پەروەردە لە نمایشکردنەوە بۆ چاکسازی

21 کاتژمێر پێش ئێستا

رزگار شێخ حەسەن

گۆڕانکاری لە هەر بوارێکی ژیان، بە تایبەتی لە بوارە ستراتیژییەکانی وەک پەروەردە، پێویستی بە بیرکردنەوەی قووڵ و بەرنامەی ڕوون هەیە، هۆکاری سەرەکی گۆڕانکاری لە پۆست و پێگە لە بنەڕەتدا بریتییە لە نوێکردنەوەی کار و هێنانەپێشەوەی لێهاتووی نوێی کارکردن و رەخساندنی دەرفەت بۆ کەسایەتییەکان و لێهاتووییەکان بتوانن ڕۆڵی خۆیان ببینن، ئەم پرەنسیپە گشتگیرە بۆ هەموو جۆرە گۆڕانکارییەک راستە، بە تایبەتی بۆ گۆڕانکارییەکانی سیستمی پەروەردە کە بریتییە لە گۆڕانکاری لە سیستمی پەروەردە و هێنانی جۆری نوێی بیرکردنەوە و چاکسازی لە بواری پەروەردەدا.
بەداخەوە لە هەرێمی کوردستان، وەرگرتنی پۆستی نوێ کراوەتە بۆنەیەک بۆ گوڵبردن و سەردانی ناپێویست و موجامەلە و ستایشکردن، ئەم ڕەوشە نەک هەر وەبەرهێنان لە پێشکەوتن ناکات، بەڵکو دەبێتە هۆکارێک بۆ خۆنمایشاکردن ، ئەمە لە کاتێکدایە کە نە پەروەردە پێویستی بەم خۆنمایشکردنە هەیە و نە وەرگرتنی پۆستێکی وەک بەڕێوبەری گشتی بۆ ئەوەیە بە درێژایی چەندین مانگ گوڵ ببرێت و گوڵ بێت.
لەگەڵ دەستبەکاربوونی بەڕێوبەرێکی نوێ، دەرگا بەڕووی فەرمانبەران کراوەتەوە بۆ پیرۆزبایی و نیشاندانی دڵسۆزی، تا لە ئایندەدا داواكارییه‌كانیان جێبه‌جێ بكرێت و نوێكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ به‌رێوبه‌ری نوێ بۆ خزمه‌تی خۆیان به‌كار بهێنن ، ئەمە نیشاندانی هێزی بەڕێوەبەرە بۆ حزب تا من رۆڵم هه‌یه‌ له‌وه‌دا هاوڵاتیان و هاوپیشه‌كان له‌گه‌ڵ حزب ئاشت بكه‌مه‌وه‌ و  له‌ هه‌مانكاتدا نیشاندا هێز و پێگه‌ی تایبه‌تی خۆیه‌تی كه‌ گوایه‌ لای هه‌موان خۆشه‌ویسته‌ ، ئەم ڕەوشە نەک هەر یارمەتی گەشەسەندنی بواری پەروەردە نادات، بەڵکو دەبێتە کۆسپ لە ڕێگای پێشکەوتندا.

 بە بروای من یەکێتی نیشتیمانی پێویستی بەوە نییە بەڕێوبەرە گشتییەکانی خەریکی گوڵ وەرگرتن و خۆنمایشاکردن و سەردانی کەسانی تر بن، بەقەدی ئەوەی پێویستی بەوەیە بەرنامەیەکی کار گەڵاڵە بکەن بۆ پێشخستنی بواری پەروەردە و فێرکردن و دروستکردنی تاکی لێهاتوو، ئەم بابەتە بنەڕەتی جۆری سیاسەت و بەڕێوبەردنی سیستمی پەروەردەیە کە پێویستی بە ئاراستەیەکی نوێ هەیە.
هەموو ئەو گۆڕانکاریانەی کراوە، بەڕێوبەری نوێ نەیتوانیوە ڕوئیاو تێگەیشتنی خۆی بۆ جۆری کار و پلانی کاری بخاتەڕوو، تەنها گرنگی بە خۆنمایشاکردن داوە، باشتر بوو بەڕێوبەری نوێ سەرقاڵی بەرنامەی کاری نوێ بێت بۆ قوتابخانەکان و سیستمی پەروەردە لە وڵاتدا، لە ئێستادا دەوامی قوتابخانە نەماوە، ساڵی خوێندن چەند مانگێکی دیکە دەستپێدەکاتەوە، هیچ ئایندەی وەرگرتنی موچە دیار نییە. چ پرۆژه‌یه‌ك له‌ ئارادایه‌ بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی په‌روه‌رده‌؟ ، ئایا باشتر نییه‌ له‌ جیاتی وێنه‌گرتن به‌شیوه‌یه‌كی وردتر كارله‌سه‌ر چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی په‌روه‌رده‌ بكرێت ، راوێژ به‌ كه‌سانی پسپۆڕ و تایبه‌تمه‌ند بكرێت كه‌ یارمه‌تیده‌ر بیت بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان؟
سەردەمانێک خوێندەوارەکانی بواری پەروەردە بە نمونەی  مامۆستا جەمال عەبدول و  نەشئەت غەفور دەبوونە پلان داڕێژەری پەروەردە، ئەو کەسانە بە زانیاری ئەکادیمی قووڵ و شارەزایی تایبەتمەندیان لە بواری پەروەردەدا، توانیویانە بەرنامە و پلانی کاریگەر دابڕێژن کە بەرەنجامی ئەرێنییان هەبووە. ئەمڕۆ پێویستمان بە هەمان ڕێبازی زانستی و ئەکادیمی هەیە لە بەڕێوبەردنی سیستمی پەروەردەدا.

گرنگە سەردانی بەڕێوبەری نوێ نەکرێت، بەڵکو بەڕێزی لەڕێگای کەناڵە فەرمییەکان و  ئۆرگانە پەروەردەییەکانەوە پلان و کاری نوێ بۆ ساڵانی خوێندن بخاتەڕوو، پاشان خۆی میوانداری پەروەردەکاران بکات و ڕا و سەرنجیان وەربگرێت. ئەم ڕێبازە زیاتر کاریگەرە و لە بەرژەوەندی پەروەردەدایە لە جیاتی نمایش و سەردانی کەسی.
نوێکردنەوەی ڕاستەقینەی سیستمی پەروەردە پێویستی بە چەندین پێکهاتەی سەرەکی هەیە. یەکەم، پێداویستییە بە شیکردنەوەی ڕەوشی ئێستا و دیاریکردنی کەلێن و کێشەکان هەیە. دووەم، دانانی ئامانج و مەبەست بۆ ماوەی کورت و درێژخایەن. سێیەم، بەشداریکردنی هەموو لایەنەکانی پەیوەست بە بواری پەروەردە لە پرۆسەی بڕیاردان و جێبەجێکردندا.
هەروەها گرنگە کە نوێکردنەوە تەنها لە پێکهاتەی ناوەوەی سیستمەکەدا نەمێنێتەوە، بەڵکو بەستراوی بە  بازاڕی کار و پێداویستییەکانی کۆمەڵگاش بێت. ئەمە واتای ئەوەیە کە پەروەردە دەبێت بەشێک بێت لە ستراتیژی گشتی گەشەسەندنی هەرێم و وڵات.
دەرئەنجام
لە کۆتاییدا، گۆڕانکاری لە سیستمی پەروەردە پێویستی بە بیرکردنەوەیەکی ورد و کاری تیمی هەیە، نەک نمایش و سەردانی کەسی. پێویستە بەڕێوبەران گرنگی بە دانانی بەرنامەی کاری ڕوون بدەن کە ئامانجی پاراستن و پەرەپێدانی ئاستی پەروەردە و فێرکردنی بێت. هەروەها گرنگە کە هەموو هەنگاوێک بە ئاراستەی چارەسەری کێشەکانی ڕاستەقینەی سیستمی پەروەردە بێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی