بیلال ڕەئوف ـ دکتۆرا لەئابوری سیاسیی
10 پاکێجی سزای نوێ لەماوەی گفتوگۆکاندا
دانوستانی نێوان ئێران و ئەمریکا نزیکدەبێتەوە لەدوو مانگ بەلام هێشتا ئاسۆیەک بۆ رێککەوتن نییەو لەو ماوەیەدا بەنێوەندگیریی عومان، ئێرانو ئەمریکا پێنج خولی دانوستانیان ئەنجامداوە سەرەڕای لێدوانی ئەرێنی ترەمپ، بەڵام ئەمریکا لەهەمان ماوەدا 10 پاکێجی سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاندوە هەرچەندە ئێرانیەکان بەتایبەت بەرەی ڕیفۆرمخواز لەوباوەڕەدابون خول بەخولی گفتوگۆ، ئەمریکا دەستی سزاکانی شل بکات، بەڵام توندتری کردوە، بۆ دوو وڵاتو کیانی سیاسیی ئاساییە لەماوەی گفتوگۆ کارتو فشارەکانیان بەرامبەر یەکتر زیادبکەن، بەڵام ئەمە لای ئێرانیەکان بەتایبەت توندئاژۆکان مایەی نیگەرانی لاوازی پێگەی ئێران دەردەخات.
ئەنجامی خولی پێنجەم
ئەنجامەکانی خولی پێنجەمی گفتوگۆکان ئومێدبەخشنەبوو نزیکبوو لەوەی کۆتای بەدانوستانبێت، بەڵام پێشنیازێکی عوممانی نێوەندگر کە خستیە سەرمێزی هەردولا کەمێک ئومێدی گەڕاندەوەو هەردولا ئامادییان دەربڕی بۆ هەڵسەنگاندنی هەرزوو ئەمریکا پێشنیاری خۆی بە نوسراو گەیاندەوە مەسقەت تا بگاتەوە تاران و ترەمپ لە لێدوانێکی بۆ میدیاکان وەک پیشەی هەمیشەی داوایکرد زۆر بەزوی ئێران وەڵامی رون و ئاشکرای هەبێت بەلام پێناچێت وەلامەکەی ئێران بەدڵی ئەمریکابێت کاتێک وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی پێشنیاری نوێیان بۆ ئەمریکا هەیە و نوسراوەکەی واشنتن ناڕونی زۆر تێدایە
ئیلۆن ماسک و زەریف
ئێران سەرقاڵی تاوتوێی نوسراوی ئەمریکابوو سەبارەت بە رێککەوتن لەسەر دۆسیە ئەتۆمیەکەی کە ئیلۆن ماسک لەکابینەکەی ترەمپ دەستی لەکارکێشایەوە ئەمە بۆ ئێرانیەکان مایەی نیگەرانیە بەهۆیی ئەوەی ئەندازیاری گفتوگۆکانیان لەگەل ئەمریکا دەوڵەمەندترین پیاوی جیهانبوو چونکە لەوکاتەوە بیرۆکەی گفتوگۆو دانوستان دروستبوو کاتێک لە دیداری ئیلۆن ماسک و نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە نێوەراستی مانگی یانزەی ساڵی رابردوو کەکۆبونەوەیەکی دور لەچاوی کامێراکان ئەنجامیاندا دەستیپێکرد، هەروەک چۆن دەستلەکارکێشانەوەی زەریف لەناوخۆی ئێران کاریگەری نەرێنی لەسەر بەرەی پشتیوانی رێککەوتن لەناوخۆی ئەو وڵاتە دروستیکرد هاوکات دەستلەکارکێشانەوەی ئیلۆن ماسک بەهەمان شێوە بەرەی رێککەوتن لەنێو کابینەکەی ترەمپ لاواز دەکات.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی