لە ڕۆژانی ٥-٧ـی ئایاری ٢٠٢٥ لە هەرێمەکانی پاراستنی میدیاو
ناوچەیەکی تری نادیار، پارتی کرێکارانی کوردستان کۆنگرەی دوانزەهەمینی خۆی گرێدا هەر
ئەو نادیارییە لە تەوقیت و لەجێگای کۆنگرە، دەرخەری ئەوەیە هێشتا زەمینەسازیی ئەوتۆ
بۆ ئاشتی دروست نەبوەو لەبارنییە، بەڵام وەک دەردەکەوێ ئەمە کۆنگرەیەکی نائاسایی و
ناچاریی بوو بەناوی کۆنگرەی دوانزەوە، نەک کۆنگرەی خۆهەڵوەشاندنەوەو چەک دانانی پە*کە*کە،
لەبەیاننامەکەیاندا، دەڵێن بڕیاری مێژوویی دراو یادی ٥٢ ساڵەی شەهیدەکانمان کردەوە،
بڕیاری مێژوویی و یادی شەهیدان مانای جیاواز لەخۆدەگرێ، کەچی هەندێک بەشاگەشکەوە باسی کۆتایی ئەم چیرۆکە دەکەن.
بەکورتی کۆنگرەی پە*کە*کە، لەم قۆناغەدا دوای زنجیرە دیدارەکانی
شاندی دەمپارتی بۆ ئیمڕاڵی و ئەنکەرەو هەولێرو دوا پەیامی ئۆج ئالان بۆ ئاشتی و چەکدانان
لە ٢٧/٢/٢٠٢٥ ئەم خوێندنەوانە هەڵدەگرێت؛
• کۆنگرەکە کۆنگرەی
سیاسی پارتێکی سیاسی بوو بۆ موجامەلەی دەوڵەتی تورکیا و جۆرێک بوو لە مانۆڕی سیاسی
و ئایدۆلۆژیی بۆ درێژەدان بە دانوستانەکان.
• کۆنگرەی دوانزە کۆنگرەی
هێشتنەوەی دۆخی نەشەڕ نە ئاشتیی بوو کە پە*کە*کە، رای وایە بەم جۆرەو ئاوا لەقازانجیەتی
تا ئەوکاتەی دەوڵەت دەچێتەژێر باری گرەنتی دیموکراسی و زەمینەسازیی بۆ ئاشتی و ئازادکردنی
زیندانیە سیاسیەکان لەسەروو هەموویانەوە ڕێبەر ئاپۆ.
• هەمان کات کۆنگرەی
ڕێزگرتن و وەڵامدانەوەی تەکنیکیانە بوو لەپەیام و بانگەوازە ناچاریی و تەمومژاوییەکەی
بەڕێز ئۆج ئالان کە دەبوو بەم جۆرە یاساییەو لەچوارچێوەی راسپاردەکانی کۆنگرەوە وەڵام
بدەنەوە، کۆنگرەش بێگومان واتە بەرزترین دەسەڵاتی سیاسی حیزبی و ئایدۆلۆژیی و رەنگە
بەم میکانیزمە پە*کە*کە، نەیەوێت بچێتە ژێرباری
بڕیاری سیاسی جەبری و داسەپاو.
ماوەتەوە بڵێین پرۆسەی چەکدانان ئەوەندەش ئاسان نییە و هەر
دەستی بۆ ببرێ دەساڵی دەوێ، چونکە زیهنیەتی چەک دانان و مۆدێلەکانی چارەسەریی هێشتا
تەم و مژاوییە لەبەردەم تەڤگەری چەکدارییدا، لەگەڵ ئەوەی زەماناتی پێکەوەژیان و ئاشتەوایی
و دیموکراسیی هێشتا لەدایک نەبوە لەتورکیا هەر بۆیە تفەنگەکانیش ئاسان ناخرێنە ژێرگڵ
و تاشەبەردی قەندیلەوە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی