەر
لە کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی نیشتیمانی بەهۆی ئاڵۆزی دۆخی سەرکردایەتی یەکێتی فرە ئاڕاستەیی بۆ خەڵک و ئەندامانی یەکێتی باش
روون نەبووبێت کێ خاوەنی باشیەکانە و کێ بەرپرسیارەتی کەموو کوریەکان هەڵدەگرێت، بەڵام
دوای کۆنگرە دیدگایەک پەخشکرا کە یەکێتی یەک سەرۆک و یەک بڕیاردەری هەیە و چاکسازی
لە ناو حزبەکەی و لە ناو نوێنەرانی حزبەکەی لە حکومەت دەکات، خەڵکی و کادیرانی دەڤەری
ڕاپەڕین ئومێدیان هەبوو، ئەگەر گلەی و کەموکورتیەکیش هەبا لە کەسانی ئیداری و حزبی
زۆنەکە بەپێی جیاوزی پێگە و شوێنەکە بۆچونێک هەبوو کە ئەوەی دەکرێ لە کەمتەرخەمی و
بێ خزمەتگوزاری و نا چالاکی و بێخەمی کەسە ئیداری و حزبیەکانە و جێگری سەرۆکی حکومەت
و سەرۆکی حزب لێی بێبەرین؛ بەڵام دوای ئەم سەردانە زۆر بە روونی دەرکەتوو و سەلمێنرا
یان لانی کەمی پیشاندرا کە جێگری سەرۆکی حکومەت بەرپرسی یەکەم لە خزمەت و خزمەت
گوزاریەکان و گۆرانکاری و قسەی یەکەم و کۆتایی لای ئەوە، لەبەر ئەوە لەدوای ئەم سەردانە
بەولاوە ئاسیی وەری بگرن رووی داواکاری کوڕە فەقیر و کچە شەهید لە ئێوە بێت، رووی
قەڵەمی تیژی نوسەران بۆ داواکردنی حەقی خەڵک و مافی هاوڵاتیان و ژیانێکی شایستە لە
ئێوە بێت “ئەم نوسیەنەم دەستپێکێکە”، رووی کادیرە تۆراوەکان و ناڕازیەکان بۆ وەرگرتنەوەی
حەق مافەکانیان لەئێوە بێت، رۆژنامە نوسەکان( ئەگەر چی رۆژنامە نوسی لێنە ئەم دەڤەرە
تەنها پەیامنێری لێیە) رووی پێنوس و کامێراکان ئاراستەی گەندەڵەیە ئیداریەکان دەکەن
و بۆ ئێوەی دەگوێزنەوە، ئێوەش سەربەست دەبن لەوەی بەردەوامبن لە گوێگرتن لە پۆلێکی
دەستەبژێری ستافی مطبەخەکەتان یان گوێ لەهاوار و ئازاری خەڵکانی خەمخۆر و تێکۆشەر
و خاوەن مەبدەئ دەگرن، بۆ ئەوەی هەستانەوە و سەرکەوتنی حزبەکەتان لە ناوخەڵک و دەڤەرە
کە مسۆگەر بکەن یان حزبەکە بەرەوشکست دەبەن لە دەڤەرەکە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی