سەردانی باشور: دوانەی دەزگا\ئامراز

8 کاتژمێر پێش ئێستا

سەردار عەزیز

کە لە دبلن بەرەو هەولێر بەڕێکەوتم کتێبی دەزگا، لە نوسینی فەیلەسوفی ئیتالی ڕۆبیرتۆ ئیسپۆسیتۆم دەخوێندەوە. سەفەرەکە درێژبوو، کتێبەکە بچوکە، بۆیە توانیم دووەم خوێندنەوە تەواو بکەم. کتێبەکە چڕە. بۆ من سەرچاوەیەکی بە بایەخە بۆ ئەو پرۆژەیەی کە کاری لە سەر دەکەم. 

من سەرەتا وەهام دەزانی نەبونی کەلتورێکی تایبەت بە دەزگا لە ناو دونیای سیاسی و کۆمەڵایەتی و فیکریی کوردیدا، هۆکارێکە کە دەزگا مۆدێرنەکان لاوازن. بەڵام پاش نوسینی کتێبی یەکەمی پرۆژەکە و پاشان گەڕانەوە بۆ بڵاوکردنەوەی بۆم دەرکەوت دونیای ئێمە تەواو دابراوە لە بیرکردنەوە لە دەزگا. تەنانەت ئەو بیرمەندانەشی کە ناویان زەقە لە دونیای ئێمەدا وەک فۆکۆ بۆ نمونە، لە ڕوانگەی دەزگاوە ناخوێنرێنەوە. 

بەم پێیە بیرکردنەوەی دەزگایی، بیرکردنەوە لە دەزگا، بیرکردنەوەی دەزگا خۆی، وەک دۆگلاس مۆریی دەیوروژێنێت، بونی نیە. بۆیە پاش سەفەرەکەم بڕیارمدا کتێبی داهاتووم لە میانەی پرۆژەکەدا دەربارەی چیەتی دەزگا و بەربەستە جیاوازەکانی بێت لە دونیای ئێمەدا.
ئەوەی بۆ من جێگای تێڕامان بوو، ئامادەیی بەرفراوانی دیدی ئامراز یان دەسکەلایی دەزگابوو. بۆیە دوانەی دەزگا\ئامراز وە پەیوەندی دیالیکتیکی نێوانیان پرسێکی گەورەی نەوروژێنراوی دونیای ئێمەیە. 

زاڵبونی بیری چەپی ئەوروپی بە سەر پانتایی بیری ئێمەدا، هەرچەندە لە ڕوانگەی دەزگاوە نیە، بەڵام کاریگەرییان هەبوو، بۆ نمونە بیری ئەپەراتۆسی لوی ئەڵتۆسێر.

بەڵام پراکتیس و بیری کوشندە لە کەلەپور و کەلتوری ئێمەوە دێت، کە دەزگا وەک ئامراز دەبینێت. بۆ نمونە لە ڕوی فەلسەفییەوە لە دەربڕینێکی وەک (هێزەکانی کاکە حەمە) بنواڕە. ئەم دەربڕینە زۆر بە ئاسایی و نۆرماڵ ڕۆژانە دەوترێت و کەس لێی ڕانامێنت. ئەمەش ئاماژەیە بۆ بە نۆرمبونی ئامراز لە بڕی دەزگا. هێزەکانی کاکە حەمە، یانی هێزی چەکدار بونی هەیە کە سەر بە کەسێکە. ئەو کەسە خاوەن بڕیارو ئاراستە و جوڵەیانە. کەواتە ئەو هێزانە لە کاتێکدا ڕێکخراون، بەڵام دەزگایی نین. بەو مانایە لە ناو کایەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و یاساییدا بگوزەرێن، هەموو کەس بزانێت دەتوانن چی بکەن و چی نەکەن، لە کوێدا و لە کەیدا دەسەڵاتیان دەستپێدەکات و کۆتایی دێت. هەموو ئەمانە وابەستەیە بە خودی کاکە حەمە خۆیەوە.

دیارە ئەمە بە شێوەیەکی بەرفراوان بۆ هێزەکانی حەفتا و هەشتا و هێزەکانی تریش ڕاستە. 
من لە بەشی یەکەمی پرۆژەکەمدا کارم لە سەر پەرلەمان کرد. بێ بایەخکردنی پەرلەمان و لە ئەنجامدا بێبایەخبونی دەرخەریی گرنگی ئەو دەزگایەیە. چونکە تەنها دەزگایە کە ئەگەر لە سەر بنەمای پەرلەمانی سەردەمیانە هەڵبسوڕێت دژایەتی نەرێتە دژە دەزگاییەکانی کۆمەڵگای ئێمە دەکات. ئەمە هەر لە بانگەشە و دەنگدانەوە هەتا پرۆسەی یاسا داڕشتن و پرۆسەکانی تر بە زەقی بەرجەستە دەبێت.

کەواتە لە کاتێکدا کەلتوری ئێمە دژ بە دەزگایە، ئەوا هاتنی بیری چەپیش هەماهەنگ بوە لە گەڵ ئەم بنەمایەدا. بەڵام ئەوەی قەیراناویترە لەمە نەبونی ئاگایی یان توانای بیرکردنەوەیە لە دەزگا، کە لە ئەنجامدا وەهایکردوە دەزگا چەسپیوەکانی وەک مزگەوت، خێزان، و دەزگاکانی تر بکەونە ژێر فشاری زۆرەوە و ئاراستەی داهاتویان ڕون نەبێت.

کتێبەکە بە هاوکاری بەڕێزانێکی زۆر بەرهەمهات. سوپاسی بێ پایانی هەمویان دەکەم. سوپاسی ئەو بەڕێزانەش دەکەم ئەو ئێوارەیە لە سلێمانی ئامادەبوون، داوای لێبوردن دەکەم لەوەی بەشی هەموان کتێب نەبوو.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی