هەڵبژاردن گەورەترین وێستگەی هێزی سیاسییە کە تیایدا لە بەردەم
دۆڕان وبردنەوەدایە، کە بۆ هەریەکێکیان کاریگەری لەسەر داهاتووی هێزە سیاسیەکە دادەنێت.
هەر بۆیە هێزە سیاسییەکان بەرلە هەڵبژاردن زۆرترین جموجوڵ دەستپێدەکەن بەپاساو یپێویستی
قۆناغەکە و شێوازی ئەو یاسایەی هەڵبژاردنی پێ بەڕێوەدەچێت.
لێرەدا مەبەستمە باس لە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن بکەم کە پێش هەر
هەڵبژاردنێك هەندێك سەرقاڵی و جموجوڵ دەستپێدەکەن. لێرەدا من نامەوێ باس لەوەبکەم ئۆپۆزسیۆن
کێیە و چیە و پۆلێنیان بکەم، چونکە مەرج نیە هێزەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی پێناسەی
ئۆپۆزسیۆن بیانگرێتەوە و بچنە چوارچێوەی ئۆپۆزسیۆن بوونەوە، بەڵام لێرەدا من هەمویان
بە ئۆپۆزسیۆن ناودەهێنم. لە ئێستادا هێزەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی هەڵمەتێکی سیاسیان
لە ئاستی باڵا بۆ دروستکردنی لیستێکی هاوبەش بۆ بەشداری لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستپێکردوە، کە لە ڕاستیدا زەرورەتی
پێکەوەبوون نەك بۆ ئێستا بەڵکو لە ڕابردووشدا هەبووە و پێکەوە نەبوونیان هۆکار بوە بۆ
بەهێزبون و مانەوەی دەسەڵات و کاریگەر نەبوونی خۆیان.
بۆیە هەموان هیوا خوازی پێکەوەبوونیانین و بۆ خۆشیان بایی
ئەوەندە هوشیاریسیاسی و هەڵبژاردنیان هەیە کە زۆر باش لە هێزی پێکەوەبوون تێدەگەن و
لێکەوتەکانی دەزانن، بەڵام بۆچی سەرکەوتوو نابن و چی ڕێگرە؟ ئەوە قسەیەکیترە.
ئەم هێزە سیاسیانەی لە ئێستادا هیچ یەکێکیان یەك لیستیان ڕەد
نەکردۆتەوە (نەوەی نوێ، یەکگرتوی ئیسلامی، کۆمەڵی دادگەری، ڕەوتی هەڵوێست، بەرەی گەل).
هەرچەند ئەم یەك لیستی و یەك هەڵوێستییەی ئۆپۆزسیۆن تازە نیە و هەڵبژاردنەکانیتریش چەندین
دیدار و کۆبونەوەیان ئەنجامدا لەگەڵ هەڵای میدیایی و هیوابەخشینەوە، کەچی هیچی لێ سەوز
نەبوو و هەموان چونەتەوە سەر رێگا تەسکەکەی خۆیان.
بۆیە پێموایە ئەم
هەنگاوەش هیچ ئەنجامێکی ئەوتۆی نابێ و هەموان بە تەنیشت کۆبونەوەکانی پێکهێنانی یەك لیستیەوە
سەرقاڵی تۆمارکردنی لیستی خۆیانن و ئامادەسازی بۆ شتێك دەکەن
کە هەموو شتێکە یەك لیستی نەبێت.
رێگریە سەرەکیەکانیش
ئەمانەن:
١-ئەم هێزانە هەموویان
ئۆپۆزسیۆن نین، بەڵکو دەکرێت بڵێین
تێیاندایە کە حەوشەی پشتەوەی دەسەڵاتن و خودی یەکێتی و پارتی
بە ئامانجی لێدان لەئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینە و بەلاڕێدابردنی ناڕەزایی ڕاستەقینە پستیوانی
کردوون.
٢-جۆرێکیتریان راستە
لە بنەمادا زۆرجیاوازن لە یەکێتی و پارتی و ناڕازین لە ئیدارەدان و سیاسەتی دەسەڵات،
بەڵام بەهۆی
ئەوەی سەرچاوەی داراییان یەکێتی و پارتیە، نەیانتوانیوە بە
ئەرکی خۆیان هەستن.یەکێك لە گیرۆدەیی ئەم هێزانە بوونی بەرپرسی بڕیار بەدەستە لە نێویاندا
کە ڕاستەوخۆ وابەستەییان بە دەسەڵاتەوە هەیە و پەیوەندیەکانیان بۆ بەهێزبوونی شەخسی
وجێ پێ قایمکردنی خۆیان بەکار هێناوە چ لە هەڵبژاردن و چ بۆ کۆنگرەکانیان سودیان لێ
بینیوە. لەمەدا هێزەکان بەدوای خۆیاندا ڕادەکێشن، ئامانجە گشتییەکان دەکەنە قوربانی
ئامانجە شەخسیەکانیان.
بۆیە پێموایە درێژەکێشانی باسی ئەم یەک لیستی و سەردان و جموجوڵانە
بۆ ئەوەیە کە کەسیان نایانەوێ ببنە واجیهەی ڕەدکردنەوەی یەك لیستی لە بەردەم ڕای گشتیدا.ئەگەرنا
هەندێكیان هیچ باوەڕێکیان پێی نیە و زۆر باش دەزانن کە سەرکەوتوو نابێت، بەڵام لە چوارچێوەی
سەردانەکانیاندا گەرموگوڕتر لەوانەی کە بەراستی هەوڵی بۆ دەدەن خۆیان دەخەنە ڕوو.
گەر سەرنج بدەیتە ئەم هێزانە دەبینی کە ئەو جیاوازییەی لە
نێوان لیستی هەڵوێست و شاسوار عبدلواحیددا هەیە زۆر فراوانترە لەوەی کە لە نێوان هەر
یەکێکیانو پارتی و یەکێتی هەیە. بەتایبەت شاسوار عبدلواحید لە ڕابردوودا زۆرتر ڕووی
لە حیزبەکانی تر بووە تا یەکێتی و پارتی، ئەمەش بازنەی دۆستبوونی زۆر بچوك کردۆتەوە
وبوەتە بەشێك لە گەشەی بێ متمانەیی زیاتر بەجۆرێك کاتێك باس لە ئۆپۆزسیۆنی ساختە دەکرێت
بێ ناو هێنان سەرنج دەچێتە سەر پرۆژەکەی شاسوار عبدلواحید. بۆیە دواجار نەك یەك لیستی
دروست ناکرێت، بەڵکو هەر یەکەیان دەبێتە خۆراکی بانگەشەکانی ئەویتر.
جیاواز لەمان، بەرەی گەل هەیە وەك هێزێكی دروستبووی دۆخێکی
تایبەتی ناچاری، کە بڕوام وایە هەندێك هێز لە پێناو ڕازیکردنی دڵی یەکێتیش بێت نابنە
هاوپەیمانی و پێیانوایە دۆستایەتی لەگەڵ لاهوری شێخ جەنگی، نیگەرانی بافڵ تاڵەبانی
لێدەکەوێتەوە، بۆیە ئامادەی ئەو جووڵەیە نابن! هەرچەند باوەڕیشیان
پێی هەبی!
یەکگرتوو و کۆمەڵی وەك دوو هێزی ئیسلامی هەموو هەڵبژاردنێك
باس لە یەك لیستی و لیژنەی هەماهەنگی دەکەن، بەڵام تا ئێستا نەیانتوانیوە وەڵامدەرەوەی
خواستی جەماوەرەکەیان بن بۆ یەك هەڵوێستی و پێکەوەبوون. رێگری شەخسی و جۆری پەیوەندی نێوخۆییان
لە نێوان پارتی و یەکێتی و جیاوازی پەیوەندی دەرەکیان و بارلاری هەریەکێکیان بۆ قۆناغێک،
هۆکاری سەرەکی بە ئەنجامنەگەشتنی ئەم دوو هێزەن. لەباشترین حاڵەتدا ئەم دوو هێزە ئۆپۆزسیۆنە
نزیکەکانن پێکەوە.
بۆیە ئەو جموجوڵەی
لە نێوان هێزە ئۆپۆزسیۆنەکاندا هەیە، چاوەڕێی سەرکەوتنی یەك لیستی لێ ناکرێت و دواجار
لە یەك لیستیەوە دێنەوە بۆ موزایەدەی ئەوەی کێ ئامادەی یەك لیستی بوو و کێ ڕەدی کردەوە.
واتە ئەم نزیکبونەوەی ئێستا دەبێتە دوورکەوتنەوەی زیاتر بۆ هەندێکیان و جێگای دڵخۆشی
نیە. هەرچەند ئەم نوسینە بەمانای ڕەدکردنەوەی هەموویان نیە و هێشتا هەندێکیان شایەنی
متمانە پێکردنن و دەتوانن ڕۆڵی گرنگ بگێڕن بۆ قۆناغی داهاتوو، کەمن پێموایە زۆر ئاساییە
چەند هێزێكی ئۆپۆزسیۆنمان هەبێت و یەك لیستیش نەبن.
بە هیوام ئەم بۆچوونەم پێچەوانە بێتەوە و یەك لیستیان ببێتە
خاڵێکی وەرچەرخان بۆ هێزەکانی دەرەوەی دەسەڵات و هەموان ببینە بانگەشەکاری ئەم لیستە
و بە هیوایەکی گەورەوە ڕوو بکەینە سندوقەکانی هەڵبژاردن لەگەڵ دنیایەك تێبینی لەسەر
خودی هەڵبژاردن و ڕێگای گۆرانکاری.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی