پێشبینیکردن یەکێکە لە گرنگترین ناسەرەوەکانی مرۆڤبون، بێگومان
پێشبینیکردنی تەواوی (٪١٠٠) ئەوەی کەسێکی ناسراو یا نەناس نیازی هەیە لە ئایندەیەکی
نزیک یا دوردا چی ئەکات توانایەکی نەکردە نیە و هەر کەسەێ لافی ئەمەی لێدا ئەوە بەدلنیاییەوە
ڕاستناکات و نیازیشی پاک و باش نیە. بەڵام بە سەرنجدانی ورد و ئامانجدار لە دو شتی
مرۆڤ دەتوانین بڕێکی باش نزیکبینەوە لە ویست و حەز و نیازی شاراوەی ئەو کەسەی لە ژێر
چاودێریماندایە.
یەکەم: گۆڕانی بڕێک سەیر و نائاسایی لە ئەوەی ئێستا بە بەراورد
بە ڕابوردو کەسەکە چی دەڵێ و چی باسدەکات لە
گەڵ خۆی و دەوروبەرە نزیکەکەی، واتا چ بیر و فکرێک دەردەبڕێ.
باوکێکی ئاشتیخوازی حەفتاوپێنج ساڵەی دەردەدار کە ژیانی ڕابوردوی پڕ بوە لە کوێرەوەری
ئێستا هەواڵی چەک (دەمانچە و..) لە منداڵەکانی
دەپرسێ یان بە سەرسامیەوە و بە شێوەیەکی نامۆ
ئەپرسێ (ئەرێ گەرمی چ کارلێکێکی هەیە لە سەر تەندروستیی مرۆڤ)، یا ژنێکی هەشتا ساڵەی دەردەدار و کوڕ کوژراو
لەم دواییانەدا بەردەوام ئەوە دوبارە دەکاتەوە کە چۆن و کەی و لە چ دۆخێکی بێشانسیی
چاوەڕوان نەکراودا کوڕە نازدارەکەی بە یەک گولەی وێڵ دەسبەجێ کوژراوە. ئەم ژنە بەردەوام
باسی ئەو خوشک و برایانەی دەکات لە چەند ساڵی ڕابوردودا یەک لە دوای یەک وەک چۆن تەرزەیەکی
چاوەڕوان نەکراوی ڕەق و ساردی بێبەزەیی میوەیەکی ناسکی تازە خۆگرتو دەوەرێنێ ئاوا ئەوانیش
بۆ هەتا هەتایە لە درەختی ژیان وەریون و ئەمیان بەجێهێشتوە، ئەم ئێستا بە ڕونی خۆزگە دەخوات بگاتە کاروانە وجودیە بێ کۆتاییەکەی
ئەوان و خەڵکی تر، چەند ڕۆژێکە بەردەوام یەک لە دوای یەک ناوی خوشک و برا مردوەکانی
دەهێنێ، ئەم خانمە بڕوادارە زۆر باسی گەیشتن و شادبونەوە بەوان دەکات لە بەهەشتە بەڵێن
پێدراوەکەیان.
دوهەم: گۆڕانی بڕێک سەیر و نائاسایی لە ڕەفتاری ڕۆژانەی کەسەکەدا. کوڕێکی هەرزەکاری
لە هونەردا زۆر بەهرەدار، لە چەند ساڵی ڕابوردودا کێشەی زۆری لە گەڵ هەندێ لە مامۆستا
و هاوپۆلەکانی هەبوە و هەندێک جار بە مەی خواردنەوە کەمێک ناجێگیریی زۆری باری دەرونیی
ئارام کردۆتەوە. باوک و دایکی ئەم گەنجە، سەرسام و واقوڕماو ڕۆژێک گوریسێکی ئەستور
و درێژ لە ماڵەوە دەبینن کە کوڕەکیان کڕیوەیەتی بەڵام هیچ ئیشێکیش لە ماڵەکەدا نیە
کە ئەم گوریسەی پێویست بێت.
ژنە هەشتا ساڵەکە وردە وردە حەزی بۆ خواردن و خواردنەوەی
تەنانەت ئاویش نامێنێ و بە جۆرێک لە مانگرتنی ڕانەگەیەنراو وردە وردە تەندروستیی بە
جۆرێک تێک دەچێت کە دوکتۆر و دەرمان و خەواندنی نەخۆشخانە دادیان نادات ، من ناڵێم
ڕۆژی تەواوبو و مرد بەڵکو دەڵێم بە نان و ئاو نەخواردنی مەبەستدار بە ئارەزو لێگەڕا
وردە وردە وشک بێتەوە و بتوێتەوە وبمرێت. هەندێ کەس باری دەرونیان ئەوەندە شێواوە و
ئەوەندە بێ وزەن کە ناتوانن چالاکانە بە کردارێک خۆیان بکوژن! باوکە حەفتاوپێنج ساڵەکە
چەند ڕۆژێ دوای قسەکانی سەرەوەی لە دەروەی ماڵەکەی بە دەبەیەک بەنزین خۆی دەکاتە پارچەیەک
ڕەژو. کوڕە هەرزەکارەکەش بە گوریسێک لە ماڵی خۆیدا خۆی دەخنکێنێ.
من لەوە دڵنیام خزم و کەسی ئەو سێ کەسە بەو پەڕی سۆز و بەزەیی
و دڵسۆزیەوە ئەوەی لە دەستیان هاتوە و توانیویانە بۆ کەسەکەی خۆیان کردویانە، بەڵام
وادیارە ئاست و پلەی مەترسیی دۆخەکەیان باش مەزەنە نەکردوە یا شڵەژاون و هەست و سۆز
بەسەریاندا زاڵبوە و نەیانتوانیوە بە هزر و لێکدانەوەی قوڵ و بڕیاری یەکلاکەرەوە ،
بە چارەسەری پزیشکی و دەرونیی خێرا و کارا ژیانی کەسەکەیان ڕزگاربکەن.
ئەوەی بڕیاردەرە بۆ یارمەتیدان و چارەسەری
پزیشکیی کەسێک ئەوەیە کە تۆ کەی و لە چ ڕۆژ و سەعاتێکدا کەسی نەخۆشی جەستەیی یا دەرونی
، یا هەر کەسێک کە کێشەی گەرم و تاوسەندوی دەرونی و کۆمەڵایەتیی هەیە ، دەبەیتە لای
دوکتۆر یا بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتن یا بۆ هەر شوێن و ناوەندێکی ڕاوێژکاریی پیشەیی.
دەبێت بزانیت کەی و بۆ کوێ و بە چی و(ئەمبولانس) بۆ لای چ
کەسێکی دەبەیت، چونکە ئیمڕۆ بە هۆی سۆشیال میدیاوە کە خەریکە دەبێتە (سۆشیال مافیا
!) کەسانێکی زۆر هەن خۆیان کردوە بە دەرونناس و دوکتۆر و چارەسەرزانی دەرونی و پزیشکی
هەناوی و نەشتەرگەری و شێرپەنجە و ..
فارس دەڵێت ( نیو مەلا ئاین
دەبات و نیو دوکتۆریش گیان دەبات) .
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی