پێشەکی
گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران لە چوارچێوەی شێوازێکی نوێی ململانێدا کە لە چەمکە تەقلیدییەکانی شەڕی ڕاستەوخۆ تێدەپەڕێت، بە خێرایی پەرەدەسەنن. ڕووبەڕووبوونەوەکە لە دەوری چەند خاڵێکى ستراتیژیی دەسوڕێتەوە، لەوانە بەرنامەی ئەتۆمی، بڵاوبوونەوەی ناوچەیی، مووشەکی دوورمەوداى زیرەک و شەڕى ئەلیکترۆنی. هەرچەندە لە ئێستادا شەڕێکی تەواو بەدوور دەزانرێت، بەڵام لە ژێر ڕۆشنایی ناهاوسەنگی یان حیساباتی هەڵەدا، خلیسکان بەرەو سیناریۆ مەترسیدارترەکان ئەگەری هەیە. ئەم توێژینەوەیە هەوڵ دەدات ڕەفتاری ئیسرائیل لە ڕوانگەی تیۆرییەکانی ململانێیەوە شی بکاتەوە و چوارچێوەیەکى ئەگەرى بۆ وەڵامدانەوەی هەمەلایەنە بۆ سیاسەتی ئێران بخاتەڕوو و لە ڕوانگەی ستراتیژییەوە ئاڵۆزیی دانوستانە ئەتۆمییەکان شی بکاتەوە.
یەکەم: ئیسرائیل لە چوارچێوەی ململانێیەکی فرە ئاستدا
لە ژێر ڕۆشنایی تیۆری گەمەکان، ئیسرائیل لە یەک یاریگادا یاری ناکات، بەڵکو لە زنجیرەیەک گەمەى بەیەکەوە گرێدراودا یاری دەکات:
1. گەمەی ئەتۆمی: ڕێگریکردن لە گەیشتن بە بەربەستی توانای ئەتۆمی ئێران.
2. گەمەی ناوچەیی: سنووردارکردنی هەژمونى ئێران لە عێراق، سوریا، لوبنان، و یەمەن.
3. گەمەی میدیایی: بەڕێوەبردنی گێڕانەوەى ئیسرائیل بۆ پرسی ئەتۆمى ئێران لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی.
4. گەمەی ناوخۆیی: پاراستنی باڵادەستی سیاسی و سەربازی ناوخۆیی.
ستراتیژی ئیسرائیل لەسەر دوو بنەمای سەرەکی دامەزراوە:
1. بە ئامانجگرتنی دەستە بژێرەکان (زانایان، سەرکردەکان).
2. لێدان لە ژێرخانی بەڕێوەبردنی بەرهەمهێنانی کارەبا (ڕیاکتۆر، سیستەمی بەرگری، هێڵەکانی کارەبا، سیستەمی فەرماندەیی).
دووەم: پاڵنەرەکانى ستراتیژى ئیسرائیل لە ساڵی ٢٠٢٥
1. ئێران لە سەروبەندەى بوون بە توانایەکى ئەتۆمی: ڕاپۆرتەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ئاماژە بەوە دەکەن کە ئێران خاوەنی توانای پیتاندنی پێشکەوتووە و یەدەگی یۆرانیۆمی پیتێنراوى هێندە هەیە بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا.
2. شکستی سیاسەتی ئیسرائیل: هەڕەشەکانی ئیسرائیل چیتر کاریگەر نین لە ڕێگریکردن لە بەهێز بوونى ئێران.
3. ترس لە دانوستانەکانی ئەمەریکا و ئێران کە ئیسرائیل گۆشەگیر دەکات: هەر ڕێککەوتنێکی ئەتۆمی نوێ پرسەکە دەگەڕێنێتەوە بۆ کەناڵی دیپلۆماسی، بەمەش پەراوێزی مانۆڕی سەربازی و هەواڵگری ئیسرائیل کەمدەکاتەوە.
4. وەرینی وێنەی خۆڕاگری ئیسرائیل دوای:
- هێرشەکەی ساڵی ٢٠٢٤ بۆ سەر بەندەری ئیلات.
- هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان.
- شکستى سیستمی گومەزى ئاسنین لە ڕێگری کردن لە هەندێک لە مووشەکەکانى یەمەن و ئێران.
سێیەم: ئامرازەکانی ئیسرائیل لە شەڕی سنوورداردا
1. ئۆپەراسیۆنی سێبەر: تیرۆر و بۆردومانی بە ئامانج.
2. هێرشی ئەلیکترۆنی: بە ئامانجگرتنی بانکەکان، سیستەمی کارەبا، و سیستەمی بەرگری.
3. هاوکاری هەواڵگری لەگەڵ هاوپەیمانانی ناوچەیی (ئازەربایجان، ئیمارات و وەک ئێران دەڵێت هەرێمى کوردستان).
4. شەڕی دەروونی و میدیایی بۆ لاوازکردنی مۆڕاڵ و بەرزکردنەوەی گومان.
چوارەم: ئاڵۆزی دانوستانە ئەتۆمییەکان:
دانوستانە ئەتۆمییەکان لە سەرەتاوە پرۆسەیەکی سادە نەبوون، بەڵام لەگەڵ گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ دەسەڵات ئاڵۆزتر بوون. ڕێبازی ترەمپ بۆ پرسی ئەتۆمی ئێران بە ئامانجی گەیشتن بە ڕێککەوتنێک سەقامگیر نەبوو، بەڵکو لەسەر سێ بنەمای سەرەکی دامەزرابوو:
1. ڕێگریکردن لە چوونى ئێران بەرەو ڕۆژهەڵات: ئیدارەی ترەمپ نزیکبوونەوەی ئێرانی لە چین و ڕووسیا وەک هەڕەشەیەکی ناڕاستەوخۆ بۆ سەر هەژموونی ئەمریکا تەماشا دەکرد، هەربۆیە هەوڵی بڕینی ئەم میحوەرەی دا لە ڕێگەی هەڕەشە و گوشارەوە.
2. دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوە ستراتیژییەکانی ئێران: سوود وەرگرتن لە پرسەکە بۆ کرانەوەى دانوستان لەسەر سەرچاوەى سروشتى وبازاڕەکانى ئێران بە بیانووی هەڵگرتنی سزاکان، تاکتیکێکی هاوشێوەی ڕەفتاری واشنتۆن لە پرسی ئۆکرانیا.
بەڵام دانوستانەکان تا ئێستا سەربارە بانگەشە ئەرێنییەکان، ئەنجامی ئەو تۆى نەبووە لەبەر چەند هۆکارێک:
1. ئێران چەند مەرجێکى تەکنیکی و سیاسی بۆ پرۆسەی دانوستان زیاد کرد.
2. واشنتۆن هەرکاتێک هەستی بە فشار کردبێت، سەقفی داواکارییەکانی بەرزتر کرووەتەوە، ئەمەش کەلێنی نێوان لێکتێگەیشتنەکان فراوانتر دەکرد.
3. گۆڕانى پرسەکە بۆ هاوکێشەیەکی جیۆپۆلەتیکی ئاڵۆز.
پێنجەم: بژاردەی ئێران لە بەرامبەر گەمەی نەتانیاهۆدا
بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەو شتەی کە بە گەمەی دوو سەر ناسراوە کە ئیسرائیل ئەنجامی دەدات (یان ڕێگریکردن لە ڕێککەوتنێک یان وروژاندنی وەڵامێکی ئەمنی کە پاساو بۆ دەستدرێژیکردن دەهێنێتەوە)، ئێران ستراتیژێک دەگیرێتە بەر بۆ ڕێگریکردن کە لەسەر بنەمای سێ پایە دامەزراوە:
1. بەڕێوەبردنی کات و پارچەپارچەکردنی ئیرادەی دژ بەیەک:
- هێشتنەوەی دەرگای دانوستان بە کراوەیی و بەکارهێنانی تاکتیکی کڕینی کات.
- دوورکەوتنەوە لە کاردانەوەی بەپەلە کە پرۆسەی دیپلۆماسی لە ڕێڕەو دەربهێنێت.
2. هاوسەنگی هەڕەشە و ئیستفزازی حیساب بۆکراو:
- وەڵامدانەوەی هێرشەکانى ئیسرائیل بەبێ لەدەستدانی کۆنتڕۆڵ.
- هاوبەشکردنی پشکی واشنتۆن لە تێچووی کۆنترۆڵکردنی ڕەفتارەکانی ئیسرائیل.
- پاراستنی ناڕوونی سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی لە هەمان کاتدا ئاماژەدان بە دەرئەنجامەکانی لە ئەگەری پەرەسەندن.
شەشەم: ئەگەرەکانی پەرەسەندن و سیناریۆکانی داهاتوو
1. پەرەسەندنی هەنگاو بە هەنگاو: بەردەوامبوونی هێرشەکان لە ڕێگەی بریکارەکانەوە.
2. شەڕی سنووردار لە بەرەی لوبنان یان سوریا.
3. سەرهەڵدانی ململانێیەکی بەربڵاوی ناوچەیی ئەگەر ئەمریکا یان ڕوسیا تێوەبگلێن.
داهاتووی ڕووبەڕووبوونەوەکە پەیوەستە بە دوو هۆکارەوە:
1. توانای هەر لایەک بۆ خۆگرتن بەبێ ئەوەی سازش لەسەر شکۆمەندی خۆی بکات.
2. ڕادەی فشارە نێودەوڵەتییەکان لەسەر هەردوولا بۆ کۆنترۆڵکردنی ململانێکان لە سنووری خۆیدا.
ئەنجام
ئەوەی لە نێوان ئیسرائیل و ئێراندا دەگوزەرێت، تەنیا شەڕێکی تەقلیدیی نییە، بەڵکو ململانێیەکە کە لەسەر بنەمای دووبارە داڕشتنەوەی هاوکێشەکانە لە ڕێگەى بەکارهێنانی هەردوو هێزی نەرم و ڕەقەوە. ئیسرائیل هەوڵدەدات لە ڕێگەی هێرشی سنووردارەوە ئێران جڵەوبکات، لە کاتێکدا ئێران کاردەکات لەسەر پەرەدان بە وەڵامەکانى بە شێوەیەک کە تەنها کاردانەوە نەبێت، بەڵکو تێکەڵەیەک بێت لە فشاری سەربازی، یاسایی و میدیایی.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی