کاتێک دروستنەبونی کابینە خۆی دەبێتە جۆرێک لەسیستەمی حوکمڕانیی
"ئۆپۆزسیۆن؛ دەرفەتێکی زێڕینی لەبەردەمدایە، ئەگەر عاقڵمەندێک کۆیان بکاتەوە"
بێبەها کردنی دامەزراوەکان
خەریکە دروست نەبوونی کابینە حکومەت خۆی دەبێتە جۆرێک لە سیستەم، ئەمەش لوتکەی ئەم دۆخە مەترسیدارەیە کە بووەتە هەڕەشە لەسەر خودی پێگەی دەستووری هەرێمی کوردستان، لەمەشدا بارتەقای پارتی و یەکێتی، هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان بەرپرسیاریەتییان دەکەوێتە سەرشان، هاودەم هێشتا دەرفەتێکی زێڕینیان لەبەردەم دایە ئەگەر عاقڵمەندێک لەدەوری پڕۆژەیەک کۆیان بکاتەوە.
لەدوای یەکەم خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، هەڵبژاردنەکانی دواتر هیچ کامیان لە وادەی قانونی خۆیدا بەڕێوە نەچوون، بەڵکو خەریکە ئەم هاوکێشە سیاسییە بەڕاست وەرگەڕێ تا ئەو دەمەی پارتی و یەکێتی ڕەزامەند نەبن هەڵبژاردن ئەنجام نادرێت، هەروەها تا ئەودەمەی ئەم دوو هێزەش ڕەزامەند نەبن و بەرژەوەندییەکانیان پارێزراو نەبێت، ئەوا حکومەتیش دروست نابێت!
هەڵبژاردنی خولی پێنجەم لە 30ـی ئەیلولی 2018 ئەنجامدرا، کابینەی حکومەتیش لە 10ـی تەمموزی 2019 دەستبەکار بوو، واتە دوای نۆ مانگ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن. کەواتە خەرقی قانون بووەتە بەشێک لە کلتووری سیاسی پارتی و یەکێتی.
دەبوو هەڵبژاردنی خولی شەشەم لە 30ـی ئەیلولی 2022 ئەنجام بدرێت، کەچی لە 20ـی تشرینی یەکەمی 2024 ئەنجامدرا، واتە دوو ساڵ و 20 ڕۆژ دواتر، ئەمەش دوای درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمان لەلایەن پارتی و یەکێتی بۆ ساڵێک و پێ نانە ساڵی دووەمی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، بەڵام بڕیارێکی دادگای باڵای فیدڕاڵ دەرگای پەرلەمانی داخست و پارتی و یەکێتی ناچار کرد بەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەنجامبدەن، ئەگەرنا ئەوان کە نەبوونی کابینەی حکومەتیان کردووە بە سیستەمی حوکمڕانی کەی باوەڕیان بە هەڵبژاردنی پەرلەمان هەیە تاوەکو کار بە دەرئەنجامی هەڵبژاردن بکەن؟
کابینەی نۆیەم؛ لە 10ـی تەمووزی 2019 دەستبەکار بووە، لە تەمووزی 2023 ماوەی قانونی تەواو بووە واتە دوو ساڵ و 10 مانگە کاربەڕێکەرە، مێش میوانی نییە!
مەبەستم لە بیرخستنەوەی سەرەوە دوو خاڵە، یەکەمیان؛ دواخستنی هەڵبژاردن و پێکهێنانی کابینەی حکومەت بووەتە نەریتێکی سیاسی لای پارتی و یەکێتی، چونکە لە بنەڕەتدا هەردووکیان باوەڕیان بە هەیکەلیەتی دامەزراوەی حکومەتی هەرێم نییە، بەڵکو ئیدارەی هەرێمیان بە نەبوونی کابینە بەڕێوە بردووە، بۆ ئەمەش دەیان نمونەی زیندووی قسە و لێدوانەکانی خۆیان هەن لەسەر ئاستی سەرۆکوەزیران و وەزیرەکان. دووەم؛ خەریکە دواکەوتنی کابینەی دەیەمیش کە 21 مانگ بەسەر هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان تێدەپەڕێت، بەلای پارتی و یەکێتی پرسێکی ئاساییە، چونکە لە بنەڕەتدا نەبوونی کابینە خۆی بووەتە سیستەم و، بوون و نەبوونی کابینەیەکی قانونی هەڵبژێردراو لەلایەن پەرلەمانەوە هیچ لە واقیعی سیستەمی نەبوونی کابینە ناگۆڕێت.
پارتیو یەکێتیی، چونەتە دوڕیانێکەوە نە دەتوانن لێی دەرچنو نە دەشتوانن پاشەکشە بکەن
ئەگەر لەکابینەکانی پێشووتر جۆرێک لە نەرمی نواندن هەبوو بێت لەنێوان پارتی و یەکێتی بۆ دروستکردنی کابینەی حکومەت، ئەوا دوای دەستبەکاربوونی مەسرور بارزانی وەک سەرۆکوەزیرانی کابینەی نۆیەم و تا ئاستێکی زۆریش بڕیار بەدەستی یەکەمی پارتی، هەروەها لەناو یەکێتییش دوای کودەتاکەی بافڵ بەسەر لاهور، ئێستا لەناو هەردوو حزب قسەی یەکەم و کۆتایی قسەی بافڵ و مەسرورە، ئەوانی دیکە لە مەکتەب سیاسییەوە بۆ خوارەوە وەکو من و تۆ بینەری مەشهەدەکەن نەک بڕیار بەدەست!
ئەم هاوکێشە نوێیە، وایکردووە نەبوونی کابینە ببێتە سیستەمێکی چەسپاوتر و بینراوتر لەچاو پێشووتر، لەمەشدا تاکە لایەنێک کە زیانی گەورەی کردبێت ئەوا میللەت و خەڵکە، بۆیە ئەمە دەرفەتێکی زێڕینی هێناوەتە پێشێ بۆ دروستبوونی بەرەیەکی ئۆپۆزسیۆن.
پارتی وەها لە دۆخەکە دەڕوانێت کە کۆنتڕۆڵی دامەزراوەکانی حکومەتی بەدەستە و ئەمەش لە قازانجی ئەوە. چونکە حکومەتی کاربەڕێکەر بە قانون نابێت ماوەکەی لە مانگێک یان تاوەکو سنوورێکی دەستووری و قانونی زیاتر بێت، بەڵام وادەچێت بۆ سێ ساڵ و دۆخەکەش "ئاساییە".
پارتی پێیوایە حکومەتی کاربەڕێکەر لەبەرژەوەندی ئەودایە بەوەی دۆسیەی ئابووری، ئاسایش و پەیوندییە نێودەوڵەتییەکانی بەدەستە، ئەمەش وەک حکومەتی دیفاکتۆی سەپێنراو دەبینێت.
هەرچی یەکێتیی نیشتمانییە، لەگەڵ ئەوەی زیانی کردووە ئەوا هەندێک قازانجیشی کردووە. زیانەکەی ئەوەیە نەیتوانیوە وەک هێزێکی ڕکابەر و هاوسەنگی پارتی خۆی بسەپێنێت، هاودەم ناشتوانێت لە یارییەکە بێتە دەرەوە چونکە دەزانێت ئەگەر بە تەواوەتی لە حکومەت دابڕێت ئەوا زیانەکەی لەڕووی سیاسی و دەسەڵات و دارایی و دامەزراوەییەوە گەورەتر دەبێت، لە مانەوەشدا قازانجی کردووە.
بۆیە پارتی و یەکێتی دەزانن ناتوانن بە تەواوەتی یەکتری بشکێنن، ناشتوانن بە تەواوەتی هاوبەش بن، ئەمەشە وایکردووە سیستەمەکە لە هاوبەشی دەسەڵات بگۆڕدرێت بۆ ڕاگرتنی هاوکێشەکە.
پارتی و یەکێتی ئەمە باش دەزانن گرنگتر لە پێکهێنانی کابینەی دەیەم دابەشکردنی خودی وەزارەتەکانی ناوخو و نەوت نییە، بەڵکو کێشەکە لە دۆسیەی ئاسایشە کە کێ بەڕێوەی دەبات و چۆن بەڕێوە دەچێت، بەهەمان شێوە بۆ دۆسیەی نەوت، بۆ پرسی داهات، بۆ گومرگەکان، لەسەرووی هەموویانەوەش ناوچەی نفوز.
بۆیە ئێمە لەبەردەم ئەم پرسیارەین " ئایا سیستەمی سیاسی هەرێم هێشتا دەتوانێت خۆی وەک سیستەمێکی پەرلەمانی پیشان بدات، یان بووەتە مۆدێلێکی دابەشکراوی دەسەڵات لەنێوان دوو هێزی سەرەکی؟" نەک دروستبوونی کابینەی دەیەم، ئەمەشە وایکردووە زۆر کەس هەست بکات هەڵبژاردن و پەرلەمان گۆڕانکاری بنەڕەتی دروست ناکەن، چونکە ناوەڕۆکی هاوکێشەکە لە دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکان چارەسەر دەکرێت.
هەرێمی کوردستان زۆر دوورکەوتۆتەوە لە مۆدێلی پەرلەمانی کلاسیکی وەک وڵاتانی دیکە، زیاتر بەرەو "هاوبەشی دەسەڵات" یان مۆدێلی "power-sharing یان consociational system" دەچێت لەنێوان دوو هێزی سەرەکی.
چونکە لە سیستەمی پەرلەمانی ئاساییدا؛ زۆرینە حکومەت پێکدەهێنێت، ئۆپۆزسیۆن چاودێری دەسەڵات دەکات، دەسەڵات دەستاودەست دەکرێت، دامەزراوەکان لە حزب بەهێزترن. بەڵام لە هەرێم، حزب لەسەرووی هەموو شتێکە، ڕێککەوتنی نێوانیان لە دەستوور و قانون زاڵترە، دامەزراوە حزبییەکان لە دامەزراوەکانی حکومەت بەهێزترن، زۆرینەی پەرلەمانی بڕیار نادات.
بۆیە کاتێک ناکۆکی لەنێوان پارتی و یەکێتی دروست دەبێت، تەواوی سیستەمەکە دەوەستێت، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کە سیستەمی دیموکراسی و پەرلەمانی نییە، چونکە هێشتا هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت، پەرلەمان هەیە، حکومەت بە فەرمی لە پەرلەمان متمانە وەردەگرێت، میدیا و ئۆپۆزسیۆن تاڕادەیەک هەن، بەڵام زیاتر شکڵی و فۆڕمن و شۆڕ نەبوونەتەوە بۆ ناوەڕۆک.
هەموو ئەمانە هەرێمی کوردستانی بردۆتە بەردەم دوو مۆدێل، سیستەمێکی پەرلەمانی لەڕووی فەرمییەوە، سیستەمێکی دابەشکراوی دەسەڵات لەنێوان پارتی و یەکێتییەوە لەڕووی واقیع و کاریگەری هێزەوە.
کێشەکە ئەوەیە؛ ئەم مۆدێلە نە تەواو دیموکراسییە تاوەکو کیشەکان لەسەر بنەما دیموکراسییەکان چارەسەر بکرێن و نە تەواو هاوبەشییە تاوەکو بە میکانیزمی قانونی دەستووری وەک مۆدێلی لبنان و بەلجیکا، ئیدارەی ململانێیەکان بدرێت. بەڵکو لە هەرێم زۆرینەی شتەکان بەپێی "هێز و ڕێکەوتنی سیاسی" چارەسەر دەکرێن نەک دامەزراوەکان!
کاتێک دەسەڵات چاکسازی یەکسان دەکات بە مەرگی خۆی!
ئەگەر من و تۆ، تەنانەت کاسبکارێکی ناو بازاڕیش بزانێت کێشەکان چین و هەنگاوەکانی چارەسەر و چاکسازی تێیاندا چیین، ئەوا پارتی و یەکێتی باشتر ئەمە دەزانن، کەواتە پرسیارەکە ئەوەیە بۆ کێشەکان چارەسەر ناکەن و چاکسازی ناکەن؟
پارتی و یەکێتی زۆرباش دەزانن؛ چاکسازیی ڕاستەقینە دەبێت دامەزراوەکان بەهێز بکات، یاسا لەسەر حزب زاڵ بکات، ئاسایش و ئابووری و داهات بخرێتە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەت، سنووری دەسەڵاتی بنەماڵەکان دیاری بکات.
بەڵام ئەمە بە مانای ئەوەیە: بەشێک لە دەسەڵاتی مێژوویی خۆیان لەدەست بدەن، بۆیە کێشەکە تەنیا سیاسی نییە؛ ئابووری و تۆڕی بەرژەوەندییە. واتە؛ دامەزراوە، گرێبەستەکان، بازرگانی، ئاسایش، گومرک، مووچە، تەنانەت پەیوەندی دەرەکییەکان هەمووی بەتۆڕێکی دەسەڵاتی حزبی گرێدراون.
لەزۆر سیستەمە ئوتۆکراتی یان نیمچە-دیموکراتییەکاندا، هێزی دەسەڵات ترسی لە"نەناسراوی دوای چاکسازيی" هەیە، نەک خودی چاکسازییەکە، یان بە واتایەکی تر "هەمووان دەزانن دۆخەکە خراپە، بەڵام لەوە زیاتریش لە گۆڕان دەترسن".
بۆیە پارتی و یەکێتی ئەوە باشتر لە من و تۆ دەزانن کە چاکسازیی ڕیشەیی کاتێک ئەنجامی دەدەن کە فشارێکی گەورەی ناوخۆیی دروست بێت (تاوەکو ئێستا ئەم فشارە نییە)، قەیرانی ئابووری بگاتە ئاستی مەترسیدار (هێشتا بەهۆی دابەسکردنی مووچە نەگەیشتۆتە ئاستێکی مەترسیدار و مووچە بووەتە موسەکین)، یانیش هاوکێشەی ناوچەیی بگۆڕێت کە ئەمەش هێشتا ڕووی نەداوە ئەگەرچی خەریکبوو لە ئێران ڕووبدات.
بۆیە پارتی و یەکێتی کە خولقێنەری ئەم دۆخەن زۆر حەز بە "قەیرانی بەڕێوەبردراوی کۆنتڕۆڵکراو" دەکەن، نەک "قەیرانی تەواو چارەسەرکراو" کە هەندێکجار ئەمەیان بەمانای گۆڕینی هاوکێشەی دەسەڵات دێت.
ڕۆڵی تورکیاو ئێران
کە ئێمە باسی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی دەکەین، بێگومان نابێت ڕۆڵی ئێران و تورکیا بە باش و خراپییەوە نادیدە بگرین.
بێگومان تورکیا و ئێران بەرژەوەندی گەورەیان لەناوخۆی هەرێمی کوردستان هەیە، شاراوەش نییە کە تورکیا پاڵپشتی پارتی و ئێرانیش پاڵپشتی یەکێتی دەکات.
تورکیا و ئێران، لەگەڵ ئەوەی حەزیان بە هەرێمێکی تەواو بەهێز و یەکگرتوو نییە، بەهەمان ئەندازەش حەزیان لە تێکچوونی ئەم دۆخە نییە، بۆیە بۆ ئەوان وەها باشترە کە هەرێمێکی کۆنتڕۆڵکرا، پێشبینیکراو کە چ هەنگاوێک دەنێت، دابەشکراوی سیاسی هەیە، چونکە بۆ ئەوان ئاسانترە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵیدا.
تورکیا؛ لە هەرێمی کوردستان زیاتر گرنگی بە ئاسایشی سنوورەکەی دەدات، گرنگی بە دۆسیەی پەکەکە و بازاڕی نەوت دەدات. هەرچی ئێرانە؛ گرنگی بە نەهێشتنی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان، کاریگەری لەسەر عێراق، نەبوونی بلۆکی سیاسی دژ بە تاران دەدات.
بۆیە پێش ئەوەی تورکیا یان ئێران حەزیان لە دۆخێکی ناسەقامگیر بێت، ئەوا خودی سیستەمی سیاسی هەرێم بە شێوەیەک دروستکراوە کە لە بەرژەوەندی هێزە سەرەکییەکان دایە "کۆنترۆڵی سیستەم" نەک "گۆڕینی سیستەم". بەڵام ئەگەر ناوخۆی هەرێم ئیرادەی سیاسی بەهێز بۆ دامەزراوەسازی هەبێت، ئەوا تورکیا و ئێران ناتوانن بەری پێبگرن و ببن بە ڕێگر. کەواتە ڕۆڵی ئەوان وابەستەیە بە خواستی پارتی و یەکێتی بۆ مانەوەیان لە دەسەڵات و درێژەپێدانی کابینەی حکومەت لە دەرەوەی سیستەم.
ئەمریکا.. بۆ گوشار ناکات؟
ڕەنگە ئەمە پرسیارێک بێت لە زیهنی هەموومان کە ئەمریکا بۆ گوشارێک ناکات کە دەزانن دامەزراوە قانونیەکان بەراورد بە حزب تەواو لاوازن، دەزانێت گەندەڵی هەیە، دەزانێت دەسەڵات بەشێوەیەکی حزبی دابەشکراوە، دەزانێت سیستەمەکە لەڕووی دیموکراسییەوە زیاتر شکڵییە و.. دەزانێت دەزانێت دەزانێت، هەموو شتێک دەبینێت و دەزانێت، بەڵام بۆ قسە ناکات؟
ئەمریکا پەیڕەوی خاڵێک دەکات کە لە سیاسەتی نێودەوڵەتییدا هەمیشە جێی بایەخە، ئەویش سەقامگیرییە. بەڵای ئەمریکا، سەقامگیری گرنگترە لە دیموکراسییەتێک کە فەوزایەکی نادیاری بەدوادا بێت. یانی بەرژەوەندی ئەمریکا لەوەدایە کە هەرێمی کوردستان سەقامگیر بێت باشترە لەوەی هەنگاو بەرە دیموکرسیەتێک بنێت کە ناسەقامگیری بخوڵقێنێت.
ئەمریکا، بەلایەوە گرنگە هێشتا هەرێمی کوردستان سەقامگیرترە لە بەغدا، زیاتر لە بەغدا هاوپەیمانی ڕۆژئاوایە، هێزی پێشمەرگە هاوکارییان دەکات، لە قەیرانە ناوچەییەکاندا هاوبەشێکی پێشبینیکراوە.
بۆیە ئەوانە لەنێوان ئەوەی "ئایا هەرێم دیموکراسییە یان هەرێم دەتوانێت ناسەقامگیری دروست نەکات"، بەشی دووەمیان هەڵدەبژێرن کە ئەمەش دەچێتە نێوان گوتاری فەرمی و بەرژەوەندی ستراتیژی ئەمریکاوە، هەروەها پێیانوایە گوشاری زۆر بۆ گۆڕینی خێرا ئەگەر بەدیلێکی ئامادە نەبێت، ڕەنگە دۆخەکە خراپتر بکات.
بۆیە ئەگەر سەرنج بدەین، ئەمریکا فشار دەکات بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەم، بەڵام فشارەکەی نەرمە لە ئاست خواستی ئێمەدا نییە، هەروەها لە پشت دەرگاکانەوە فشار دەکات نەک میدیاکان، لەسەر بابەتە هەستیارەکان گوشار دەکات وەک چارەسەری پرسی مووچە، چاکسازی ئابووری، یەکخستنی هێزی پێشمەرگە، پرسی هەڵبژاردن، شەفافیەتی دارایی.
ئێمە ئەو تیمە ڕۆژنامەنووسەی لە 2023 چووین بۆ ئەمریکا، لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە بەرپرسی دۆسیەی هەرێمی کوردستانیش ئامادە بوو، هەموومان ڕەخنەمان لە دۆخی کوردستان و پرسی ئازادییەکان و دیموکراسی هەبوو، بەڵام وەڵامەکانی ئەوان باسێکی دیکە بوون، ئەگەر ئەوکات بۆ من جێی قەناعەت نەبوو بێت، ئێستا باوەڕ دەکەم کە لە نەبوونی بەدیلێکی جێی متمانە کە بتوانێت کاروانەکە بگەیەنێتە کەناری ئارام و پێشی بخات، ئەوا ئەمریکا لەنێوان "سیستەمێکی دیموکراسی" و "هاوسەنگی ستراتیژی" ئەوەی دووەم هەڵدەبژێرێت و، پێیوایە هەرێم "کێشەی بەڕێوەبردنی هەیە" نەک "قەیرانێکی قورس و شۆک هێنەر بۆ ئەمریکا"، بۆیە ئەمەش هۆکاری ئەوەیە کە جاروبار لێدوانی توند دژی هەرێم دەبیستین کە پێمانوایە ئیدی کۆتایی حوکمی پارتی و یەکێتییە، بەڵام هەنگاوی گەورەی سیاسی نابینین بۆ ئەم کۆتایی هێنانە!
دەرفەتە زێڕینەکەی ئۆپۆزسیۆن
لەدوای دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕان و چوونی هێزێکی وەک نەوەی نۆ بۆ پاڵ یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، هەروەها گفتوگۆی زەمینەسازی پێشتری لایەنەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆن، پێموایە ئێستا باشترین کات و دەرفەتە کە هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان بەرەیەکی هاوبەش پێکبهێنن.
بۆیە مانەوەی ئۆپۆزسیۆن لەم فۆڕمەی ئێستایدا زیاتر خزمەت بە پارتی و یەکێتی دەکەن، بۆیە ئۆپۆزسیۆن پێویستە سێ شت بکات، یەکەمیان؛ پێکهێنانی ئەنجومەنێک بۆ ئیدارەدان و بڕیاردان لەسەر ئاستی کەسی یەکەم، کە دەکرێت ئەنجومەنەکە خولی بێت و کەس تاسەر سەرۆکی بەرەکە نەبێت. دووەم؛ دروستکردنی هاوپەیمانی لەناو پەرلەمان، خستنەڕووی پڕۆژەی بەدیل بۆ هەموو سێکتەرەکان، دروستکردنی حکومەتی سێبەر. سێیەم؛ لەسەرووی هەموویانەوەش دەرس وەرگرتن لە هەڵە کوشندەکانی نەوشیروان مستەفا لەوەی بەشداری لە حکومەتی پارتی و یەکێتی کرد، هەروەها کەسانێکی هەل پەرستی هێنایە پێشەوە کە ئێستا هەموومان دەزانین لەکوێن!
ئەگەر لە ڕابردوو ئۆپۆزسیۆن هەڵەی کرد، بەڵام کات ماوە بۆ ڕاستکردنەوەی، دەکرێت لەم خولەی پەرلەمان بنەماکانی ئۆپۆزسیۆنێکی هاوبەش تاقیبکەنەوە و متمانەی خەڵکی ناڕازی لەم سیستەمەی پارتی و یەکێتی بە سندوقەکانی دەنگدان ئاشت بکەنەوە.
بەڵام؛ پڕۆژەی بەدیل، پڕۆژەی ساڵێک و دووان نییە، هەروەها پڕۆژەی بەشدارییش نییە لە کابینەی هاوبەشی پارتی و یەکێتی یان کابینەی پارتی یانیش کابینەی یەکێتی، بەڵکو دەبێت پڕۆژەی گرتنەدەستی دەسەڵات بێت و بۆ هەموو کایەکانیش پێشوەختە پڕۆژەی بەدیل ڕابگەیەنن و لەڕێگەی میدکانیانەوە پڕۆژەکە بۆ خەڵک ڕوون بکەنەوە.
دەبێت ئەو بەرە ئۆپۆزسیۆنە بتوانێت پێشنیاری مۆدێلێکی باوەڕپێکراو بۆ حکومڕانی، ئابووری، پەیوەندی لەگەڵ بەغدا، و چاکسازیی دامەزراوەکان بخاتەڕوو.
تێگەیشتنێکی گشتییمان لەسەر پارتی و یەکێتی هەیە، بەڵام ئەی ئۆپۆزسیۆن؟ بۆیە جێی خۆیەتی بپرسین چەندە پارتی و یەکێتی بەرپرسیارن لەوەی نەبوونی کابینەیان کردووە بە سیستەم، هێندەش ئۆپۆزسیۆن بەرپرسیارە.
ئەوانەی پێیانوایە هێزی ئۆپۆزسیۆنن لە کوردستان لەماوەی ڕابردوودا جگە لە هاشوهوشی ناو میدیا و سۆشیال میدیا بە (ڕەخنەگرتن + ئاشکراکردنی گەندەڵی + نیشاندانی کێشەکان) وەها وێنای خۆیان نیشانداوە کە دژی ئەم سیستەمەن، نەیانتوانیوە باوەڕ بە خەڵک بکەن کە ئەوان خاوەنی سیستەمێکی بەدیلن. بۆیە زۆرینەیان لە بەشی یەکەمدا کە ڕەخنەگرتن و ئاشکراکردنی گەندەڵی و نیشاندانی کێشەکانە سەرکەوتوو بوون، بەڵام لە بەشی دووەمدا کە خستنەڕووی بەدیلە سەرکەوتوو نەبوون و نەیانتوانیوە وەڵامی ئەم پرسیارە بدەنەوە "سبەی ئەگەر دەسەڵات بگرنەدەست، چی دەکەن؟"، چۆن "هێزی پێشمەرگە ڕێکدەخەنەوە، چۆن مووچە دابین دەکەن، چۆن پەیوەندی لەگەڵ بەغدا ڕێکدەخەن، چۆن لەگەڵ تورکیا و ئێران مامەڵە دەکەن، چۆن لەگەڵ ئەمریکا و ئەوروپا مامەڵە دەکەن؟ چۆن لەگەڵ دۆسیەی نەوت و گاز مامەڵە دەکەن؟ چۆن لەگەڵ مەرزەکان مامەڵە دەکەن؟".
بۆیە دەبینین ئۆپۆزسیۆن زمانی ڕەخنەی هێندە درێژترە، زۆر زۆر کەمتر فۆکەسیان کردۆتەسەر پڕۆژەی گرتنە دەستی دەسەڵات، تەنانەت وێنایەکیان دروستکرد کە ئەوان دەیانەوێت پارتی و یەکێتی ڕاماڵن نەک ببن بە پڕۆژەی بەدیل.
ئەنجامەکانی دەنگدان و هەڵبژاردن تاکە شتێک کە لە هەموو هەڵبژاردنەکاندا دووپاتە دەبێتەوە، بایکۆتی خەڵک و نەچوونە بۆ سەر سندوقەکانی دەنگدان. ئەمەش بە کەمترین ئاماژە نیشانەی ناڕەزایەتییە بەرانبەر دەسەڵات (پارتی و یەکێتی) هەروەها نەبوونی متمانە بە ئۆپۆزسیۆنێکی بێ ڕوئیا و بێ پڕۆژەی بەدیل.
لەهەڵبژاردنی ئەمجارە ڕێژەی 28%ی خەڵک دەنگیان نەدا، هەڵبژاردنی پێشووتریش ڕێژەی %40 دەنگیان نەدا، ئەگەر ئەم ڕێژانە کۆبکەینەوە لەگەڵ ژمارەی دەنگەکانی ئۆپۆزسیۆن بێگومان دەبن بە زۆرینە، بەڵام پەرتەوازەیی ئۆپۆزسیۆن لە جێگەی ئەوەی ببێت بە فریادڕەس بۆ خەڵک، هێندەی دیکە هەم خەڵکی بێ هیوا کردووە بەوەی ناتوانن هیچ شتێک بگۆڕن جگە لە گیرفانی خۆیان، هەمیش ناتوانن ببن بە هێزی گوشار بەسەر دەسەڵاتەوە.
دەبێت ئۆپۆزسیۆن لەوە تێبگات هێشتا دەرفەت ماوە لەسەر بنەمای وەلانانی کێشە شەخسییەکانیان و کۆدەنگبوون لەسەر خاڵە هاوبەشەکان بۆ ڕاگەیاندنی پڕۆژەی بەدیلی دەسەڵات. لەمە بترازێت، هیچ جموجۆڵێکی تر ناتوانێت ببێتە هێزی گوشار و هیوای خەڵک بۆ گۆڕانکاری.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی