جەنگی دەوڵەتەکانی ئیسرائیل و ئیران، سیما و وێنای ئایندەیەکی ڕاستەقینەی پڕ لە مەترسی لە ئێستاوە نیشانی خەڵک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدا. قسەکانی هەردوو لای ئەم شەڕە بەسە بۆ ئەوەی کە بزانین چۆن دوو هێزی دڕندەی سەرمایەداری لەم ناوچەیەدا باشترین ئەکتەر و کارەکتەری ئەم دەورەیەی دڕەندەکانی سەرمایەن، کە دەوری سەرەکی دەبینن لە دیاریکردنی ئایندەیەکی تاریک و پڕ شەڕ و نائارامی و هەژاری و قەیرانی ئەم ناوچەیەدا. ئەمە دەورەی دڕندەکانی سەرمایەیە، کە ئەمڕۆ لە ئۆکرانیا و فەلەستین و ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستدا دەیانەوێ لە ڕێگەی شەڕەوە هاوسەنگی هێزی نێوان خۆیان بگۆڕن لە پێناو دابەشکردنەوەی ناوچەکانی کاریگەری دەسەڵات و بەجێهێنانی پڕۆژە ئابوری و سیاسیەکانیان.
ئەم شەڕە ئاڵۆزیەکی سیاسی و سەربازی لە ناوچەکەدا دروست دەکا کە شەڕەکانی کەنداوی دەیەی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو لە چاویاندا سادە دەبن، یان تەنانەت لە چاو شەڕی ئۆکرانیا و روسیادا کە چوارچیوەی شەڕەکان تا ڕادەیەک دیاریکراوە.
ئەم شەڕەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ساڵێکە دەستی پێکردوە و لە قۆناغی شەڕی نوێنەرەکانی کۆمار ئیسلامی ئێرانەوە ئێستا گوازراوەتەوە بۆ شەڕی ڕاستەوخۆی ئەم دەوڵەتە لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیلدا و ئەمەش چاوەڕوانی تەقینەوەی گەورەتر و فراوانبونەوەی مەیدانی شەڕ و کارەساتی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی زیاتری بەدواوەیە.
هەرچەند بەرژەوەندە ئابوریەکانی بازاڕی جیهانی سەرمایە و نەوت سنوری فراوانبونەوەی ئەم شەڕە بەرتەسک دەکەنەوە لە ئێستادا و هیچ کام لە وڵاتە زلهێزەکان خوازیاری ئەوەش نەبن کە پڕۆژە ئابوریە ستراتیژی و سەرچاوەکانی وزە لە ناوچەکەدا بوەستن، بەڵام ناکۆکی بەرژەوەندیەکان و پڕۆژەکانی ڕیگای ئاوریشمی چین یاخود بازاڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەراستی نوێی ئەمریکا کە سعودیە و ئیسرائیل هاوبەشە سەرکیەکانی بن، خۆی لە ژێر ئاگری ئەم شەڕەدا چارەنوسیان دیاری دەکرێت.
شەڕی ئەم لایەنە دژ بەیەکانی بورژوازی و حکومەتەکانیان لەسەر بەرژەوەندی ئابوری و سیاسی و هەژمونی سەربازی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بوەتە مایەی بە قوربانی بونی زیاتری کرێکاران و خەڵکی هەژاری ئەم ناوچەیە و کوژران و هەژارتر بوون و ڕیگری بەردەم سەرکەوتنی ناڕەزایەتی و ڕزگاربون لەدەست ئەم دڕندانەی سەرمایەداری ناوچەکە و دەسەلاتدارانی جیهانی سەرمایە.
ئەوە گرنگە کە ئەمڕۆ خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی ئیران و ئیسرائیل و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دژی هەردوو بەرەی جەنگەکە بن. بەڵام پیویستە بزانین کە ئەم دڕندانەی سەرمایەداری ئەمڕۆ درێژە بەم شەڕەی خۆیان دەدەن و سەرکوتی هەموو ناڕەزایەتیەک دەکەن دژی دەسەڵاتی شەڕخوازانەی ئەوان بێت. ئێمە دەبێ وەک بەرەیەکی یەکگرتوی سەربەخۆی چینایەتی دژی هەموو لایەنەکانی ئەم دەورەیەی دڕندایەتی سەرمایەی جیهانی و ناوچەیی بوەستینەوەو هەنگاو دژی شەڕ و دەسەڵاتی هەردوو بەرەی ئەم شەڕە بنێین، و تەنیا بەم هێزە ڕیکخراو و یەکگرتوەمانەوە دەتوانین پارێزگاری لە ژیانی خۆمان بکەین، و نەبینە قوربانی جەنگی دڕندەکانی سەرمایەداران.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی