لە هەڵبژاردن و حیزبەكان و لیستەكان و كاندیدەكان گرنگتر، دەنگدەرێكی دروستە. پێنج خولی پەرلەمانە لە كوردستان كێشەی بنەڕەتی ئێمە دەنگدەرێكی دروست بووە، نەك لیست و حیزب و كاندیدی دروست! ئەوەی وایكردووە قەیرانی گەورەو حیزبی خراپ و كاندیدی خراپ ببن بە دەم راستی خەڵك، دەنگدەرەكەی بووە. ئەوەی كوردستان بەرەو هەرێمێكی سەركەوتوو بەهێزو باش دەبات، خەڵكەكەی دەخاتە ناو ژیانێكی باشەوە، ئەو كەسەیە كە دەنگ دەدات، ئەو كەسەیە كە هەڵدەبژێرێت. كێشەی ئێمە ئەوەیە لە گەورەیی و گرنگی و یەكلاكەرەوەی دەنگی خۆمان تێ ناگەین. نازانین هەر دەنگێك بریتییە لە گۆڕانی دنیایەك. بۆیە دەنگدەری دروست دەتوانێت ژیانێكی دروست و سەركەوتوو لە پرۆسەی حوكمڕانی و سیاسەتەوە دروست بكات. ئەوەی كە دەبێت گرنگی پێ بدەین، لۆگۆو ناوو لافیتەو ناوی لیست و قەوارەو لایەنەكان نیە، بەڵكو خودی دەنگدەرە. كەچۆن دەنگ دەدات؟ بە كێی دەدات؟ لەسەر چ بنەمایەك دەنگ دەدات؟ بۆچی بایكۆت دەكات؟ بۆ نایەت بۆ دەنگ دان؟ چۆن وا بكەین بە دروستی بێتە ناو پرۆسەی گۆڕانكاری لەناو كوردستان و بەشداری سیاسی.
راستە كلك تێوەردان و كاری ژێربەژێرو درۆو دەلەسە لەناو هەموو پرۆسەیەكی سیاسی و حوكمڕانی و هەڵبژاردنەكان هەیە، بەلام ئەوەی ئەم كلكە دەبڕێت دەنگدەری وشیارو دروستە. ئەوەی وا دەكات فێڵمان لێ نەكرێت و بەسەریدا زاڵ بین، رێك ئەو پەندەیە كە دەڵێ: ئەگەر جارێك فێڵت لێ كردم، خوا بتگرێ، بەڵام ئەگەر جاری دووەم هەمان فێڵت لێ كردم، خوا خۆم بگرێت.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی