بەشی دووەم
بەدرێژایی مێژوو لەهەموو سوچ وقوژبنێکی دونیادا دەسەڵاتی سیاسی کەوتۆتە دەست بنەماڵەکان، جا ئەوە پادشا بوبێت یان سوڵتان، ئیمپراتۆر یان شۆگۆن، یان خەلیفە، کەهەمویان لەسەر بنەمای خوێن یان هاوسەرگیری بوبێت، لەم جۆرە سیستمە نادیموکراسیەدا دەسەلات لەباوکەوە دەگوازرێتەوە بۆ یەکێک لەمنالەکانی یان نەوەکانی، تائێستاش ئەم سیستمە ماوە لە رژێمە ستەمکارەکاندا چونکە سیستمی حزبایەتیکردن و میکانیزمی دەستنیشانکردنی سەرکردە لەو وڵاتانەدا لاوازەو دەسەڵات هەر لەلای بنەماڵەی حوکمڕان دەمێنێتەوە.
ئەوەی وادەکات کورانی بنەمالە زوو پێش بکەون و بێنە پێشەوە ئەوەیە سیستمی حزب لاوازە، دەرفەتەکان بۆ ئەوانی تری دەرەوەی بنەماڵە سنوردارە، توانای دەسەڵات و ئابوری لای ئەوانە، حزب توانای پێشبرکێی تێدا نەماوە، حزب لەجیاتی ئەوەی سەرکردەی بەهێز پەروەردە بکات سەرکردەکانی خۆی لاوازدەکات و بەهێزەکان دوور دەخاتەوە لەبەرامبەر ئەندامانی بنەماڵە سیاسیەکان.
تەنانەت ئەوکاتەی هەڵبژاردنیش دەکرێت ئەوبنەماڵانە توانای مانەوەی هەیە چونکە بەتەواوەتی دەستیان گرتوە بەسەر داهات و هێزی ئەمنی وپەیوەندیەکاندا، پەرەسەندنی دیموکراسی و نوێنەرایەتی لەرێگەی هەڵبژاردنەوە وەک پرەنسیپێک توانی تەوریسی سیاسی نەهێڵێت، بەڵام هێشتا مەسەلەی بوونیی بنەماڵەی سیاسی لەناو سیاسەتدا ماوە.
لە وڵاتانی دیموکراسیدا بنەماڵەی سیاسی هەن، بەنمونە جۆرج بۆش،هێلاری کلنتن لەئەمریکا ، جاستن ترۆدۆی سەرەک وەزیرانی کەنەدا، پارک کۆن هیە سەرۆکی کۆریای باشور، ئابی شینزۆ لە ژاپۆن، سۆنیا وراهۆڵ گاندی لە هیندستان، سەرۆک وەزیرانی پێشوی بەلژیکا....سیاسەتی بنەماڵەیی واتای ئەوەیە کە دەسەڵاتداران پەیوەندی خوێنیان هەیە یان هاوسەرگیریان لەگەڵ کەسێک کردوە کەپێشتر لە دەسەڵاتدا بوە، مناڵی سیاسیەکان، نەوەکانیان، هاوسەرەکانیان، هاوسەری کورو کچەکانیان(زاوا).
لە وڵاتە دیموکراسیەکاندا سیستمێک هەیە کە رێگەیان پێ نادات کاری بنەماڵەیی و خزمایەتی لە دەسەڵاتدا بکەن و دیموکراسی بخەنە مەترسیەوە. بەلام لە بەشێکی ولاتانی ئاسیا کەسیستمەکە دەستکراوەی کردوون رووبەرێکی یەکسان و دادپەروەرانە نادەن بەوانی تر تابەشداری پێشبرکێ وململانێکان بکەن...
ساڵی 2014 ئەندۆنیزیا لەحوکمی بنەماڵە رزگاری بوو، کاتێک جۆکۆ ویدیدۆ هەڵبژیردرا بە سەرۆک کەلە نوخبەی سەربازیەوە نەهاتبوو، لەبنەماڵەی سیاسیش نەبوو، بەڵام ئێستا پاش 10 سال ئەویش تاوانبار دەکرێت بە خزمایەتیکردن و ویرانکردنی دیموکراسی، هەربۆیە لەم رۆژانەدا ئەندۆنیزیەکان خۆپیشاندانی گەورەیان ئەنجامدا لەبەرئەوەی یاسای هەڵبژاردنی گۆڕیوەو رێگا خۆش دەکات بۆئەوەی کوڕە بچوکەکەی بەشداری هەڵبژاردنی مانگی تشرینی دووەمی داهاتوو بکات وەک کاندیدی سەرۆکایەتی، لەیاساکەدا نابێت کاندید تەمەنی لەچل ساڵ کەمتر بێت و کوڕە بچوکەکەی تەمەنی 36 ساڵە، بەڵام یاساکەیان گۆڕیوە تا ئەو بتوانێت خۆی هەڵبژێرێت..
دەست بەسەراگرتنی دەسەلات لەلایەن بنەماڵەکانەوە بەردەوام دەبێتە هۆی ئەوەی نایەکسانی هەبێت و دەرفەت بۆ کەسانی سیاسی تر کەم دەبێتەوەو سەرۆک و جێگران هەردەبێت لەبنەماڵە سیاسیەکان بن، جونکە ئەوان دەرفەتی خویندنی بەرزیان لە زانکۆ گرنگەکان هەیە، بۆ نمونە ساڵی 2023 سەرکردەی دیرینی بەناوبانگی کەمبۆدیا هۆن سین دەسەڵاتی بەخشیە هۆن مانێت ی کوڕی کە لە زانکۆی بریستۆل خوێندنی تەواو کردوە...
بەم دواییانە کۆنگرێسی فیلیپین رێگەی نەدا بە پەسەندکردنی یاسایەک بۆ رێگەگرتن و سنوردارکردنی بنەماڵەیی لەسیاسەتدا، چونکە لەساڵی 2001وه چوار سەرۆک هەڵبژیراون کە هەمویان لەبنەماڵە سیاسیەکان بوون، بەگویرەی لێکۆڵینەوەیەک کە ساڵی 2022 کراوە 80%ى ئەندامانی کۆنگرێس لەو وڵاتە سەر بەبنەماڵە سیاسیەکانن.
ماویەتی....
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی