بەرەو هەڵبژاردنێکی جیاوازو کەمپینێک بەزمانی گوڵ‌و زمانی نیشتیمانی

21/09/2024

سلێمان مستەفا حەسەن

بۆ دەبێت بەرەو ناوەندەکانی دەنگدان بڕۆین‌و دەنگبدەین؟ بۆ متمانەمان بەهەڵبژاردن هەبێت؟، پەرلەمان چ سودو خێرێکی هەیە؟، هەڵبژاردن چی لەژیانمان دەگۆڕێت؟، هەڵبژاردن چی لەسیستەمی حوکمڕانی دەگۆرێت؟

دڵنیام ئێوەی خوێنەریش دەیان پرسیاری هاوشێوەتان هەیە، بەڵام گەر تۆزێک بگەڕێینە دواوە، بەهێواشی‌و ئەقڵانی شرۆڤە پرسیارەکان بکەین، شرۆڤەیەک دوور لەلایەنگیری ئەم‌و ئەو، دوور لە بەرژەوەندی تەسکی حزبایەتی، دوور لە هەڵپە و هات و هاواری پۆپۆلیستانە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ خولی شەشەم جیاواز دەبێت بۆ یەک بە یەکی تاکی کورد و کوردستانی، لەئەنجامی ئەزموونکردنی پرنسیپەکانی دیموکراسی بەهەڵە، کۆمەڵێک پرس قوتبۆتەوە ناکرێت خۆمانی لێ نەبان بکەین و نادیدەبیگرین، بۆیە دەبێت لە پێش هەموو شتێکدا بە ڕاشکاوی دان بەهەڵەکاندا بنێین، هەڵبژاردن بکرێتەوە وێستگەی هەستانەوەو گێڕانەوەی متمانە لە نێوان حزبەکانی هەرێمی کوردستان و هاولاتیان، دەبێت گۆڕەپانی کەمپەینی هەڵبژاردن بکرێتە سەکۆی دیالۆگی پڕۆژە و دنیابینی ئەزموونی دوای 32ساڵ ئەزموون و هەڵەکردن، ئەم هەلە بکرێتە دەرفەت بۆ دەستەبەرکردنی مافە دەستوریەکان وچارەسەرکردنی کێشەو گرفتەکان لەگەل حکومەتی ئیتتحادی بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و خزمەتگوزاریە بنەڕەتیەکان و پێکەوەژیان و پێچانەوەی دۆسیە ڕەش و خۆخۆریەکان، هەڵدانەوەی لاپەرەیەکی نوێ، لاپەرەی بەئاگا هاتنەوە و بنیاتنانەوە، لاپەرەی سەروەری یاساو سەروەری مرۆڤ و کوردایەتی‌و سیستەم‌و دامەزراوە نیشتیمانیەکان.

ئەم هەڵبژاردنە جیاوازە و ئەرکی گران و جیاواز دەبێت، چونکە دوای هەڵە کوشندەکان ئەم هەڵبژاردنە ئەنجامدەدرێت، دوای دروستبونی بۆشایی یاسایی و حوکمڕانی بێ ئەزمون دەکرێت.

ئەم هەڵبژاردنە جیاواز دەبێت چونکە لەم هەڵبژاردنەدا کۆمەڵێ داخوازی بنەرەتی  جەماوەر و حیزبەکان و رێکخراوەکان بەدیهێنراون بۆ ئەوەی بەرەو سندوقەکانی دەنگدان برۆین؛ لەوانە تۆماری بایۆمەتری دەنگدەران، بەرکاربونی کارتی نیشتیمانی، ئەژمارکردن و جیاکردنەوەی دەستی و ئەلکترۆنی لەوادەیەکی کورت دا، بۆیە دەنگدان جیاواز دەبێت، هەرێم چوار بازنەیە، هەر بازنەیەک کاندیدانی هاوشاریانی خۆی هەیە و بەدەنگی، هاوشاریان نوێنەرانیان دەنێرنە پەرلەمان، یەکسانی لە نوێنەرایەتی شارەکان دەستەبەرکراوە، دەیان حزب و سەدان کاندید بەشدارن، یۆنامی و وڵاتانی جیهان و حکومەتی ئیتتحادی بەگرنگیەوە لەهەڵبژاردنی هەرێم دەڕوانن.

بۆ ئەوانەی بە ئەنقەست و بێ پاسا و پەلاماری پەرلەمان دەدەن و بێئومێدن، بۆ ئەوانەی لە دڵسۆزی و خەمخۆرییان پەلاماری پەرلەمانی دەدەن و هەڵبژاردن بە شانۆگەری ناودەبەن، بۆ ئەوانەی بێ ئومێدبوون لە پەرلەمان و هەڵبژاردن و سیستەمی حوکمڕانی، ئەو ڕاستییە ئاشکرا بوو کە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمان واتە بوونی قەوارەیەکی یاسایی دەستوری ڕەوا متمانە پێدراو لە لایەن گەلەوە، بۆ کۆتاییهێنانە بەهەڵەکان و دووبارە نەکردنەوەیان، بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکان، دەبێت لەشکری دەنگدەران بێنە دەنگ و بەشداری دەنگدان بکەن و قسەی خۆیان بکەن، چونکە تاکە مینبەری ئەقڵانی مینبەری سندوقەکانی دەنگدانن، بەشداریکردنە لە چارەسەرکردنی پرسەکان.

بۆیە رووی دەمم دەکەمە دەنگدەران تکایە تکایە بڕۆنە سەر سنوقەکانی دەنگدان، تکایە ئەومافەتان بەکاربهێنن، با واتەوات و تۆوی بێئومێدی ساردتان نەکاتەوە، دەکرێت جەماوەر کۆدەنگ بێت لەسەر دەستپێکی قۆناغی نوێ قۆناغی یەکبوون و برایەتی و گۆڕانکاری، قۆناغی گێڕانەوەی شکۆ بۆ دامەزراوەکانی هەرێم و داماڵینیان لە پرۆسێسی سیستەمی حزبی‌و کەسی.

پێشنیازو پەیامی هەر هاونیشتیمانەیەک بۆ حزبەکان‌و کاندیدا؛
تکایە هەڵمەتی هەڵبژاردن بە زمانی گوڵ و زمانی نیشتیمانی و هاوچەرخانە بەرێبکەن .
تکایە بە زمانی پرس و بەرنامە و دیدگا و چارەسەر لە دەرگامان بدەن.
تکایە بیرتان بێت ئێوە دەتانەوێت ماڵی یاسادانانی کوردان کارا بکەنەوە.
تکایە بیرتانبێت ئێوە دوژمنی یەکترنین ئێوە رکابەری یەکن،  دوای هەڵبژاردن لەسەر مێزێک دادەنیشن و گفتوگۆ دەکەن، سەدان دۆسیە چاوەرێتانە، شەڕی مافە دەستوریەکان شەڕی چاودێری حکومەت و یاسادانانە، دەرفەتی هەستانەوەی ئەزمونی حوکمڕانی ڕەشید و ڕەوایەتی دەسەڵات و بەنیشتیمانیکردنی دامەزراوە نیشتیمانیەکانە.

لە لایەکی ترەوە، هاوڵاتیان چاویان لەسەر کار و ئەرکی رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنییە لەم هەڵبژاردنەدا؛ تکایە چاوی نیشتیمانبن چاوی یاسا و چاوی بنیاتنانبن، چاوی متمانەو ئاکاربن، بەرچاو روونی بدەن بەدەنگدەران و چاودێر و بریکاری میللەتبن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی جیاواز و پاک و بێگەرد و دیموکراسیانە .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی