لە شنگالەوە بەرەو جیھان

03/08/2024

ڕێباز محەمەد جەزا


ده‌ساڵ به‌سه‌ر جینۆسایدی كوردانی ئێزیدا تێده‌په‌ڕێت، لەم دەساڵەدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان چەندین ھەنگاوی نێودەوڵەتی نا بۆ ئەوەی ئەم کەیسە وەک مافێکی رەوای ئێزدییەکان بەنێودەوڵەتی بکرێت، ئەم ھەنگاوەش دەستکەوتی زۆری ھەبوو لەوانە، نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایش و ئەڵمانیاو بەریتانیاو چەندان وڵاتی تر و رێکخراوەکانی نێودەڵەوتی دانیان بە جینۆسایدی ئێزدیان نا، ئەمەش ھەوڵێکی جیدی سەرۆکی ھەرێمە کە کەیسی ئێزدییەکان لە شنگالەوە بەرەو دانپێدانانی جیھان ببات.
یەکەمجار نییە باسی جینۆسایدی ئێزیدییەکان دەکرێت، بەتایبەتی لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، لە ١٦ی حوزەیرانی ٢٠١٦ لێکۆڵینەوەیەکی مافەکانی مرۆڤ، بڵاو کرایەوە و ڕاگەیەندرا، کە ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) جینۆسایدی دژی ئێزیدییەکان ئەنجام داوە، کە تاوانێکە دژی مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ.هەروەها لە ساڵی ٢٠١٦ ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بە کۆی دەنگ بڕیارێکی پەسەند کرد؛ تیایدا دان بەوەدا دەنێت کە ڕێکخراوی داعش جینۆسادی دژی ئێزیدی و مەسیحییەکان ئەنجام داوە. لە ساڵی ٢٠١٨ کۆنگرێسی ئەمریکا یاسای جینۆساید و فریاگوزاری و لێپرسینەوەی عێراق و سوریای پەسەند کرد. جگەلەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەوروپا بڕیارنامەی ٢٠٩١ (٢٠١٦)ی خۆی سەبارەت بە چەکدارانی بیانی لە سووریا و عێراق وەبیر دەهێنێتەوەو هەڵوێستی خۆی دووپات دەکاتەوە کە “ئەو کەسانەی بەناوی داعشەوە مامەڵە دەکەن، کردەوەی جینۆساید و تاوانی گەورەی دیکەیان ئەنجامداوە، کە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان سزا دەدرێن”. بەڵام لەهەمووی گرنگترو کاریگەرتر  ئەو تیمی لێکۆڵینەوەیەی نەتەوە یەکگرتووەکانە لە ١٠ی ئایاری ٢٠٢١ کە تاوانەکانی داعش دژ بە ئێزیدییەکان ئەنجامی داوە ، بریتییە لە جینۆساید. هەروەها داواکاری گشتی، دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان کەریم خان لە شەشەم کۆڕبەندی خۆیدا گوتی: "دەتوانم بۆ ئەنجوومەنی نەتەوە یەکگرتووەکانی پشتڕاست بکەمەوە، کە بە پشتبەستن بە لێکۆڵینەوە تاوانکارییە سەربەخۆکانی کە ئەنجممان داون، بەڵگەی ڕوون و قەناعەتبەخشمان لەبەردەستن، کە جینۆساید لەلایەن داعشەوە لە دژی ئێزیدییەکان وەک گرووپێکی ئایینی ئەنجامدراوە" .لەسەر ئاستی ناوخۆو ناوچەکە؛ سەرۆکایەتی  هەرێمی کوردستان ، سەرباری ئەوەی خۆی بەپارێزەری ئەو دۆسیەیە دەزانێت و گوزارشتی لێدەکات ، هاوکات ئەم دۆزە دەباتە ئاستێکی باڵاترو دنیای دەرەوەی لێ بەدەنگ دەهێنێت ، لەبەرئەوەی دۆزی ڕەوای نەتەوەییمان ، خەونی پاراستن و ئاسایشی میللی گەلەکەمان دەخوازێت ، هەمووان بەئاشتەوایی و بەدڵنیاییەکی زیاترەوە  لەناوچەکەدا بژین و کەس بوێری ئەوەی نەبێت هەڵبکوتێتە سەرمافێکی سەرەتایی مرۆڤبوون؛ ئەویش ژیانکردنە لەسەر زێدو نیشتمانی مرۆڤەکان ، لەم میانەیەشدا؛ ئێزیدییەکانیش وەکو کورد و بەناسنامەی کوردستانی بوونی خۆیان و جیاوازی ئاینی و ئیتنی خۆیانەوە؛ لەسنوری هەرێمی کوردستاندا پارێزارو دەبن .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی