ناسیۆنالیزمی تورکیی

03/06/2025

مەریوان وریا قانع

« ناسیۆنالیزم  لە تورکیادا زۆر زیاترە لەوەی تەنها هێما بۆ زیهنەیت و دیدگایەکی سیاسیی بکات، واتە زیاترە لەوەی تەنها ئایدیۆلۆژیایەک بێت لەپاڵ ئایدیۆلۆژیەکانی تردا، بەڵکو «سیستمێکی هێمایی» و «ئەخلاقیی» بەرفراوانە،  هێما بۆ دڵسۆزبوون و نیشتیمانپەروەربوونێکی پەڕگیر و بۆ ئینتیمایەکی بیمار و پاسۆلۆژی بۆ نەتەوەیەکی بە مەزن و فووتێکراو، دەکات. لەراستیدا ناسیۆنالیزم لە تورکیادا پێشمەرجی هاووڵاتیبوونە، بە مانایەک لە ماناکان پێشمەرجی مرۆڤبوونیشە. هەستێکی هێجگار بەهێز و بیماری ئینتیماکردنە.

 یەکێک لە رەگەزە سەرەکییەکانی ئەم زیهنیەت و سایکۆلۆژیا ناسیۆنالیستییە رقبوونەوەیە لە کورد و کوردبوون و مامەڵەکردن و وێناکردنی کورد و کوردبوونە وەک دوژمن و هەڕەشەیەکی وجودی لەسەر دەوڵەت و کۆمەڵگای تورکیی. لە تورکیای ئەم چەند دەیەی دواییدا تەحەدای عەلمانیەت و کەمالیزم، کراوە، بەڵام تا ئەم ساتەش تەحەدای ناسیۆنالیزم نەکراوە.

لێرەوە خەباتی سیاسیی کورد لە تورکیادا لەیەککاتدا خەباتە دژ بە مەیلە دەسەلاتگەرەکانی دەولەتی فەرمی، خەباتە دژ بە جیهانە نهێنی و داخراوەکەی دەوڵەتی قووڵ و خەباتیشە دژ بەو زیهنیەت و مانایانەی ناسیۆنالیزم لە تورکیادا لەخۆی گرتوە. ئەمەش ئەرکێکی هێجگار قورس و سەخت و هەمەلایەنە، ساڵانێکی درێژی خەباتی مەدەنیی و سیاسیی بێماندبوونی پێویستە. بەگژاچوونەوەی دەوڵەتی فەرمی و دەوڵەتی قووڵ و بونیادە زیهنی و سایکۆلۆژییەکەی ناسیۆنالیزمی تورکیی، شتێک نییە بە خەباتی  چەکداریی بکرێت.»





ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی