بەراوردی دوو سەردەم؛ یادی دروستبونی گۆڕان و سەردەمی کارەکتەرەکانی دروشمبازی

1 کاتژمێر پێش ئێستا

بڕیار جەلال

ئەمڕۆ 17 ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر ڕاگەیاندنی بزووتنەوەی گۆڕاندا؛ ئەو هێزەی بە ناوی گۆڕانکاری و چاکسازییەوە هاتە کێبڕکێی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا. بەڵام دوای نزیکەی دوو دەیە، نەک هەر نەیتوانی دروشمە سەرەکییەکانی (کە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و هێنانەکایەی حوکمڕانیی باش بوو) بێنێتە دی، بەڵکو بەشێکی زۆر لە سەرکردە و بەرپرسەکانی کە لە ڕێگەی ئەم بزوتنەوەیەوە گەیشتنە پۆست و پلەی باڵا، بوونە بەشێک لە هەمان ئەو پێکهاتە حوکمڕانییەی کە لە ڕابردوو ڕەخنەیان لێدەگرت.

‎نەوشیروان مستەفا، وەک ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەکە، لە کاتێکدا گردی زەرگەتەی لە شاری سلێمانی کردە مۆڵگەی سەرەکیی بزوتنەوە چاکسازییەکەی، بەڵام پرۆسەکە لە ئاستی ئامانجە بنەڕەتییەکانیدا پەکی کەوت. نەیتوانی گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە هزری سیاسیی کۆمەڵگەدا بێنێتە ئاراوە، و تەنانەت لە ڕاگرتنی هاوسەنگی و ئاراستەی شوێنکەوتووان و سەرکردەکانی ناکام بوو؛ ئەو شوێنکەوتووانەی رۆژانێک توندترین دروشمیان دژی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی دەوتەوە، کاتێک گەیشتنە ناوەندەکانی بڕیار، بوونە پارێزەری هەمان ئەو مۆدێلە ئیدارییەی کە ڕەخنەیان لێ دەگرت.

‎ئەمڕۆ بەشێکی زۆر لەوانەی لە ڕێگەی دەنگی ناڕەزایەتیی خەڵکەوە گەیشتنە پۆستی باڵای حزبی و حکومی، ڕووبەڕووی ڕەخنەی توندی جەماوەری دەبنەوە. کەسایەتییەکانی وەک: هەڤاڵ ئەبوبەکر، ڕێباز حەملان، دانا عەبدولکەریم، ئاوات شێخ جەناب، مستەفا سەید قادر، بێستون فایەق، کوێستان محەمەد، و محەمەد حاجی—لەو دەموچاوە دیارانەی گۆڕانن کە ئێستا لە ناوەندی ڕەخنە و ناڕەزایەتییەکاندا دەبینرێنەوە.

‎خەڵک مافی خۆیەتی ڕەخنە بگرێت؛ چونکە ئەم کارەکتەرانە لەسەر حسابی بڕوا و دەنگی شەقام بەرپرسیارێتیی گەورەیان وەرگرت، بەڵام لە بەردەم کەموکوڕییە حوکمڕانییەکاندا بێدەنگییان هەڵبژارد، یان ڕاستەوخۆ بوونە بەشێک لە بەرگریکاران لە شێوازی کارکردنی حکومەت.

‎ئەمڕۆ کاتێک یادی دروستبوونی گۆڕان دەکرێتەوە، هەرێمی کوردستان لە ڕووی ئابووری، ئیداری و خزمەتگوزارییەوە لە دۆخێکی قورستردایە. ئەو کاتەی بزووتنەوەکە لە ڕێگەی میدیاکەیەوە پەلاماری حکومەتەکەی د. بەرهەم ساڵحی (لە ساڵانی ۲۰۰۹–۲۰۱۱) دەدا، هەلومەرجی گوزەرانی هاوڵاتیان بەراورد بە ئێستا بە شێوەیەکی بەربڵاو باشتر بوو:

‎* نرخی سووتەمەنی و پێداویستییە سەرەکییەکان لە نیوەی ئاستی ئێستادا بوو.
‎* مووچەی فەرمانبەران مانگانە و بێ دواکەوتن دابەش دەکرا.
‎* ڕێز لە یاسا و دامەزراوە فەرمییەکانی وەک پەرلەمان و دادگاکان دەگیرا.
‎* کەرتی خزمەتگوزاری و پڕۆژە گشتییەکان (وەک قەرزی زەواج، قەرزی بچووک، تواناسازیی خوێندکاران، دامەزراندنی زانکۆکان و پڕۆژەکانی بونیادنان، پێدانی قەرز بە جوتیاران، ئۆتۆمبێلی جوتیاران و زیندانیانی سیاسی) بەردەوام بوون.

‎بەپێچەوانەی ئەو قۆناغە، ئێستا هاوڵاتیان ڕووبەڕووی بەرزبوونەوەی نرخی پێویستیەکانی رۆژانە، وەستانی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران، و لاوازبوونی کەرتی خزمەتگوزاری و تەندروستی بوونەتەوە. کەچی بەشێک لە سەرکردە و دروشمبازەکانی دوێنێی گۆڕان، لە جیاتی بەرگریکردن لە مافەکانی هاوڵاتیان، یان سەرقاڵی ململانێی ناوخۆیی و دابەشبوونی حزبەکەیانن، یان بوونەتە ڕاوێژکار و وتەبێژی هەمان ئەو دەسەڵاتەی کە بەرپرسیارە لە کێشەکان.

‎دروشمی دروستبوونی گۆڕان لە بنەڕەتدا دروشمێکی پێویست بوو بۆ کۆمەڵگە، بەڵام ڕەفتاری سیاسیی ئەکتەرەکانی، متمانەی جەماوەریی بە پرۆسەی گۆڕانکاری تووشی داڕوخان کرد. بۆیە ئەمڕۆ لە شوێنی دەستخۆشی و پیرۆزبایی، ئەم بزووتنەوەیە و سەرکردەکانی لە بەردەم ڕەخنەی توند و بەرپرسیارێتییەکی مێژووییدا وەستاونەتەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە