ڕۆژی یەکی ئایار یاخود یەکی مایس، لەجیهاندا بە رۆژی پێکەنین ناسراوە، هەرچەندە لەسەر ئەوەش ناکۆکی هەیەو چەند ووڵاتێ، رۆژی دووی ئایار دەکەن بە رۆژی پێکەنین ، بەڵام بۆ من و تۆی کورد کە لەهەرێمی کوردستان دەژین، ئەم ڕۆژە بەتەنها ڕۆژی پێکەنین نییە، بەڵکو رۆژی گریان و شینە، بۆچی رۆژی یەکی ئایار لە جیهاندا ڕۆژی پێکەنینە؟!.
لای هەمووان ئاشکرایە، مانگی ئایار، بە ڕۆژی کرێکاران دەستپێدەکات، بەڵام کەم کەس دەزانێ کە ئەم مانگە ٣١ ڕۆژییە، نزیك بە ٨١ جەژن و بۆنەی تیایە، کە هەندێ لە بۆنەکان، لاوەکین و بەتەنها بۆنەی، وڵاتێک یاخود چەند وڵاتێکی ناوچەین، هەندێ لەبۆنەکانیش، جیهانین و چەندین وڵات پێوەی پابەندو پەیوەستن، یەکێ لەو بۆنانەی دەکەوێتە ڕۆژی یەکی ئایار، بێجگە لەڕۆژی کرێکاران، کە لەلای کورد بەجەژنی کرێکاران ناسراوە و لەجیهاندا بەڕۆژی کرێکاران ناسراوە، لەهەمانکاتداو لەیەکی ئایاردا، بۆنەیەکی دیکەش هەیە، ئەویش بۆنە یاخود ڕۆژی پێکەنینە، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، مێژووی ١١ یەنایەری ١٩٩٨، دکتۆری هیندی و پەیڕەوکاری یۆگا (مادان كاتاریا)، رۆژی پێکەنینی لەجیهاندا دیاریکرد، کەپاشتر ئەم کەسە بوو بەدامەزرێنەری، یۆگای پێکەنین لەجیهان.
لەو ڕۆژە بەدواوە، بەکۆی گشتی لە ٦٠ ووڵاتی جیهان، ٥٠ وڵاتیان ڕۆژی یەکی ئایارو ١٠ وڵاتی دیکەش ڕۆژی دووی ئایار دەکەن بەڕۆژی پێکەنین ، لەو مێژووە بەدواوە، ئاهەنگی رۆژی پێکەنین، دەخەنە یەکێک لەم دوو رۆژە، لەهەندێ وڵاتیش یەکهەم ڕۆژی یەکشەممەی مانگی ئایار بەڕۆژی پێکەنین دەزانن، بەڵام ئەمانە کەمترینن، دامەزرێنەری ئەم ڕۆژە (مادان كاتاریا)، دەڵێ "ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی ڕۆژی پێکەنین لەجیهان، نواندنێکی ئەرێنییە بۆ ئاشتی لەجیهان، مەبەست لەم ڕۆژە، بنیاتنانی هۆشیارییەکی جیهانی و برایەتی و دۆستایەتییە لەڕێگەی پێکەنین".
پەیوەست بە بابەتی رۆژی پێکەنین، ڕاهێنەری بواری دەرونناسی و هاووڵاتی ئەڵمانی (ئانا راوخ)، دەڵێت " ئەو رۆژە لەئەڵمانییەکان وەرگیراوە، ئێمە رۆژی پێکەنینمان هەیە، چونکە ئێمە پێمان وەهایە، لەمانگی ئایاردا کەشوهەوا، گۆڕانکاری بەسەردا دێت، پلەکانی گەرما بەرز دەبێتەوە، بۆیە دەبێت لەپەنای هەڵمژینی ئۆکسجینی پاک و سودبەخش، پێکەنینمان هەبێت، دەبێت بەپێکەنینەوە ئۆکسجین وەربگرین، چونکە ئۆکسجینی پاك، وزەی نوێیەو سودی دەبێ بۆ تەندروستیمان"، جیاواز لەجیهان، بۆ ئێمەی کورد یەکی ئایار، ڕۆژی گریان و شینە، بۆچی منی نوسیاری ئەم گۆتارە ئەم ڕۆژە بەگریان و شین ناو دەبەم؟!.
چونکە چوار ساڵ بەر لەدیاریکردنی ئەم رۆژە جیهانییە، ووردتر لەساڵی ١٩٩٤، پێمان نایە قۆناغێکی تازەی شەڕی ناوخۆی نێوان یەکێتی و پارتی، ئەو شەڕە کە لەڕۆژی یەکی ئایاردا بوو، بەتەنها لەورۆژە، ٣٠٠ گەنجی خێر لەخۆ نەدیوو کوژران و ٣٠٠ ماڵی کورد تەعزێبار کران، ، بەپێی داتای بریکاری CIA (ڕۆبێرت بێر)، هەتا کۆتایی ئەو ساڵە، ژمارەی کوژراوانی شەڕی ناوخۆی نێوان یەکێتی و پارتی، گەیشتووە بە دوو هەزار کەس، ئەوەش بێجگەلە بزوتنەوەی ئیسلامی و حیسك و شویعی و پاسۆك و پارتی گەل و پارتی پارێزگاران و کۆمۆنیست، کە لەشەڕی ناوخۆدا تێوەگلان و قوربانییاندا، لەماوەی شەڕی ناوخۆی یەکێتی و پارتی و لەپاش ڕاپەڕینی ١٩٩١ هەتا کۆتا ڕووبەڕووبونەوەی چەکداری،١٠ هەزار کەس لەهەردوو بەرە کوژراوە، ئەوەش بێجگەلە دەستگیرکرن و بێسەرو شوێنکردن و بریندارکردن و کەمئەندامکردنی لایەنگران و چەکدارانیان، ئەو شەڕە نەفرەتییە، کە لەیەکی ئایاردا خولی دووهەمی هەڵگیرسایەوەو پێمان نایە ناو شەەڕە گەورەکە و ماوەی چوار ساڵی خایاند، لە ١٧ ئەیلولی ١٩٩٨، بە ئامادەبوونی وەزیری دەرەوەی ئەوسای ئەمریکا، (مادلین ئۆلبرایت)، رێککەوتننامەی ئاشتی واشنگتۆن لەنێوان یەکێتی و پارتی بەئامادە بوونی (مام جەلال تاڵەبانی) و (کاک مەسعود بارزانی)، واژۆکرا، بەڵام لێکەوتەکانی ئەو شەڕە هەتا ئێستاش، بەتەوێڵی هەمووانەوەیە، وەك تابوتێکی نەفرەتی، بەسەر سەری تاك بەتاکمانەوە دێت و دەچێ، لەسایەی ئەو شەڕە، ئەمڕۆ دەبینین ژیانی هاووڵاتی و هاونیشتیمانی وێرانە، گوزەرانی گشتی بەدۆخێکی خراپی ئابوری تێپەڕ دەبێ، شێوازی سیاسەتی بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستانیش بەنێو تونێلێکی تاریک و ڕووندا تێپەڕ دەبێت، لەم رۆژە جیهانییەدا کە بەرۆژی پێکەنین ناسراوە، ئێمە دەبێت لەگەڵ جیهاندا پێبکەنین و لەگەڵ مێژوویی پڕ مەینەتیشمان بگرین، پێکەنین بۆ ژیان و گریانیش بۆ ئەو دۆخە ناهەموارەی، لەسەر دەستی سیاسییەکانی هەرێم بەسەرماندا هێنرا، بۆیە لەڕووانگەی منەوە ئەم ڕۆژە مایەیی گریان و شینە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی