ڕێککەوتنی حزبی لەگەڵ بەغدا یاخود رێککەوتنی نیشتمانی؟

20/06/2024

دڵشاد ئەنوەر


دۆخی هەرێم خراپە، بەغدا چی دەوێت دەیچەسپێنێت و هەرێمیش گیرۆدەی دەست  بێ پلانی و ململانێی حزبییە.  ناو ماڵی شیعەش هاوشێوەی هەرێم پڕە لە ململانێ، بەڵام دواجار گەر کار بگاتە سەر پرسە ستراتیژییەکان ئەوان یەکدەگرن.
ئێستا بەڕووکەش وا دیارە هەرێم ڕێککەوتنی لەگەڵ عێراق هەیە، بەڵام گەر لە ناوەڕۆکدا ورد ببینەوە ڕێککەوتنەکە ڕێککەوتنی حزبییە نەک نیشتمانی، ڕێککەوتنە بۆ دوو ئەجێندای جیاوازەو ئەم ڕێککەوتنە نەک هەرێمی پێ بەهێز نابێت، بەڵکو پێی لاوازتر دەبێت.
ناکۆکی ناو ماڵی شیعە بەتایبەت جەمسەری مالکی و خەز عەلی گەیشتووەتە ئاستێک نرخی مودیر شورتەیەک لەبەغدا گەیشتووەتە ملیۆنێک دۆلار، واتە مودیر شورتەیەک گەر خۆی بەلایەکدا یەکلایی بکاتەوە ئەو لایە پارەیە خەیاڵی پێدەدات، بەڵام سەرباری ئەم ململانێ قوڵە گەر دۆخەکە بگاتە پرسی ستراتیژی، هەردوولایان لە ژێر چەتری ئێراندا یەکدەگرن.
ئەم ململانێیە بۆ ناوخۆی شیعە ڕەنگدانەوەی لەسەر پرسی ستراتیژی نابێت، چونکە دواجار خاوەن یەک ئەجێندان، کەچی کاریگەری گەورەی لەسەر هەرێم هەبووە، پارتی ڕۆیشتووە لەگەڵ مالکی ڕێککەوتووەو یەکێتیش لەگەڵ خەز عەلی.
ئەوان چەند ناکۆک بن دواجار یەکدەگرن، بەڵام ئازایانە دەتوانن ڕەنگدانەوەی ناکۆکی نێوانیان و پەرتکردنی یەکێتی و پارتی بۆ لاواز کردنی هەرێم بقۆزنەوە، چونکە کاتێک پارتی و یەکێتی کەوتنە ڕکابەری یەکتری زیاتر تەنازول دەکەن بۆ خۆ نزیککردنەوە لە شیعە، یەکێتی چەند تەنازول بکات پارتی دوو هێندە دەیکات یاخود بە پێچەوانەوە.
تازەترین نموونەش وەفدی پارتی لەسەردانی ئەمدواییەیدا بۆ ئێران بەڵێنی فشار خستنە سەر حزبە کوردییەکانی ئێرانی پێداون تا ئاستی ڕادەستکردنی هەندێکیان، یەکێتیش خێرا کەوتە جم و جۆڵ و داوای چۆڵکردنی زرگوێزیان لێدەکات..
واتە ململانێکە لەسەر پاراستنی قەوارەی هەرێم و بەهێز کردنی نییە، بەڵکو ململانێکە لەسەر خۆ نزیککردنەوەو تەنازولی زیاترو لاوازترکردنی هەرێمە..

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی