لەبارەی فیلم و "فیلمی" (شاردنەوەی سەددام)

08/08/2024

ڕۆژان سەیفور

فیلم و فیلمسازی یەکێکە لە رێگاکانی خۆنواندن و نمایشکردنەوەی خود و کۆمەڵگە بۆ دونیای دەرەوە. دەکرێت لە رێگەی فیلمەوە ئەوەی ئەوانیتر نەیاندیوە، بیبینن. ئەوەی لە فیلمەکانەوە نمایش دەکرێتەوە کاریگەری لەسەر بینەر دادەنێت و هەستی هاوسۆزی بۆ کارەکتەرەکانی نێوی دروستدەکات. بۆیە گرنگە بزانین چی بەرهەم دەهێنین و بەردەنگی بەرهەمەکە کێیە؟

ئەو فیلمسازییەی لە کوردستان دەبینرێت بەداخەوە هەمیشە شتێکی کەمە و وا لە بینەر دەکات جارێکیتر سەیری هیچ بەرهەمێکیتری کوردی نەکات چونکە بەشێکی بەرهەمهێنەرانی فیلمە کوردییەکان لەبەرئەوەی لاسایی دەرهێنەرەکانی دەرەوە دەکەنەوە، ئەو رێگەیە دەڕۆن کە ئەوانی پێدا رۆیشتووە. لە کاتێکدا منی کورد پێویستە لە چاوی خۆمەوە روداوەکان ببینم و بیگێڕمەوە نەوەک چاویلکەی ئەوانیتر بکەمە چاوم. ئەگەر تا پێش راپەڕین و بگرە تا ئازادی عێراقیش بیانووی فیلمسازی کورد ترس لە رژێمی سەددام و نالەباری بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کوردستان بوو بۆ بەرهەمنەهێنانی فیلمێک کە شایەنی بینین بێت ئەوا لە ئێستادا و لەم کرانەوە بەرفراوانەی کوردستان بە رووی دونیادا ئەو بیانووە سواوە و قبوڵکراو نیە.

سەبارەت بە (شاردنەوەی سەددام):
ئەم "فیلمە" ژانرەکەی دیارنیە، تەنها خستنەپاڵیەکی چەند گرتەیەکی ساڵی (٢٠٠٣)ی عێراق بوو بە پیشاندانی گرتەیەک لە گێڕانەوەی کەسێک بە ناوی عەلا نامیق کە نزیکەی ساڵێک سەددامی شاردوەتەوە.

ئەم بەرهەمە لە چاویلکەی ئەوانیتروە و بە تایبەت عەرەبەکان بەرهەمهێنراوە، ئەوەی عەرەبێکی فاشی و دۆستی سەددام دەیخوازێت تیایدا دەبینرێت. ئەوەندەی هەستی بینەر دەبزوێنێت بەرامبەر دڵ و چاوپڕبوونی کارەکتەری عەلا نامیق لە گێڕانەوەکەیدا، ئەوەندە لایەنە زەلیلییەکەی سەددام دەرناخات کە لە کۆشکی پاشایەتییەوە چووەتە ناو کونێکی تاریک کە لە گۆڕێک زیاتر هیچ نیە.

نمایشکردنەوە بریتییە لە نوێنەرایەتی کردنی شتێک لەبری شتێکیتر بۆیە کاتێک بەرهەمی کەسێکی کورد بڵاودەبێتەوە سەبارەت بە خۆشاردنەوەی کەسێکی دیکتاتۆر و زاڵم ئەوا بینەر چاوەڕێیە ئەوەی ئەو زاڵمە چەشتوویەتی لە ئازار و مەینەتی نمایشبکرێتەوە و بخرێتە بەرچاوی جیهانیان. بەڵام کارەکتەری سەددام وەک پێغەمبەرێک و کەسێکی پیرۆز روخساری بەڕوونی دیارنەبوو کە ئەوەشمان تەنها لە فیلمە ئایینیییەکاندا بینیوە وەک فیلمەکانی (محمد رسول اللە، رساله‌) و هەندێک فیلمی تریشدا کارەکتەری پێشەوا محمد (د.خ) و کارەکتەری ئیمامەکان بە ناڕوونی دیارن. لە کاتێکدا پێویست بوو لە چەند دیمەنێکدا روخساری سەددام و ترس و نیگەرانییەکانی دەربخرێت.

لە سەرەتای بینینی بەرهەمەکە تا کۆتایی کە کارەکتەری عەلا نامیق جگەرەکەی دەستی ناکوژێتەوە و بە چاوی پڕ فرمێسکەوە رووداوەکان دەگێڕێتەوە و بە (سید الرئیس) ناوی سەددام دەهێنێت. وەک خۆم لەبەرئەوەی وامدەزانی ئەمە خودی عەلا نامیقە راستەقینەکەیە و بەو پێیەش بیستبووم کە دەرهێنەر زۆری لەگەڵ وتووە تا رازی بووە رووداوەکان بگێڕێتەوە، بیانووم بۆ دەرهێنەر هێنایەوە کە ئاساییە ئەوە قبوڵ بکات نامیق وەک خۆی بەرجەستە بکات بەڵام لە کۆتاییەکەیدا کە دەنوسرێت نامیق لە شوێنێکی نادیار دەژی، روون دەبێتەوە کە ئەوە ئەکتەرێکە و کارەکتەری نامیق بەرجەستە دەکات. بۆیە زیاتر رووندەبێتەوە ئەم بەرهەمە لە چاویلکەی ئەوانیترەوە بەرهەم هاتووە. هەروەها لە فیلمدا بە شێوەیەک کار دەکرێت هەستی هاوسۆزیی بینەر بۆ کارەکتەری قارەمانی نێو فیلمەکە ببزوێنرێت بەداخەوە ئەوەی لەم بەرهەمەدا و لەو  دیمەنانەدا بینرا لە بزاواندنی هەستی بینەر بۆ سەددام و هاوسۆزی لەگەڵ کارەکتەری عەلا نامیق هیچیتری تێدا بەدی ناکرێت واتە دەکرێت بڵێین بە پێی گێڕانەوەکانی ئەو سەددام لەم بەرهەمەدا کەسێکی زوڵملێکراو بوو نە زاڵم.

رەنگە زۆرینەی دەستخۆشی و شاباشەکان بۆ بەرهەمە کوردییەکان بۆ باشی لایەنی تەکنیکی بێت و ئەوەی بە گشتی دوای بڵاوبوونەوەی بەرهەمێکی کوردی بەرگوێمان دەکەوێت ئەوەیە کە لە رووی تەکنیکەوە زۆر باش بوو ، هەرچەندە لەوەشدا مەبەستی بینەر تەنها کوالیتی وێنەگرتنەکەیە کە بە کامێرای پێشکەوتوو تۆمار دەکرێن. لە کاتێدا پێویستە ئەوە بزانین کە بەکارهێنانی کۆدە تەکنیکییەکان وەک وێنەگرتن(بە هەڵبژاردنی گرتە و گۆشەکانەوە)، کاریگەرییە دەنگی و میوزیکییەکان، گرافیک و ... لە سینەمادا لە خزمەت دروستکردنی مانایە و واتادانە بە بابەتی مەبەست. خۆ ئەگەر لایەنی تەکنیکی بە باشی بەکارنەهات و سودی لێوەر نەگیرا ئەوا بەرهەمەکە بەتاڵ دەبێت لە مانا و پەیامەکە بەباشی ناگات، وەک ئەوەی لە (شاردنەوەی سەددام) دەبینرێت لە ڕووی تەکنیکەوە وەک لەسەرەتا ئاماژەم پێدا بەشێکی زۆری دیمەنەکان تەنها خستنە پاڵیەکی چەند گرتەیەکی کاتی رزگارکردنی عێراقە و ئەوەی بەرهەمهێنەران لێرەدا کردوویانە شتێکی ئەوتۆ نیە و هەڵەی تەکنیکیشی تێدایە.

 بە وتەی دەرهێنەر چیرۆکی ئەم "فیلمە" چیرۆکی چاڵەکەیە، بەڵام گرتەیەکمان نەبینی ژیانی رۆژێک یان چەند رۆژێک لەو هەموو رۆژەی سەددام لە کونەکەدا بە ترس و تۆقین و بێدەسەڵاتییەوە بەسەریبردووە، تێیدا نمایشبکرێتەوە. بۆئەوەی بینەری کورد و بەتایبەت کەسوکاری شەهیدان و بێسەروشوێنانی کیمیاباران و ئەنفال نەختێ سوکنایی دڵیان بێت و ببینن هەرچۆن سەددام کەسوکاری ئەوانی زیندەبەچاڵ کرد ئەوا خۆی پێش لە سێدارەدانی (٢٣٥) رۆژ زیندەبەچاڵ ژیا و ژیانی ناو گۆڕی بینی.

هەموو ئەمانەش لە زاری دەرهێنەرەوە بۆ بێلایەنی دەرهێنەر دەگەڕێتەوە و وەک خۆی دەڵێت دەیەوێت وەک خۆی بابەتەکە بگێڕێتەوە. ئەگەر بێلایەن بوو بۆچی دیمەنی لە سێدارەدانی سەددام پیشان نەدرا خۆ ئەو دیمەنە کۆتایی چاڵەکەیە. چۆن دەبێت دەرهێنەر بێلایەن بێت؟ چۆن دەبێت بابەت و ئاریشەی خۆتت بیرچێت بە بیانووی بێلایەنی بوون؟ هەرچەندە بە پێچەوانەوەی وتەی دەرهێنەرەکەیەوە ئەم "فیلم"ە نەک بێلایەن نەبوو بەڵکوو زۆر خاتری گێڕەرەوەی چیرۆکەکەی تێدا گیرابوو وەک بڵێی مەرجی بۆ قسەکردن ئەوە بووبێت کە بەو شێوەیە "فیلم"ەکە بەرهەم بهێنرێت.

میللەتی کورد لە هەموو میللەتانیتر پێویستی بە خۆنمایشکردنەوە هەیە بۆیە هیوادارم لە چاوی خۆمانەوە و ئەوەی پێویستە، بیخەینە سەر شاشەی سینەماکان. بابەتەکان ئاریشە و بابەتی گرنگی خۆمان بن و لە خزمەت کورد و کوردستاندابن.

* مامۆستای بەشی تەکنیکی میدیا لە زانکۆی پۆلیتەکنیکیی سلێمانی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی