ئەی کوردستان ! من دەزانم ئەوە سەد ساڵ زیاترە هیچ نەما لەگەڵ تۆی نەکەن….ئەم
خاکە هی کێیە ؟! پاڵەوانی سپی پێست دەپرسێت ، هیندیە سوورەکەی گەلی «ئۆسیدج » لە ئۆکلاهۆمای
ئەمەریکا وەڵامدەداتەوە ، خاکی منە !! بەڵام سپیی پێست لەگەل دەرکەوتنی نەوت لەناوچەکەدا
هەوەس و چڵێسی و ڕەگەزپەرستی ورووژاندویەتی و مەسەلەکە یەکلابۆتەوە کە ئەوە خاکی
«ئەو » دەبێت ، هەندێک لە کوڕانی ئۆسیدج گوولەباران کران و ، هیندیە سوورەکان قڕکران….کوردستان
! من دەزانم چ دۆزەخێک وەک هیندیە سوورەکان
دایانبەزاندە سەرت کە وێنەی نەبووە و
هاوارەکان بۆشایی ئاسمانی دەتەقاندەوە و دووچاری سزای بەکۆمەڵ-یان کردی سزای بەکۆمەڵ
یەکێکە لە دڕندترین سزا کە مێژوو بەدرێژایی سەردەمەکان ناسیویەتی ، بەڵام نەیاتوانی
قڕت بکەن ، ئەی دەرختە بەڕووە خەمناکە ڕەگداکوتاوەکە ، کێ دەتوانێت روحە مەزنەکەت
بۆ بگەڕێنێتەوە !! ئەی کوردستان من دەزانم ڕێگاکە بە تەقەمەنی بۆمبڕێژ کراوە ، دەزانم
بەچاوی سیخوڕەکانی سنووربڕ چاودێری دەکرێیت ، کوردستان ! ناونیشانەکەت وەک خۆی نەماوە
، هەروەکچۆن چاوە جوانەکانت لە ڕەنگی سەوزی چیا و کێلگە و میهرەبانیەکەت کردیانە ڕەنگی
بیابان ، کوردستان لە هەموو شوێنێک بەدوای تۆدا دەگەڕێن ، ماوەیەکە وایانلێکردی خۆت
حەشاردەی و ئێمە ئێستا لەحالەتێکی خەمناکدا دەژین ، وڵاتە زلهێز و دەوروبەرمان پێیانڕاگەیاندین
کە ئێوە بێ«دایک»ن و ، داوای لێبوردنیان کرد بۆ یارمەتیدانمان و ، پێیانگوتین ئەوە
ئێوە بوون ئەو دایکە جوانەتان ناچارکرد لەبەرچاوان وونبێت و ، ئێوە قوربانی دەستی یەکترین
و ئێمە خەتابار نین ، ئەو دابەشبونەتان گەورەترین پاڵپشتیە بۆ پڕۆژەی دوژمنەکانتان
، ئەوەتا ئێستا نرخەکەی دەدەن…کوردستان من دەزانم ئەو لەبەرچاوکەوتنەی تۆ بە ویستیی
تۆ نیە بەڵکە ناچاریان کردی ، پەنجە مۆرەکانت لێرە و لەوێ پەرشوبڵاون و شوێن پێ و
پێڵاوەکانی بەرپرسانت لەگەڵ تایبەتمەندی شەهید و قوربانی و بەرپرسانی ئەوان ڕۆژان
ناگونجێن ! وایانلێکردی بەڕۆژی ڕوناک لەبەردەم خزم و کەسوکار و دۆستان لە لایەن
دوژمنانی چاڵدێران و کۆڵۆنیالیزمی بەریتانی تۆیان ڕفاند و لەتیان کردی و ، هەر لەوکاتەوە
تا ئێستا پلانەکان نوێدەکرێنەوە و تەکتیکەکان دەگۆڕێن و ڕەنگی دەمامکەکان دەگۆڕێن
، هەر لایەک وەک غەنیمە بەلای خۆیدا ڕادەکێشێت ، ئەی کوردستان ! ئەوە سەد ساڵ زیاترە
دووچاری گەورەترین دزیی لە مێژووی مرۆڤایەتیی بویتەوە «خاکەکە و ناوەکەیان» دزی «ڕوخسار»یان
دزی ، «کلتوور و گۆرانیەکانیان» دزی ، «ئاو و سەرچاوەکانیان» دزی «خۆشیی لە چاوی
منداڵەکانیان» دزی ، ئێستا تۆ «کوردستانەکەمان» نیت کە پێشتر دەمانناسی و ، ئەو
کوردەی جارانیش نیت کە ژینیی سووکایەتی و زەلیلیی پێ قبوڵ نەدەکرا ، وەرە بڕوانە
کاربەدەستانت چۆن لەبەردەم تڕۆلەیەکی شروگی
نەدیتکە چۆک دادەدات و شکستخواردوانە بە ملشۆڕی دەستپاندەکەیتەوە و شکۆی بۆ هیچ شتێک
نەهێشتۆتەوە ، کە دەبا ئەوان دەیان جار داوای لێبوردنیان لێکردبای و قەربووی ئەو هەموو
قوربانی و دزیی و ماڵوێرانیانەیان کردباوە وەک ئەوەی ئێستا بۆ چەندین وڵاتیان
کردووە ، ئەی کوردستان بە شکۆ و یەکڕیزیەوە
بگەڕێوە بۆمان لەو چرکەساتە گرنگەدا بەجێمان مەهێڵە ، هیچ نیشتیمانێکمان نیە جگە لەتۆ
نەبێت .
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی