31ی ئاب بۆنەیەکی نیشتیمانییە!

31/08/2024

فەرەیدون کونجرینی

لەشەڕی ناوخۆدا زیاتر لە 36 هەزار پێشمەرگەو  هاوڵاتی  کوژران و بێسەروشوێنکران، پێشنیار بکەن لە هەموو شارو شارۆچکەیەکی هەرێمی کوردستان پەیکەری شەرمەزاری دروستبکرێت و ساڵانە یادی 31ی ئاب وەک بۆنەیەکی نیشتیمانی بکرێتەوە،

لەپاش ڕووداوی 31ی ئاب وەک ڕۆژنامەنوسێکی سەربەخۆ چەندساڵ جارێک ئەم یادە بەرز ڕادەگرم" چونکە ئــازارێکە لەبیرناچێت" بەهۆی ئەوەی کورد بەخۆی کردوو دوژمنان نەیانتوانیوە لەماوەی دوو ساڵدا هێندە لە گەلی کورد  قەتڵوعام بکەن،  کە خەڵکی سڤیل و پێشمەرگەی تێکۆشەری تێدا فریودراو بەکوشتــدرا  بۆ بەرژەوەندی حیزبی و ململانێی پۆست و پێگەو داگیرکردنی داهاتی سەر زەویی و ژێرزەوی ناوچەکە.

دەسەڵاتدارانی هه‌رێمی کوردستان  یادی هه‌موو ئه‌و بۆنه‌ نیشتمانی و زیانلێکه‌وتنانه‌ ده‌کـەنەوه‌ که‌به‌سه‌ر گەلەکەمان هاتووه‌ 31ى ئاب و شه‌ڕی ناوخۆش به‌شێکە له‌و کاره‌ساتانه‌ی له‌سه‌رده‌می به‌عس و ڕابوردووی دیکتاتۆره‌کاندا ڕویانداوه پێویستە 31ی ئاب بکرێته‌ ڕۆژێکی تایبەت لەساڵێکداو بــێ جیاوازی یادبکرێتەوەو  سه‌ری نه‌وازش داده‌نه‌وێنین بۆسه‌رجه‌م گەشمردەو ئەوانەی لە پێناو کوردو کوردستاندا تێکۆشاون به‌ژداردەبین له‌خه‌می که‌سوکارو هاوڕێ و دۆستانیان.

بــا پێکەوە لەم یادە نیشتمانی و نەتەواییەتیە بەشداربین چونکە  31ی ئاب یادێکی کارەسات بارە. دەبـــا هاوشێوەی هەڵەبجەو ئەنفال و خاپورکردنی پێنج هەزار گوند یادبکرێتەوە. پێشنیار بکرێت  سێ رۆژی هەفتەی کۆتایی مانگی ئاب ی هەموساڵێک بکرێتە پشوی فەرمی لەهەرێمی کوردستان و ڕۆژی ماتەمی شکۆی گشتی.

لایەنەکانی باشور له ‌ساڵێکدا ده‌یان بۆنه‌ی نیشتمانی و که‌سایه‌تی ده‌که‌نه‌ موڵکی خۆیان و بە داهاتی گشتی یادی دەکەنەوە هەربۆنەیەک زیان بگەیەنێت بەپێگەو کەسایەتییان و خواست و داواکاری خۆیانی لەسەرنەبێ ئاماژەی پێنادەن، 31ی ئاب یش بۆنەیەکی نیشتیمانییەو به‌هه‌زاران شۆڕشگێڕو پێشمه‌رگه‌ی گیانبەخشی تێدا بووە قوربانی به‌هاوشێوه‌ی ساڵه‌کانی سه‌رده‌می به‌عس کوژراو بێسه‌رو شوێنکردن و که‌م ئه‌ندام و زیانی زۆری لێکەوتەوە  دەبوو لــە هەموو شارو شارۆچکەیەک پەیکەری شەرمەزاری دروستبکرایەو ساڵانە پەردەی  ڕەشی شەرمەزاری هەڵدرایەتەوە،  تاوانەکان هاوسەنگ بکرێن و خودەکان لەهەر پلەو پۆست و لێپرسراویەکدان سزا بدرێن.

له‌ 31ی ئابدا پارتی سه‌رکه‌وتنی شه‌ڕی براکوژی ڕاگەیاندو له‌ماڵه‌کانیاندا ئاهه‌نگ و خواردنه‌وه‌و خۆشیان به‌بۆنه‌ی سه‌رکه‌وتنی پارته‌که‌یان به‌پاڵپشتی به‌عس گێڕا، له‌ 31ی ئابدا جگه‌ له‌زیانی گیانی سه‌رجه‌م کارگه‌کانیان به‌تاڵان برد و ‌بە داهاتەکەی هاوکاری مادییان بە هێزی سەربازی به‌عس بەخشی

ده‌بێت هاوڵاتیان فشاری بــەکۆمه‌ڵ بخەنه‌سه‌ر کۆمەڵی مەدەنی و ڕێکخراوە ناحکومیەکان ، تا 31ی ئاب وەک هەرڕۆژێکی رەشی تر ، کەبەسەر گەلەکەماندا هاتووە بەفەرمی بکرێت و یادی بۆ بکرێتەوە.

بەهۆی سیاسەتی چەوت و ململانێی لایەنەکانی باشور"  بەردەوام لە شەڕی ناوخۆداین، جیهانی گەندەڵی کەبۆتە بنیادنانی قەیرانی کۆمەڵایەتی   ڕۆژ نییە بەدەیان خەڵکی ئەم وڵاتە ڕووەو مەرگ نەبات و  ئاوارەی وڵاتانی دیموکراس بوونەوە، ئەم میحنەتەی ئەمڕۆ لەکۆمەڵگەکەماندا ڕوودەدات و هەر ڕۆژەی بەجۆرێک وێنەی چەندین کوژراو  کۆچبەری خنکاو دەبینین ئۆباڵەکەی لەئەستۆی دەسەڵاتەو بیرکردنەوەو بێــموبالاتی ئەوانە، تاسەرانی شەڕی براکوژی بوونیان هەبێت لەدەسەلاتدا" مەرگ هەموو ڕۆژێک دەرگای ماڵمان دەگرێت و بەکۆمەڵ لاوانمان لەناو دەبات و چرکە ساتەکانی شەڕی ناوخۆ کاتژمێرەکانی مەرگی لاوان دەژمێرێت.

پێویستە یادی 31ی ئاب بکرێتە بۆنەیەک لە کارەساتەکان" تا دوولایەنی دەسەڵاتدار بەخۆیاندا بچنەوەو ئەم یادکردنەوانە ببێت بەبەربەست بۆ دووپات نــەکردنەوەی ئەو شەڕە خوێناوییەی زیاتر لە 36 هەزار مرۆڤی بێتاوان کوژران و بێسەروشوێن کران.

لە پاش ڕوداوەکانی شەڕی براکوژی و  ڕێککەوتنی پارتی و یەکێتی لە واشنگتۆن" هەرێمێکی تەواو نادیموکراس و حکومەتێکی ناتەندروست بوونی هەیەو مافی تاکیان قۆرخکردوە" بەهۆی جیاوازی خزمەتگوزاریی ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی پارتی و یەکێتی و  ململانێیی سیاسیانەوە جیاوازی هەیەو درک بەوەدەکرێ هێشتا لە شەڕی ناوخۆدان" تا ئێستاش زۆرێک لە دیلەکانی شەڕی ناوخۆ لەزینداندان یان بێسەروشوێنن، لە کۆتایی مانگی ئابی هەموساڵێک کولاندنەوەی برینی خێزانەکان دوپات دەبێتەوەو یادی ئەم کارەساتە دەکرێتەوە.

شەڕی چەکداریی (براکوژی) لە ساڵانی 1994 تا 1997 لە نێوان پارتی و یەکێتیی ڕوویدا و بووە ھۆی گورزێکی دوژمنگەرایی بەھێز لە ناو کۆمەڵگەی باشوری کوردستان و پەروەردەیەکی دژوارو ململانێی سیاسی نەوەکانمانی بە لاڕێدابردوە، لە شەڕی ناوخۆدا بەکۆی گشتی زیاتر لە 36هەزار هاوڵاتی کوژران‌و بێسەروشوێنکراون.

ڕێکەوتننامەی ئاشتی واشنگتۆن لە 17ی ئەیلوولی 1998 بەئامادەبوونی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئۆلبرایت لە نێوان جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی ئیمزاکراو  کۆتایی پێھات  بەڵام ئازارەکان هێشتا ساڕێژ نەبوون،  دەیان دایک  هێشتا لە چاوەڕوانی کوڕو هاوسەرەکەیدایە بەدیداریان شادبنەوە.

بەهۆی شەڕی ناخۆ هەیكەلی سیاسی و ئیداری کورد لەکەدار دەبیندرێت و جیازی کوردبون و پارێزگاری گەل و سەروەرییەکان چەقبەستو ماونەتەوە. ئەوەیش وایکردوە پێشنیاز بکرێ ڕۆژی 31ی ئاب بە خیانەتی نیشتمانی هەژماربکرێت و بکرێتە ڕۆژێکی تایبەت‌و یادبکرێتەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی