لەناو کۆمەڵگەی کوردستانی لەمێژە کلتوورێکی نەخوازراو هەیە و دوای نەوەدەکان
زیاتر چڕبۆتەوە ، ئەویش ئەوەیە کە خەڵکان هەن ئۆخەی بۆ مردنی کەسان دەخوازن ( الشماتة
) یان خۆشحاڵبوون بە تووشبوونی کارەسات یان هەستکردن بە بەختەوەری کاتێک ئەوانی تر
ئازار دەکێشن ، بۆنموونە خۆشحاڵ دەبن کە دەبینن ملیۆنێری دوێنێ بۆتە سواڵکەری
ئەوڕۆ ، یان خۆزگە دەخوازن بۆ مردنی سومبولی سیاسی نیشتیمان ، مردن هەرکەسێک بێت هەروەک
دەڵێن شەیتان دەستی لێشوشتووە ، بەڵام ئەوە دەبینین کە هەندێک هەن خۆشحالن بە مردنی
کەسان یان بەختەوەر دەبن بە تووشبوونی کارەسات بەسەر بەرانبەرەکەیان ، لەو ماوانەی
ڕابردوو هەندێک لە ئیسلامیەکان خۆشحالی خۆیان بۆ مردنی پاپا فڕانسیس هیمای ئاشتی و
پێکەوەژیان دەربڕی ، ئایا دەبێت گەلی کوردستان هەڵوێستی بەرز و ئازایانەی ئەو پاپایە
لەیادبکات کە لەکاتێکی تەنگانەدا سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد ؟! کە ئەمە پێگەی هەرێمی
کوردستانی لە جیهان و نێوەندەکانی ئایینی کریستیانی بەرز ڕاگرت ، کەچی بەداخەوە بینیمان
لەو چەند ڕۆژانەی ڕابردوو ، هەندێک لە ئاهەنگێڕانی پووچگەراکان لە « بیوت الدعارة
»ی سۆشیالمیدیا دژی ئەو زاتە مەزنە خۆشحالی خۆیان بۆ مردنی دەربڕی ، نازانم ئێمە لەبەرچی
ڕووداوی مەزنی ئەم سەردانەمان لەبیر دەچێت ، دێین موتابەعەی بیوت دەعارەی خۆشحالیبوون
بە مردن دەکەین ، ئایا لەبیرمان چوو یان لەبیرخۆمانی دەبەینەوە کە ئەو پاپایە چەند
ڕێز و تەقدیری بۆ ئەو نیشتیمانەی ئێمە هەبوو ؟!
لەکن هەندێک کەس خۆشحالیبوون بە مردن یان کارەسات ، بۆتە
هەڵوێستێکی ئایدۆلۆژی کە گوزارشتە لە نائومێدی و بێدەسەڵاتی بۆ ئەوانەی کە فەشەلیان
هێناوە لە پڕۆژەکانیان و شکستیان هێناوە لە ئەدای کارەکانیان ، بۆیە هەمیشە چیان پێنەماوە
تەنها جووینەوەی تاڵی نەبێت…جگە لەمانە هەندێک بوونەوەری نەهلستی « عدمي »یش هەن بەختەوەر
دەبن بە مردنی هەر سومبولێک جا سیاسی بێت یان ئەدەبی یان هونەری و ، جاری واش هەیە
دەیگەیننە ئیعلانی مردنی سومبولەکە بێ ئەوەی ئەمر لە خودا دەرچوبێت و چەندان جار گوێمان
لێبووە فلان کەس مرد ، بێئەوەی کەسە مردبێت ، هەندێکی تری کۆنەپەرستانی ئایینی و تائیفی-یش هەن کە بانگەواز بۆ ڕق و کینە
و ململانێ دەکەن ، ئەمانە کە عاشقی یەک ڕەنگ
و یەک بیرن بەدرێژایی مێژوو هەن و هەر دەشمینێن
و ، نازانن کە خودی سروشت و گەردوون لەسەر هەمەڕەنگی و فرەیی و جیاوازیبوون ڕاوەستاوە
! لەهەموو بارودۆخێکدا خەنیبوون بە مردن گەمژەیی تەواوی مرۆڤەکە ئاشکرادەکات ، هەندێک
وایدەبینن کە ماڵئاواییبونی سومبولێک یان لابردنی بەمانای کۆتایی هاتنی هەموو شتە ،
نەخێر ئەمە وانیە ، زۆر بە ساکاری ماڵئاواییکردنی پاپا مانای نەمانی خودی فاتیگان نیە
و پاشەکشەی کاسۆلیکیش نیە ، ماڵئاوایبوونی سیاسەتمەدارێکی مەزن مانای ماڵئاواییکردنی
هەموو ڕێباز و بەرنامە و هزری نیە ، مردنی ئەدیب مانای کەوتنی بیروهزری نیە ، هەندێک
جار ماڵئاواییبونی سومبولێکی سیاسی یان ئایینی یان ئەدەبی وەک لەدایکبوونێکی نوێیە…بەگشتی
بەختەوەریبوون بە مردن یان کارەسات گوزارشتە لە دابەزینی ئەخلاقی و گەمژەیی مرۆڤ و
لاوازی ئیمان ، ئەمە نەخۆشیەکە لە نەخۆشیەکانی
دەروون و ، لەهەموو دۆخێکدا ئەمانە شایەنی ئەوەن کە سەردانی عیادەی پزیشکە دەروونیەکان
بکەن .
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی