زۆربەمان ئەوە دەزانین
کە لە هەرێمی کوردستان کۆمەڵێکی زۆری ڕاویژکار و بەڕێوەبەری گشتی و پلەبەرزەکانی
تر لەناو حزب و دەسەڵات و کۆمپانیاکاندا هەیە ، ئاساییە ئەوانە هەبن ، بەڵام ئایا
ئەوانە کاری ڕاوێژکاریی ڕاستەقینە دەکەن ؟! ڕاوێژکار ئەوکەسەیە کە ڕۆلی گەورەی هەیە
لە ڕاوێژ و ئامۆژگاری بونیاتنەر بۆ ئەو لایەنەی کە کاری تێدادەکات یان کاتێک تەنگوچەڵەمەیەک
یان گرێکوێرەیەک سەرهەڵدەدات پەنا بۆ ڕاوێژکار دەبردرێت بۆئەوەی ڕای خۆی و دیدگایەکی
دروست بەشیوەیەکی ڕاستگۆ و ئەمین بەو ئەزموونەی هەیەتی پێشکەشبکات ، بۆیە دەبینین
کە زۆر لە وڵاتان و کۆمپانیای گەورە و وەزارەت و دەستەی حکومی و ناحکومی پارەیەکی
زۆر دەدەنە ڕاوێژکاران لەپێناو وەرگرتنی ڕاوێژ و ڕای تایبەتمەند بۆ ئەوەی ئەو تەنگوچەلەمانە
چارەسەر بکات کە بۆتە بەربەست لەبەردەم ئەدای ئەرکەکە ، نکوڵی ناکرێت کە جێ پەنجەی هەندێک ڕاوێژکار لە
هەڵسان و پێشخستنی وڵاتان و کۆمپانیاکان بە ڕاستگۆیی و دڵسۆزی-یان دیارە ، یەکێک لە
خەسڵەتەکانی ڕاوێژکار ئەوەیە کە دەبێت ڕاستگۆ بێت و بوێری ئەوەی هەبێت هەرچی هەڵە
و نارێکی لە بڕیارەکانی بەرپرسەکەی هەیە بیڵێت و ، هۆشیاریەکی وای هەبێت کە درک بە
واقیع و ئەو ڕاستیانە بکات کە لە دەوروبەرمان هەڵدەقوڵێن ئەمەش لە ڕێگەی پەیوەندی
خۆی بەو دەورووبەرەی کە تێیدا دەژیت و کارلێکی لەگەڵدا دەکات و ئەمانە بەسەرڕاستی
بیخاتە بەردەم بەرپرسەکەی ، نەک بڕیار و بۆچوونە هەڵەکانی بەرپرسەکەی بڕازێنیتەوە
و بەدڵی بەرپرسەکەی چارەسەر بخاتەڕوو وەک ئەوەی ئێستا هەندێک ڕاویژکار و پلەباڵای
دووڕوو دەیکەن ، گەورەترین هەڵەی بەرپرسانی حزبی و حکومی و دەسەڵات بەگشتی ئەوەیە
کە کەسێکی نەشیاوی وا لە شوێنێک دادەنێن کە نابێت ئەو کەسە لەوێ بێت ، بەداخەوە کەسەکە
پلە و پایەی دەدریتێ لەبەر نزیکی لە بەرپرسەکە یان خزمایەتی یان بۆ موجامەلە دەیکاتە
ڕاوێژکار یان پلەیەکی تری باڵا و بەرپرسیاریتیش وەردەگرێت یان هەندێک بەرپرس ئەو ڕاوێژکارانە
دێننە کن خۆیان چونکە ڕەفتار و کرداریان لە بەرپرسەکە دەچن، هەڵبژاردنی ئەوانە بۆ ئەو شوێنە گرنگانە وەک ئەو پزیشکە وایە کە لە کارەکەی خۆی نەگات و
هەڵە لە چارەسەرکردنی نەخۆش بکات کە سەرەنجام دەبێتە هۆکاری مردنی ، یان وەک ئەو وەزیرە
وایە کە بەنداو و بەربەست لەنێوان خۆی و خەڵک دابنێت و ، ئەم وەزیرە هی ئەوە نیە لەو
پۆستەدا بمینێت ، وەزیفە لەکن هەندێک لەو بەرپرس و ڕاوێژکارانە لە شتێکی بریقەدار
زیاتر نیە ، شتێک پێشکەش ناکەن جگە لە نازناو و ئۆتۆمبێل و کشکی پاسەوانان نەبیت ،
ئەگەر داوا بکەیت کە گرنگی بە بەرژەوەندی خەڵک بدات و واز لە بەرژەوەندی کەسیی و
حزبی بێنێت نایبینی تەنها لەبەردەم شاشەی تەلەفزیۆن و ڕۆژنامە نەبیت !!!
تەنگوچەلەمەی ئەو هەرێمی
کوردستانە بریتیە لە هەڵبژاردن (الاختيار) لە هەموو شتێک ، هەڵبژاردنی هەڵە کارەساتە
ئەگەر بێت و مرۆڤەکە خزمەتگوزاریەک پێشکەشبکات یان بڕیارێک بدات یان بەرپرسیاریتیەک
سەبارەت کاروباری ژیان هەڵگریت….زۆر ناخۆشە ئیدارەیەکی خەراپت لە تیمێکی کار-ی کۆمەڵێک
نەزان لە ڕاوێژکار و پلەکانی تر هەبێت یان
سوودی هەبوونی تیمێکی پیشەگەر چیە ئەگەر کاپتنێکی لاواز فەرمانڕەوایی کەشتیەکە
بکات ، هەندێک لەو ڕاوێژکار و پلەباڵایانە پەیوەندیەکی بەهێزیان لەگەڵ بەرپرسەکەیان
هەیە بەڵام زۆر خەراپن لە مامڵەکردن لەگەڵ خەڵکانی تر ، ئەوانە ئەوەیان لەبیر چوو
کە بەدەستی خۆیان ناو و ناوبانگیان لەناودەبەن ، هەندێکی تریان هەر قسەیان هەیە و
کرداریان نیە ، هاوڵاتی بێتاقەت بووە لەو ڕاوێژکار و پلەدارانەی کە خۆیان واپێشان
دەدەن کە زانیاری و مەعریفە و پسپۆر-یان لە زۆربەی بوارەکان هەیە ، بەڵام تەنها ڕووالەتیان
هەیە ئەویش لە پۆشینی قاتی سێ پارچە و پێڵاوی مارکەی بەرز و قژداهێنانی کەشخە وەک
ئەوەی گەورەترین عاقلمەندبن و نوێترین کۆمپییوتەر و دوا مۆدیل مۆبایلی پێیە و هەر
لە جوولە و قسەکردندایە ، کە قسەش دەکات هەندێک وشەی ئینگلیزی یان فەڕەنسی بەکاردەهێنیت
گوایە فوولە لەو زمانانە ، خۆزگە و چەند ڕاست
و جوان دەبوو کەسێکی شیاو هەڵبژێریت بۆ پۆست و شوێنێک تا خەڵک لە نیگەرانیە قووسەکان
ڕزگار بکات و کێشەکانی هەرێمی کوردستان بەگشتی و چەقبەستوویی چارەسەربکات .
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی