کونسوڵی گشتی ئەمریکی؛ موچەو گرێبەستەکانی گازو ڕێگای نێوان ھەولێرو سلێمانی

05/06/2025

دکتۆر محەمەد عەلی

یەک: زۆر ڕوونە کەیەکێک لەھۆکارە سەرەکیەکانی گرفتەکانی ئێستای ھەرێم و بەغدا؛ گرێبەستەکانی گازن لەنێوان حکومەتی ھەرێم و کۆمپانیا ئەمریکیەکان.
دوو: ئیمڕۆ لە کۆڕێکی زانکۆی ئەمریکی (سلێمانی)؛ ھەموومان چاوڕەێی ئەوەبوین کەکونسوڵی گشتی ئەمریکی لەسەر بابەتی ناوبراو بدوێت.
سێ: نەک کونسوڵ؛تەنانەت بەڕێوەبەری کۆڕەکەش (سەرۆکی زانکۆکە)؛ بەیەک وشەش دنەی ئەو بابەتەیان نەدا.
چوار: بەڕێوەبەری کۆڕەکە؛ دوو ھێندەی کونسوڵ پرسیار و سەرنجیدا. کاتێکی زۆری بۆ خۆی قۆرغکرد، جگە لە خستنە بەرباسی بابەتی زۆر لاوەکی و پەراوێزی هیچی ترمان نەبیست.
پێنج: یەکێک لەو پرسیارە سەیرانە کە بۆمن مایەی شەرم بوو "جەنابی کونسوڵ ڕێگای نێوان ھەولێرو دھۆک زۆرباشە، بەڵام ھی سلێمانی و ھەولێر خراپە؛ بۆچی بەدەسەڵاتی کوردی ناڵێیت چاکی بکات ؟". بەئینگلیزیەکەی ووتی " Why do not you tell them to behave" یانی " بۆ پێیان ناڵێی کە عاقڵ بن!". ئەمە نەک ئیشی کونسوڵ نیە؛ تەنانەت ئەوپەڕی بەرزکردنەوەی بەرامبەر و بچوکردنەوەی خود و خۆبەکەمزانینە.
شەش: بێگومان کۆڕگێڕ؛ ھیچ کاتی نەھێشتەوە بۆ زۆربەی زۆری ئامادەبوان (بەخۆشمەوە)؛ کەبتوانن سەرنج و پرسیاری خۆیان بخەنەڕوو.
حەوت: دەبێ نوخبە لەوەبگەن کە ئینگلیزی زمانە نەوەک مۆڵەتی ھەبوونی وشیاری و ڕەخنەو مەعریفەی پێویست. لەوەش خراپتر؛ زانینی زمانی ئینگلیزی نەکەنە ئامڕازی غرورو پۆزلێدان.


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی