دوای روخاندنی رژێمی بەعس ساڵی 2003، پارێزگاری كەركوك و زۆرێك ناوچەی كوردستانی كەوتنە ژێر دەسەڵاتی كورد. بە شاهیدی دۆست و دوژمن لەماوەی پارێزگاربوونی كورد لە كەركوك ئەزمونێكی سەركەوتوو نەبوو. پێش هەموان كورد خۆی ناڕەزای بوو ئینجا توركمان و عەرەب. ململانێی حیزبی و شەخسی و گەندەڵی و كارنەكردن و زۆرێك هاوكێشەی تری ناوخۆیی كوردی، وایكرد ئەزموونی ئیدارەدانی كەركوك زۆر خراپ بێت. ئەم دۆخە تاوەكو 16ی ئۆكتۆبەری 2017 بەردەوام بوو. كورد لە كەركوك ئیدارەی نەماو دەسەڵاتی كۆتایی پێهات. دەكرێت ئەم قۆناغە ناوی ئەزموونی یەكەم بێت.
لە ئێستادا دوای ئەنجام دانی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكان، جارێكی تر پۆستی پارێزگاری كەركوك كەوتەوە دەست كورد، هێشتا هیچ نەبووە دەستكەوتێكی تێدایە ئەویش ئەوەیە كە ناوی رێبوار بەڕاستی لەناوی راكان خۆشترە؟؟ وەك باس دەكرێت.. لانی كەم رێبوار ناوێكی خۆشترە لەو ناوە قورسەی. بەهەرحاڵ دەكرێت ئەم قۆناغە ناو بنێین ئەزموونی دووەم. ئێستا كورد لە سەرەتای دەستپێكی ئەزموونی دووەمە. لەبەردەم مەترسی و دەرفەت دایە، لەبەردەم شكست و سەركەوتن دایە. ئایا ئەمجارە هەڵەی رابردوو دوبارە دەكاتەوە؟ ئایا دەتوانێت ئەگەر توركمان و عەرەب نەشكاتە دۆست و لایەنگیر، ئەوا لانی كەم هێندە ناحەز نەبن.!. ئایا سەردەمی ململانێی تەسكی حیزبایەتی و باڵ باڵێنی ناوخۆیی حیزبی لەناو كەركوك كۆتایی دێت؟ دوو حیزبە دەسەڵاتدارەكە شەڕی بێ تامی خۆیان وەكو رابردوو لەناو كەركوك درێژە پێ دەدەن، یان بەرپرسیاریەتی كوردستانی لەبەرچاو دەگرن و خزمەتێكی نیشتمانی پێشكەش دەكەن. ئەگەر كورد لە ئەزمونی دووەمیش شكست بێنێت و ئیدارەیەكی خراپ پێشكەش بكات، ئەوا وەك پەندەكەی لێ دێت ئەگەر دووجار فێڵت لێ كردم خودا خۆم بگرێت. ئەمەش بۆ عەرەب و توركمان و خودی كوردی كەركوك راستە.
دۆسیەی هەستیارو گرنگ لەبەردەم كوردن لە كەركوك، یەكێك لە دۆسیە هەستیارەكان ئەوەیە هەوڵ بدرێت هەیمەنەی ئیقلیمی لەسەر بڕیارەكانی ناوخۆی كەركوك كەم بكرێتەوە. پەیوەندی كوردوتوركمان، پەیوەندی كوردو عەرەب، پەیوەندی كوردوكورد، لەنوێوە پێناسە بكرێتەوەو دۆخێكی سەركەوتوو دروست بكرێت. هەوڵ بدرێت ئاستی خزمەتگوزاری و پێشخستنی شارەكە بە بێ گەندەڵی و جیاوازی بڕواتە پێشەوە. ئیدارەكە مۆركێكی هەموانی كەركوكی پێوە بێت و ئەمجارە لەبری ئەوەی ئاڵای كوردستان لە قەڵای كەركوك دابگرن و بیخەنە ژێر پێ. ئەوا توركمان و عەرەب و كوردەكەش ئاسایی رێزی بگرن و پەلاماری نەدەن. سەركەوتن لە ئەزموونی ئەمجارە زۆر شت بۆ داهاتووی كورد مسۆگەر دەكات.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی