نەوشیروان مستەفا، مرۆڤ بوو، باخچە گەورەکەی ژیانی ئەو سیاسەت بوو، لە نێو ئەو باخچەیەشدا، لە هەموو هاوڕێکانی و لە کۆی سیاسییەکانی دیکە زیادتر، خەریکی گوڵچنین بوو. ئەو چەند لەگەڵ سیاسەتدا ژیا، هێندەش لەگەڵ ئەدەب و مێژوو، چەند لە نێو دنیای کاری ڕێکخستن و پێشمەرگایەتیدا بوو، هێندەش لە نێو دنیای کاری رۆژنامەنووسی، نوسینەوەی مێژو و یادەوەری، جگە لە هەموو ئەمانەش، ئەوەی خەڵکانێکی زۆر لە ئاستی سیاسی و ئیداری باڵادا، لە شاراوەیی و بە چرپەش جورئەتی گووتنیان نەبوو، ئەو، تەنانەت ئەوکاتەیش کە هێشتا لە ڕیزەکانی یەکێتی نیشتیمانیدا کاری دەکرد، بە دەنگی بەرز و لە ڕوناکیدا، بە هەمووانی ڕاگەیاند.
نەوشیروان مستەفا، وەک مرۆڤ، وەک سیاسی، وەک نوسەر و رۆشنبیرێک هات و ڕۆیشت. مرۆڤەکانیش لە هەر ئاستێکی سیاسی، فیکری و کۆمەڵایەتیدا بن، بێ کەموکورتی نابن، نابێت بخرێنە دەرەوەی هەڵسەنگاندن و ڕەخنەی بابەتی، ڕەخنە بە مانای زانستی و دەرکردنی لە دووانەی ستایش و سوکایەتی.
بۆ ئەوەی نەوشیروان مستەفا، گەورە بمێنێتەوە، دەبێ هەڵبسەنگێنرێ، نەک پیرۆز بکرێ، دەبێ بابەتیانە بخوێندرێتەوە، نەک بخرێتە نێو پرۆسەی هەوڵدانێکی نائەقڵانی بۆ بە بتکردنی. هەر کاتێک مرۆڤەکان، سەرکردەی سیاسی بن یان شتێکی دی، خرانە نێو بازنەی داپۆشین بە بەرگی پیرۆزی، کایەی کۆمەڵایەتی و دەوروبەرێکی کاڵفام کەوتنە هۆنینەوەی حیکایەتی تەقدیس و دەرکردنیان لە بوونێکی مرۆیی و هەوڵدان بۆ پێدانی مانای بان-مرۆیی پێیان، ئیدی سەرەتای بەتاڵکردنەوەیان لەو مانا و ڕەگەزە نەتەوەیی و نیشتمانیانە دەست پێدەکات، کە خەسڵەت و ناسنامەی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەوان بوون. سەرکردەیەک، بۆ ئەوەی دوای مردنی، زیندوو بمێنێت، دەبێ دوای خۆی بە فیشەکی بچوکی ئەقڵی چەند کەس و گروپێکی بچوک نەخرێتە ململانێی ناسیاسی، نائەخلاقی و نانیشتمانییەوە، نابێت لەبری پاراستنی ناسنامە نەتەوەیی و نیشتمانییەکەی، خەریکی پێناسەکردنەوەی وەک کوڕی حیزب، گروپی کۆمەڵایەتی بچوکی بێ روئیا و بەستنەوەی بە خێزان و پەیوەندی خوێن بین. وەفا بۆ نەوشیروان مستەفا ئەوەیە، وەک خۆی کە هەبوو، وەک خۆی کە ژیا، مامەڵەی هاوسەنگ و بابەتی بکرێ، بە میتۆدی زانستی و ڕەخنەیی دوور لە بەرژەوەندی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوری، جوڵە سیاسی و مێژووییەکانی تەمەنی بنوسرێتەوە، ئێوەش، لە گردی زەرگەتە، یان لە کوردسات، ڕازین، یان ناڕازی، لە دەرەوەی ناو و کەسایەتی سیمبولی ئەودا، خەریکی حیکایەتی بچوک و شەڕی لاکۆڵانی خۆتان بن.
نەوشیروان مستەفا، دەبێ بەسەر کۆمەڵێک ڕەگەزی جیاوازی ئەدەبی، سیاسی، کۆمەڵایەتی، پێشمەرگایەتی، مێژوویی، کاری ڕۆژنامەنوسی و …هتد، دابەش بکرێ، هیچ یەکێک لەم بەشانەیشی لە چێوەی بچوکی حیزبی، سیاسی، خێزانی و ململانێی نادروستی سیاسیدا نەخرێتە سەر شانۆی نمایشێکی گاڵتەجاڕانەی بچوکەوە و لە ژێر ناونیشانی (ڕێبازی نەوشیروان مستەفا) و (پڕۆژەی نەوشیروان مسەفا)دا ناشیرین بکرێت. هەموو ڕەگەزە پێکهێنەرەکانی کەسایەتی نەوشیروان مستەفا، نیشتمانی و نەتەوەیین، گەورەتر لەو نمایشە بچوک و بێ ناوەڕۆکانەن، کە بە ناوی دڵسۆزی بۆ نەوشیروانەوە، خەریکی خاڵیکردنەوەیەتی لە جەوهەرە نیشتمانی و نەتەوەییەکەی.
هەڵەیەکی مێژوویی کوشندە، کە پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ کەسایەتی مەلا مستەفادا کردبێتی، تەقدیسکردن و بچوککردنەوەی بووە لە خانەی خێزان و بنەماڵە و حیزبدا، یەکێتی خەریکی مومارەسەی دووبارەکردنەوەی هەمان هەڵە و غەدری پارتییە سەبارەت بە کەسایەتی سیاسییەکی وەک مام جەلال. بزووتنەوەی گۆڕانیش دوای نەمانی نەوشیروان مستەفا، پێش لەتبوون و دوای لەتبوونی، هەردوو لەتەکەی خەریکی ڕێکردنن بە هەمان ڕێگە بچوک و نانیشتمانی و پڕ غەدرەکەی پارتی و یەکێتی، ئەوان ئێستا یاریزانی هەمان گۆڕەپانی داماڵینی مۆرک و مانای گەورەن لە کەسایەتی نەوشیروان مستەفادا، ئەو لە مرۆڤێکی خاوەن پرسی گەورەوە دەبەنەوە نێو کۆڵان و تولەڕێکانی ململانێی بێ ناسنامە و بەتاڵ لە پرەنسیپی سیاسی، نیشتمانی و نەتەوەیی.
نەوشیروان مستەفا، مرۆڤی بڕیارە قورسەکان بوو، لە ئاڵوگۆڕ لە شێوازی خەباتدا ڕچەشکێن بوو، سیاسی و ڕۆشنبیرێکی گەورە و موڵکی نیشتمانی بوو، وەک چۆن مستەفا بارزانی و مام جەلال موڵکی نیشتمانی بوون. بۆیە ڕاست ئەوەیە لە ژێر ناونیشانی بێ ناوەڕۆکدا لە نیشتمانیبوون نەخرێت، لە ژێر دروشمی دڵسۆزی، کڕوزانەوە و جوڵەی نمایشی لەسەر مەزارەکەیدا، لە بازنەی ململانێی بچوک و خاڵی لە مانای سیاسی و نیشتمانی، لە ڕەنگە نیشتمانی و نەتەوەییەکەی بەتاڵ نەکرێتەوە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی