قۆناغی دوای ڕاپەڕین بە ڕۆشگەری و فیکر و بووژانەوەی کولتوری دەستمان پێکرد. قۆناغێک کە مەگەر لە سەروبەندی بەیاننامەی ١١ی ئازاردا، گۆڕانێکی جۆری وەهامان بەخۆوە دیبێت.
بەم هۆیەوە کەشێکی لە بار بۆ ئازادی ڕادەربڕین، ئازادی پەرستن و ئازادی پۆشین، هاتە ئاراوە. دواتر هونەری مۆسیقا وگۆرانی، شانۆ و نواندن، پەیکەرتاشی و نیگارکێشی و تەواوی هونەرەکانی دیکەش بووژانەوە. ئەنجا چوون بۆ شانۆ و کۆنسێرت و کۆڕی ڕۆشنبیری و سیمینار و پانێڵیش بوون بە کولتور. خەریک بوو مەزاجی گشتی وکۆمەڵایەتی بەرەو کرانەوە هەنگاویان دەنا. ئەو نووزەیەی کە ئێستا پێی ئەنووسم ولە سەددان نووسەری دیکەش دەبیسترێن، بەرهەمی ئەو قۆناغە زێڕینەی دوای ڕاپەڕین بوو.
لە گەڵ ئەوەشدا کە کێشەی گەورەی دارایی و ئابوری و ململانی قووڵی سیاسی و شەڕی ناوخۆش لە ئارادا بوو، بەڵام هیچ کاتێک نەبوونە هۆی تێکدانی، ئەو مەزاجە کراوەیەی خەڵکی بۆ گۆڕانکاری و یەکتر قبووڵکردن. ئەو دەم لە دەربڕینی بیروڕای ئازاد زۆر لەمڕۆ دەستکراوەتربووین. ئەو دەم ململانێکان لە نێو کتێب و گۆڤار و ڕۆژنامەکان قەتیس نەبوون، بەڵکو ئازادتر لە شەقام و مایک و مکەبەرەکانەوە دەبیستران.
ئەو دەم زۆربەی سەرۆک و سەرکردە و حزب و ڕێکخراوە دیموکراتی و جەماوەرییەکانی حزب و نووسەر و شاعیر و ڕێکخراوە ناحزبی و نا حکومییەکان و ڕێکخراوە قازانج نەویستەکانیش، داینەمۆی ئەو تەوژمی کرانەوە و ئازادییە بوون.
ئەو دەم هێشتا حزب لە کەمی دەنگ و جەماوەر نەدەترسان، بۆیە ئازادی کردار بوو نەک دروشم.
ئەو دەم هیچ کادێرێکی سۆشیال دیموکرات نەبوو تێکستەکان و کەسایەتییە خورافییەکانی ئایین بکاتە هێڵی سوور لە ترسی مەزاجی بارگاویکراو بە توندڕەوی. ئەو دەم حزب لە ململانێکانیدا بەم جۆرە ناشرینەی ئەمڕۆ، تەیارە جۆراوجۆراکانی مەلا و فەتواچی و سەلەفی و وەهابییەکانیان بە کارنەدەهێنا لە سەنگەرگرتن لە یەکتری.
لە گەڵ ئەوەشدا کە ئەفسووس بۆ ڕۆژانەش ئەخۆین بەڵام نابێت ئەوەشمان لەیاد بچێت کە لە سەردەمی بوژانەوەی فیکری و ئازادایشدا، هەمیشە مشت ومڕ لە سەر فیکر و ئاراستەی فیکری حزبەکان و هەڵسوکەوتە چەوتەکانی خۆیان دژ بە فیکری خۆیان لە ئارادابوو. ئەو دەمیش ڕووناکبیر هەبوون شێلگیرانە گاڵتەیان بە عیلمانی بوونی پارتی و یەکێتی و چەپ بوونی شیوعی و سۆسیالیست و زەحمەتکێشان و ...هتد ئەهات. چونکە پێیان وا بوو بانگەشەیان شتێکە و کردەوەکانیشیان شتێکی کەیە. هەر بۆیه ئێستا ئیسلامییەکان وەکو کەرستەیەکی ئامادە، خەوش و خاڵەکانی حزبی کوری بە ئاسانی بە عەلاگەی عەلمانیدا هەڵئەواسن و ئەیکەنە ئەرگوومێنتی گەڕانەوە بۆ سەر ڕێبازی سەلەفی کۆن و بەسەرچوو.
لە چاو ئەو کرانەوە ڕێژەییەی سەردەمی دوای ڕاپەڕین، ئەمڕۆ لە هەرێم دۆخەکە تەواو شێواوە. تاکە مەزاجێک کە باڵی بە سەر کۆی مەزاجەکانی دیکەی کۆمەڵگادا کێشاوە مەزاجی ئایینە. ئەمڕۆ کۆی ژمارەی بڵندگۆ و مایک و سەکۆ و مینبەر و پلاتفۆرمەکان و قسەکەرەکانی ئاییین سەددان و هەزاران جار زیاتر و نەڕەنەڕیان نێرتر و زاڵترە لە تەواوی دەنگەکانی دەرەوەی ئایین. ئەمڕۆ دۆخێک هاتۆتە ئاراوە تەنانەت بە بێ ئەوەی دەزگایەکی ئایینی لە وێنەی پۆلیسی شەرعی ئەفغانستان و پۆلیسی ئەخلاقی ئێرانیش هەبن، تەواوی تاکەکان بۆ مانەوەی لە نێو بازنە گشتییەکەدا، بۆ مانەوە لە نێو ڕانە مەڕەکەدا، خۆیان کار و کردەوەکانی خۆیان، وتە و دەربڕینەکانی خۆیان، هەڵسوکەوت و پۆشاک و بۆنە و چالاکییەکانی خۆیان فیلتەر ئەکەن و ئەیانپاڵێون، بۆ ئەوەی بە تام و بۆنی کەشە بە ئایینییە زاڵەکەدا بخوات.
ئەمڕۆ تەنانەت شیوعییە عەیارە بیست و چواریەکەیشمان لە ترسی کەشی ئایینی باو، خەریکە وتارەکانی بە"بیسمێلا"دەست پێ بکات!
ئەمڕۆ سەرۆکی سۆشیال دیموکراتیش دەست ئەخاتە بیناقاقای دەزگا فیکری و ڕۆشنبیریی و هونەرییەکانی خویشییەوە، تەنها لەبەر ڕازی کردنی دەنگی باو و سەپاوی ئایینی هاوبەرژەوەندی لە گەڵیدا.
ئەفسووس ئەم دەسەڵاتە سیاسییەی ئەمڕۆ دۆخێکی وەها خراپیان دروست کردووە کە ئەگەر لە مەودای کورتدا سوودێکی ئەوتۆی بۆ مانەوەی خۆیان هەبێ، ئەوا لە مەودای دووردا مێزەکە بە سەرخۆیاندا قڵپ ئەبێتەوە و ڕەنگە بگاتە شەڕی خۆیناویش لە گەڵ ئەو هەموو فیکرە نامۆ و کۆنەخوازانەی بەریانداوەتە جەستەی کۆمەڵگای کوردی و جەستەی خۆشیان وەکو حزبی جەماوەری.
ئەمڕو هەرێمی کوردستان لە بۆشاییەکدایە کە تاکە بیر و تەنها دەنگ و تاقانە فیکری زاڵ ئایینە بە هەموو باڵ و ئاراستە دژ بە یەکەکانیانەوە. ئەگەر چی ئەوان لە شێوەی ڕەوتی جیاجیای دژ بە یەکی ئایینی بەرجەستەن بەڵام هەر هەموویان بە هەمان مەودا لە دژی تەواوی ئازادییەکانی تاک، ئازادی فیکر، ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی پەرستن و پۆشین وەستاون. ئەمانەی ئاراستەکراو دۆخێکیان دروست کردووە کە نیوەی کۆمەڵگایان لە شەقام و شوێنە گشتییەکاندا کردووە بە پۆلیسی ئەخلاق بە سەر نیوەکەی ترییەوە، بە بێ ئەوەی دەستی خۆیان بەکاربهێنن و بە بێ ئەوەی دەسەڵاتیش باکی بەم ئیرهاب و خۆ سەپاندنە فیکرییەوە هەبێت. ئەوان بیرێکی وەها ترسناکیان بە بەری زۆرینەی نەوەکاندا کردووە، کە شەرم لە دایکی سفوری خۆیان بکەن کە بێ لەچکە. نەوەیەک کە سڵاوی دەستگووشینی لە گەڵ ژناندا پێ حەرامە. نەوەیەک مناڵی تەمەن پەپوولەشیان دەستەواژەی (جەزاک اللە خیرا، لە قەدەری اللە بەزیابێت، ...) ئەزبەرکردووە و بەکاری دەهێنن بەر لەوەی ناوی سیانی خۆشیان بە تەواوی بزانن!
ئەمڕۆ ژنێکی سفور نیە لە شوێنە گشتییەکاندا لە ڕۆژێکدا دەیان جار بە پرسیاری؛ بۆ سەرت داناپۆشی نەتریقێنرێتەوە. ئەمڕو سەرپۆشکردن زۆرەملێیە بە بێ بوونی بەسیجەکان. چونکە پۆشینی سەری ژنان یەکسان کراوە بە ئەخلاق و ڕەواج دەدات بە بازاڕی ژن بۆ شووکردن و لە قبووڵکردن لە نێو ڕانەکەدا. ئەمڕۆ نووسین و شیعر و گۆرانی و هەموو شانگەرێکی ئەدەبی و هونەری نابێت لە قاڵبی دەق و ئایین لا بدات، دەنا نەک ناخوێنرێیتەوە بەڵکو دەکەویتە دەرەوەی بازنەکە و تانەت لە سەدد لاوە لێ دەدرێی. ئەمڕۆ گۆرانیبێژ و شانۆکار و شاعیرو ڕۆژنامەنووس و ئەکتەر و ...ئەبێت هەنگاو و وتار و پۆشاک و کار و چالاکییەکانیان، هەر خۆیان فلتەری بکەن بەر لە خستنەبازاڕەوە. هەمووان ترێندی ئەو ڕۆژنامەنووس کچەتان بینی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە لە کاتی ڕۆماڵدا پێی دەڵێن ئەو لەچکە لارە چیە بە سەرتەوە و قژت داپۆشە، هەرچەندە بابەتی ڕۆماڵەکە مەسەلەیەکی تەواو جیاواز بوو. هاوڕێم هەیە ناوێرێ لە کاتی نوێژ بچێ بۆ ماڵان دەڵێ دەبێ وا نیشان بدەم کە نوێژ ئەکەم دەنا لە بازنە کۆمەڵایەتییەکە دەکرێمە دەرەوە.
بە کورتی ئەوفیکرە کراوە ئازادەی لە دوو دەیەی دوای ڕاپەڕین گوێی لێ دەگیرا ئەمڕۆ هەتیوە و خواخوایەتی ناوی نەهێنن، ئەوەشی تیرۆریست بوو بە پلە نایاب ئێستا کۆڕی گەرمە و ژمارەی ژن و ئۆتۆمبیلەکانی زۆرن و خەریکی بزنس و کاری بازرگانییە و فۆڵۆکانی سەددان هەزارە. ئەمڕۆ باشترین وتاری فیکری ڕۆشنگەری لە نووسەری خاوەن دەیان بڕوانامە و سەددان توێژینەوە و کتێب چەند سەدد لایەکێک لە فەیس بووک ناکەوێت، بەڵام دوعایەکی چەند ڕستەیی بانگخوازێکی دەرچووی پیشەسازی سەددان هەزار لایک و هەزاران "جزاك اللە خیرا" ئەکەوێت. ئەمڕۆ بە هەزاران ناونیشانی زانستیمان هەن هەر لە پڕۆفیسۆری پلە باڵاو و دکتۆرا و ماستەر تا دەگاتە بەکەلۆریۆس کە زۆر بە هەڵە لکاوە بە بابەتی ئایینی نائەکادیمی لایەنگر کە هیج کام لەو بابەتانەی بوارەکە یەک چرکە لە ژیانی مرۆڤ پێش ناخەن. چونکە بابەتی ئایینی هێندەی جوینەوەی پێشووە بە تام و ڕەنگێکی دیکە هێندە پڕۆژە نین بۆ خزمەتی ئێستا و داهاتوو. ئەو بابەتانە هێندەی بەرچەستەکردنی دوێنێیە لە ئەمڕۆ و سبەینێدا هێندە گوونجاندنی ئەمڕۆ نیە لە گەڵ پێشکەوتن و تەکنەلۆجیا، یاخود هێندە پێشبینی نیە بۆ سبەینێی پێشکەوتن و کاریگەرییەکانی.
ووەرن بە سەرپێیی تەماشای پیشانگاکانی کتێبخانەکانی هەرێم و فرۆشی جۆری کتێبەکان و خوێنەری جۆری کتێبەکانیش بکەن بزانن چیمان پێ دەڵێن؟ ئاخۆ چ دۆخێک و چ مەزاجێکی فیکری باڵی بە سەر هەرێمدا کێشاوە.
جاران پیشانگاکانی کتێب پڕ بوون لە خوێندکارو مامۆستای زانکۆ و نووسەر و شاعیر و هونەرمەند و ئەفەنی، ئەمڕۆش پڕن لە لاوی ڕیشنی بێ سمێڵ و بە شەرواڵ و دیسداشەی کورتەوە یان ژنانی مونەقەبەی تازە هەڵتۆقیوی نامۆ بە ژیانی کۆمەڵگای کوردی.
پارتی و یەکێتی ئەمڕۆ یاری بە ئاگرێک ئەکەن سبەی بەر لە هەر کەسێک خۆیان ئەسووتێنێ. کۆمەڵگای کوردی کۆمەڵگایەکی ئازاد و کراوە و گیانی یەکتر قبووڵکردنی تیایه لە بنەچەدا. هەوڵێکی بێ وچانی ناوچەیی و ناوخۆیی هەیه بۆ یەک ڕەنگکردنی و لە ناوبردنی ئەو گیانی یەکتر قبووڵکردنە لە کۆمەڵگای کوردی لە باشووردا. ئایین و ئایینزاکان هیچ کاتێک کێشە نەبوون لە کۆمەڵگای کوردیدا لە باشوور. من تێناگەم بۆچی هەوڵێک هەیە کە کایەی ئایینی وەکو ستەملێکراو و بێ بەش تەماشا بکرێ و بەشی شێری توانا و پاڵپشتی پێ بدرێ وەکو پاداشت. ئەمڕۆ یەکێتی و پارتی لە هەموو کاتێک بێ جەماوەرترن، ئەم دۆخەی دروستیان کردووە لە سەرقاڵ کردنی خەڵکی تەنها بە دونیای دوایی و لە بیرکردنی ئێستا و گۆڕانکاری بۆ داهاتوو، دواجار خۆیان بەر لە هەر کەسێک زیانی لێ دەکەن. ئەوان بۆ مانەوەی خۆیان، هانایان بۆ ئەم ڕێگە چەوتە بردووە. هەر لایەک جۆرە تەیارێک ئاو دەدات دژ بەوی تر، تا لەم نێوەندەدا خۆیان سەرقاڵی کۆکردنەوەی دەنگی بندیوار و حزبی و گەمەی هەڵبژاردن بن. ئەم ڕێچکەیە لە پەرەدان بە بیری توندڕەوی لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە بۆ بەرژەوەندی تەسک و کاتی، دەمێ ساڵە لە وڵاتێکی وەکو میسر پەیڕەوکراوە و مارانگازیش بوون. ئەم پەرداخە ژەهرەی یەکێتی و پارتی ئامادەی دەکەن دواتر هەر ئەبێت خۆیان بینێن بە لێوەوە هەڵیقوڕێنن. نووسەر و پەروەرەکارێکی وردی وەکو شێرزاد حەسەن سی ساڵە هاوار ئەکات پەروەردە... پەروەردە...ئەنجا پەروەردە. سی ساڵە هاوار ئەکا و تکا ئەکا کە پەروەردە ئیفلیج مەکەن، هەرچی جوانی و گیانی ڕەخنە و یاخی بوونە لە نەوەی داهاتووی زەوت مەکەن. بەڵام ئەبینین ئەمڕۆ دەسەڵات نەوەکی بێ مەعریفەی نەخوێنەوارو بێ پرسیاریان لە سەر سینییەکی زێرین خستۆتە بەردەمی دەیان بیریاری سەلەفی و وەهابی و ئیخوانی و داعشی تا بە ئارەزووی دڵی خۆیان بەو جۆرەی خۆیان بیانەوێ هەڵیانبشێلن و ڕامیان بکەن. ئەوەی ئێستا لە ئێمەوە دیارە، ئیتر سەردەمی زێڕینی کرانەوەی باشوری کوردستان ڕوو لە نەمانە و دەرگای سەردەمێکی گەلێ تاریک بەڕووی نەوەی نوێدا کراوەتەوە. نەوەیەک لە گووفتار و وتار و هەڵسوکەوتیدا، پێ بە پێی هەنگاوەکانی کەسایەتییەکی وەکو ئیبن تەیمییەی سەددەی سیانزەهەم ئەڕوات و بە چاوی ئەو دونیای سەددەی بیست و یەک ئەبینێت. واش پێ دەچێت ئەم هاوسەرگیرییە عورفییەی دەسەڵات و ئایین کورتخایەنە و هاکا هەڵوەشایەوە و ئەو دەم کۆمەڵگای کوردی دەبن بە میراتگەری دوو بەشە لەتی تا سەر ئێسقان دژ بە یەک. ترسی مرۆڤ لە کۆمەڵگا داخراوە یەک فیکرەکان زۆر زیاترە لە کۆمەڵگا کراوە ئازادەکان کە هەموو فیکرەکان دەنگیان دەبیسترێ. ئەگەر لە سەر ئاستی نەتەوەییش تەماشای ئەم دۆخەی گەلی باشور بکەین دەبینین کە دابڕانێکی گەورەی فیکری و ئازادی دەبینرێ لە نێوان کوردی باشور لە لایەک لە گەڵ کوردی باکور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، کە ئەو سییانە بە ئاراستەی ئامانجە نەتەوەییە ڕووتەکاندا دەڕۆن و کارلێکیان لەگەڵ هەر ڕووداوێکی جیهان لە ڕوانگەی نەتەوەییەوە تەماشا دەکەن. بەڵام کوردی باشوری ڕێک بە ئاراستەی دژ بە خودنەتەوە و خودکولتور و خودمێژوو و خودپیرۆزی هەنگاودەنێت. ئەوان هەموو ئامەنە ئەکەنە قوربانی ئایین و لە نێو ئایینیشدا، ئەیکەنە قوربانی ئەو مەزهەب و ڕێچکە ئایینییەی هەر گرووپێک باوەڕیان پێیەتی.
پرسیاری گرنگیش ئەوەیە کێن ئەوانەی ئەم دۆخە ناڕێکە و ئەم یەک دەنگی و یەک ڕەنگی و یەک فیکرییەی کە کراوە بە بەری کۆمەڵگایەکی لە بنەچەدا فڕە دەنگ و فڕە ڕەنگ ڕاستدەکەنەوە؟ کێن ئەوانەی دۆخەکە دەگێڕنەوە بۆ سەردەمی زێڕینی ئازادی و لە جێی پڕچەککردنی کۆمەڵگا بە فیکری توندڕەوی و تاکڕەوی و سڕینەوەی هەموو ئەوانی دیکە، فێری تۆڵەڕانس و ملمڵانێی فیکری و شەڕی ئارگوومێنت و بەڵگەیان بکەن و گیانی دیالۆگ و یەکتر قبووڵکردن و ڕێزگرتن لە هەموو جیاوازییەکان بکەن بە بەری کۆمەڵگادا؟
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی