ڕاستە دەوترێت "وڵاتێک خاوەن داتایەکی دروستنەبێت وەک ئەوە وایە چاوت نوقاندبێتو لەشەوێکی تارێکدا ڕێگه بکەی"، بەڵام ئەم قسەیە بۆ وڵاتێکە کێشەی خاک، نەتەوەو دەستوری نەبێت، نەک وڵاتێکو هەرێمێک گەندەڵیو نادادپەروەری سەرتاپای جومگەکانی حکومڕانی داپۆشیبێ، دەسەڵاتو سەروەریەکەی لەژێر پرسیاردابێت. نەک وڵاتێکی وەک عێراق لە2005 دەستورێکی هەمیشەیی هەیە، کەچى حکومەتەکەی زۆرێک لەمادەکانی جێبەجێنەکردوە، دوو پێکهاتەی گرنگی وەک کوردو تورکمان بەدرێژایی 35 ساڵی حوکمی بەعس ستەمیان بەرامبەر کراوەو مافیان زەوتکراوە، ئەم حکومەتەی ئێستا بەگوێرەی دەستوریش مافە زەوتکراوەکانیانی نەگەڕاندۆتەوە.
لەکەرکوکو تەواوی ناوچە کێشە لەسەرەکان هێشتا ئاسەواری بەعس نەک نەسڕاوەتەوە، بەڵکو بەشێوەیەکی تر بەردەوامی هەیە، پەرلەمانێک دوای 21 ساڵ لەڕوخانی بەعس ئامادەنییە لەپەرلەمان دەنگ لەسەر پوچەڵکردنەوەی یاساکانی بەعس بدات، یان سادەترین مافی هاوڵاتی کە موچەیە بەدەست هەولێرو بەغداوە بوهتە پرسێک هاوڵاتیانی توشی نەخۆشی دەرونیو کێشەی کۆمەڵایەتی کردوە، بۆیە هەموو هەنگاوێکی ئەم دوو دەسەڵاتە جێی گومانە.
لەدوای 2017 وەک لەبەشی یەکەمی ئەم نوسینە ئاماژەم پێدا، لەکەرکوکو ناوچە دابڕێندراوەکان گۆڕانکاریی گەورەی دیمۆگرافی ڕویدا، سیمای جادەو شارەکان بەڕادەیەک گۆڕانی بەسەرداهاتوە کاریگەریی لەکەلتوری ڕهسەنی ناوچەکە کردوە، ئەم هەنگاوەش دژی قۆناغی ئاساییکردنەوەی مادەی 140.
لەڕۆژانی ڕابردودا کۆبونەوەی نێوان حکومەتی هەرێم بەدەستپێشخەری سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێمو نوێنەری حزبە کوردیەکانو چەند کەسایهتیەکی ئەم ناوچانە ئەنجامدرا، دەرکەوت:
1ـ حکومەتی هەرێم بێ گەڕانەوە بۆ ڕای دانیشتوانی کەرکوک بەچەند مەرجێک ڕازیبوە لەسەر ئەنجامدانی پرۆسەی سەرژمێریی.
2ـ ڕای زۆربەی هەرەزۆری ئامادەبوان لەگەڵ ئەنجامدانی پرۆسەکە نەبون، چونکە بەزیانی پێکهاتەی کوردە.
3ـ ئەنجامی ئەم سەرژمێریە دەبێتە بنەماو دورنییە جێی ئاماری ساڵی 1957 بگرێتەوە، چونکە بەپێی ئەم پرۆسەیە، کەسێ لەکوێ تۆمار دەکرێ دەبێت بەخەڵکی ئەو شوێنە.
4ـ ئەو چەند بەڵێنەی حکومەتی عێراق بەهەرێمی داوە، جێی متمانەو بڕواکردن نییە، وەک ئەوەی کە پەیوەندیەک لەنێوان ئەم سەرژمێرییەو ساڵی 1957 دروستبکرێت.
بەکورتی، پێویستە حکومەتی هەرێم بریاربدات:
1ـ داوا لەبەغدا بکات، پرۆسەی سەرژمێریی دوابخرێت، تا قۆناغی ئاساییکردنەوە لە140و جێبەجێدەکرێت، هەموو ئەو گۆڕانکاریانەی دوای 2017 کراون لاببرێن.
2- ئەگەر پرۆسەکە دوانەخرا، بۆ ئەوەی کورد خۆی شەرعیەت بەپرۆسەکە نەدات، باشترە کورد بەشداریی لەپرۆسەکە نەکات (بایکۆت).
3ـ ڕاگەیاندنو هەمولایەنەکان بەئەرکی خۆیان هەڵسن لەبەئاگاهێنانەوەی شەقامی کوردستانی لەگرنگی ئەم پرۆسەیە.
لەکۆتاییدا، دروست نییە هیج لایەنێکی سیاسی یان دەسەڵات بەئەنجامدانی ئەم پرۆسەیە ڕازیبێت بەرامبەر بەموچە، بودجە یان هەر دەستکەوتێکی تری سیاسیو حزبی، یان بەهۆی سەرقاڵی بەهەڵبژاردنەوە لەهەرێم ئەم پرسە بەکەم سەیربکرێ.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی