سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە ئەمەریکا دوو گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیاکانی
وێسترن زاگرۆس و ئێج کەی ئێن واژۆ کرد، بۆ پەرەپێدانی وزە لە کێڵگەکانی تۆپخانەو
کوردە میر لەگەرمیان و میران لە بازیان، گوایە گرێبەستەکە بەبەهای ١١٠ ملیار دۆلارە.
کێڵگەی تۆپخانەو کوردەمیر، لەبنەڕەتدا یەک کێڵگەن، لە
سنوری سەنگاوە دەست پێدەکات تا شاخەکانی داری
خلە، بەڵام بەهۆکاری گەندەڵی پێشتر کێڵگەکان بۆ کێڵگەی بچوک بچووک دابەشکراون، تا
بدرێن بە بەڵێندەرو کۆمپانیای زیاتر.کێڵگەی میرانیش لەبازیانەوە دەست پێدەکات تا
شاخی پیرەمەگرون.
پرسیارەکە ئەوەیە؛ ئەم دوو کێڵگە بەبەهای ١١٠ ملیار وزەیان
تێدایە؟
ئەوەی حکومەتی هەرێم لە ئێستادا دەیکات تەنها بۆ ریکلام
و شۆی ئیعلامییە، ئەگینا ١١٠ ملیار بەو
مانایە دێت، کە ئەم دوو کۆمپانیایە لە ئێستاوە تا سی ساڵی تر ئیش بکەن، هەموو ئەو
بڕەی کۆمپانیاکان و هەرێم دەستیان دەکەوێت لە کرێکارو وەستاوە تا شۆفڵ و راوێژکار و مەسئول و حیزب چی دەست دەکەوێت، هەمووی
بەو بڕە دەخەمڵێنرێت، لەکاتێکدا رەنگە دوو سبەی نرخی وزە بگۆڕێت، واتە ئەمە جۆرێکە
لە خەیاڵ خۆشی و پێوانەیەکی هەڵەیە، بۆیە
مەسەلەکە زیاتر بۆ راگەیاندنە.
ئەم دوو کۆمپانیایە
واتە وێسترن زاگرۆس و ئەویتر تازە نین و پێشتر نزیکەی بیست ساڵە لە کوردستان ئیش دەکەن.
ئینجا وێسترن زاگرۆس پێشتر خۆی لە کوردەمیردا کاری کردووەو لەترسی سکاڵاکانی عێراق
کاری وەستاند، جیاوازی گرێبەستی ئەمجارە ئەوەیە کێڵگەی کوردەمیرو تۆپخانەی پێکەوە
پێدراوە کە پێشتر لەیەکتری جودا کرابوونەوە.
کێڵگەی میرانیش پێشتردرابوو بە گەنەڵ ئینرجی و نەیتوانی ئیشی تێدا بکات، ئێستا دراوە بەو کۆمپانیایەی
گرێبەستەکەی لەگەڵ ئەمجامدراوەو کراوە بە بەهەڵای ڕاگەیاندن،.
سەبارەت بەهەڵوێستی
عێراق، بێگومان عێراق توڕەیە لەهەرێم و وەزارەتی نەوت قسەی لەبارەی گرێبەستەکانەوە
کرد، بەڵام هێشتا سیاسییەکان قسەی زبریان نەکردووە، ڕەنگە نەیانەوێت دۆخەکە ئاڵۆز
بێت یان چاوەڕوانی هەڵوێستی ئەمەریکا بن.
لەگەڵ ئەوەشدا، ڕەنگە عێراق بە جۆرێک لە جۆرەکان بیر لە
نواندنی کاردانەوەش بەرامبەر هەرێم بکاتەوە، بەڵام کاردانەوەکان یاسایین یاخود مەسەلەی
دارایی، ئەوە لەماوەیەکی نزیکدا دەردەکەون.
هەرێم گرێبەستەکانی ئەنجامداوەو بەهیوای راکێشانی پشتگیری
ئەمەریکایە، بەتایبەت نزیکی یەکێک لەو دوو کۆمپانیا لە ئیدارەکەی ترەمپدا کاربەدەستە،
بەڵام گەورەترین گرفت ئەوەیە بۆ هەرێم، نە
خودی ترەمپ و نە ئیدارەکەشی متمانەیان لەسەر نییە، تا قومارێکی وا گەورەیان لەگەڵ
بکرێت.
ڕەنگە وتارەکەی بارزانی و هەڕەشەی هەڵوێست وەرگرتن بەرامبەر
بەغدا زەمینەسازی بووبێت بۆ ئەمکارە، وەک پێشتر لە وتارێکدا ئاماژەم پێکرد کەبەشێکە
لە قۆستنەوەی دەرفەت و دۆخی تایبەتی لایەنە شیعەکان و ئێران.
گەورەترین گرفت ئەوەیە نە ترەمپ و نە ئیدارەکەی، جیگەی ئەو
متمانەیە نین، هەموو سێوەکان بخرێتە سەبەتەکەیانەوە، هەروەها سەرچاوەی دارایی هەرێمیش
بەغدایە، کە دەتوانرێت هەزار بیانووی جیاواز بۆ تۆڵەکردنەوە لەهەرێم بهێنرێتەوە.
هەرێم کردی و بەغداش نیگەرانە، هەولێر چاوی لە پشتگیری ئەمەریکاو
بەغداش دەیەوێ پێشچاوی ڕوون ببێتەوە، با بزانین ئایندەی ئەم قومارە چۆن دەبێت؟!
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی