دەسوخەتەکانی ئەم هەڵبژاردنە

23/09/2024

ئاسۆ عەبدوللەتیف

▪️دەبێت یەکەم کاری ئەم پرۆسەیە ئەوەبێت گوتاری دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن بەتەواوی لەیەک جیابکاتەوەو سنوری ئەرک و کارو زۆن و دەسوخەتەکانیان بەڕوونی دیاربێ و دەستکاری ئەو خەریتە کۆنە بکات.

▪️ناکرێ بەڕۆژ وەزیربیت و بەشەو ئۆپۆزسیۆن، لەگەڵ گورگان گۆشت بخۆن و لەگەڵ مەڕان شین و شەپۆڕ بکەن، مناڵەکانتان لە قوتابخانەی ئەهلی و هایکۆست بخوێنن و داوای بایکۆتی خوێندنی مناڵە هەژارەکان بکەن، لەمیلان جلوبەرگی براندو مارکە بکڕن و لێرەش داوای بایکۆتی کاڵای تورکی بکەن.

▪️گرنگە لەم هەڵبژاردنە ئەگەر تورکیاو ئێران لێگەڕێن! براوەی یەکەم و دوەم خۆیان حکومەت پێک بهێنن و بگەنە ڕێژەی ٥٠+١ ئیتر سێهەم و چوارەم و پێنجەم لەفەرهەنگی دیموکراسیەتدا نییەو ئاسنی ساردکوتانەو بەشە میراتییە نەک بەشداری لەحکومەت، سێهەم و چوارەم تا دەیەم لە پێشبڕکێی ئەسپەکاندا هەیەو لە دیموکراسیەتدا دۆڕانە.

▪️حکومەتی بنکەفراوان خراپترین مۆدێلی بەڕێوەبەریی رابردوو بوو، لەبەرئەوەی کەس نەیدەزانی کێ قەیرانی خوڵقاندو کێ چاکی کرد، کێ فەوزای دروست کردو کێ ئارامی هێنا، کێ خیانەتی کردو کێ نیشتیمانپەروەریی، کێ بونیادی ناو کێ وێرانی کرد، ناکرێ وەزیرت هەبێ لەحکومەت و داوای ڕووخاندنی حکومەتیش بکەیت.

▪️حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکان ئەگەر دەیانەوێ کاریگەربن دەبێ ئەوانیش بۆ ٥٠+١ هەوڵ بدەن و بچنە بەرەیەکی یەکگرتوو نەوەک هەوڵی پێنج و شەش زائید دوو بدەن، ئەوە پەرت بوون و پەراوێزبوونی حەتمیەو شوێنکەوتنی سەراب و میراتیەکی کەمە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی