عەنکاوا لەنێوان حەقیقەت و شێواندندا بانگەوازێك بۆ لابردنی بەربەستەکان!

10 کاتژمێر پێش ئێستا

باسم فرەنسیس ـ ڕۆژنامەنووس

باسم فرەنسیس ـ ڕۆژنامەنووس

بەمدواییانە، لەگەڵ زۆربوونی ڕەخنەو تێبینییەکان لەسەر دۆخی ئێستای عەنکاواو ئەو کاردانەوە بەرفراوانەی کە بەدوایداهات، بەدحاڵیبوونێکی ئاشکرا لە بەشێك لە برایانی کورد دەربارەی کەلتوور و مێژووی عەنکاوا و دانیشتوانەکەی بەدیکرا. لەچەندین لاوە تێبینی سەرسوڕمانی زۆر کەسم کرد کە ڕەنگدانەوەی کەلێنێکی گەورەیە لە ئاستی زانین و ئاگاداربوون لە ڕۆڵ و کاریگەریی هاووڵاتیانی پێکهاتەیەکی ئێتنی و ئایینی جیاواز.

یەکێك لە خاڵە سەرنجڕاکێشەکان ئەو بەکەم سەیرکردنە بوو کە لە بەشێك لە ڕاگەیاندنەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکرایەوە سەبارەت بەو قوربانییانەی عەنکاوا و گەنجەکانی لە رابردوودا پێشکەشیان کردووە، کە هەندێکیان شەهید بوون و هەندێکی دیکەش هێشتا شەهیدی زیندوون، لە بەشداریی تێکۆشانەکاندا لەگەڵ برا کوردەکانیان دژی ڕژێمە یەك بەدوای یەکەکان. تا ئەو راددەیەی وای لێبێت هەندێكیان گومان لە ئینتیما و شوناسی خەڵکی عەنکاوا بکەن وەك ئەوەی لە شوێنی دیکەوە هاتبن و لە گرووپی "ئەهلی زیممە"بن!

لە هەمووی سەیرتر ئەوە بوو هەندێك لە شرۆڤەکاران رەخنەکانیان لە خەڵکی عەنکاوا بە ئاراستەیەکی دیکەدا دەبرد و دەیانوت خەڵکی ئەو شارۆچکەیە مەیل و ئینتیمای عەرەبیان هەیە! کە ئەمەش خۆی لەخۆیدا نەك هەر تێڕوانینێکی هەڵەیە، بگرە چەواشەکارییەکی ئازاربەخشە و نیشانەی بێئاگاییانە لە شوناسی عەنکاوەییەکان، تەنانەت هەندێك گومانیان کرد لە ئەسڵی ناوی عەنکاوا دەکرد و ئیدیعای ئەوەیان دەکرد ناوەکە کوردییە و لە "ئەنکاوە"وە گۆڕاوە بۆ "عەنکاوا" وەك بەشێك لە سیاسەتی بەعەرەبکردن پیتی ئەلف بە عەین گۆڕدراوە.

ڕەنگە بەشێکی زۆری ڕای گشتی کوردی بە تایبەتی نەوەی ئێستا لە حەقیقەتی عەنکاوا و شارۆچکەکانی دیکەی زۆرینە کریستیان و ڕەگ و ریشە و ئینتیماکەیان تێنەگەیشتبن، زۆر کەس بە شێوەیەکی گشتی بێئاگایە لە وردەکاریی مێژوویی پێکهاتەکانی کۆمەڵگای مەسیحی و رۆڵ و بەشداریکردنە کاریگەرەکانی لە بنیاتنانی کەلتووری و سیاسی و ئابووری، نازانن ئەو پێکهاتەیە لە رابردوودا چۆن لە بەرگەگرتنی ئازار و مەینەتییەکاندا بەشداربووە!
بە پشتبەستن بەوەی پێشتر روویداوە، ئێمە ئەمڕۆکە زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە بەدەست کەلێنێکی گەورەوە دەناڵێنین لە نێوان خۆمان و ئەو ژینگەی دەوروبەرمان کە لە هەموو وردەکارییەکاندا هاوبەشین، وا دیارە لەم چەند ساڵەی دواییدا ئەو کەلێنە بەهۆی گۆڕانکارییە لەناکاوەکانەوە فراوانتر بووە، کە بەداخەوە لێرەدا بواری ئەوە نییە وردەکارییەکانی باس بکرێن، کە لەراستیدا پێویستی بە هەڵوەستەکردنێکی راستەقینە هەیە بۆ چاوخشاندنەوەیەك کە چەند هەنگاوێکی دەوێت بۆ گەیاندنی پەیامەکە بە زمانی ئەوی دیکە نەك تەنها بەچەند قسە و گوفتارێك دەنگدانەوەکەی کەم بێت و رەنگە توانای ئەوەی نەبێت بگاتە شوێنی مەبەست. وەك بڵاوکردنەوەی راگەیەنراوی ناڕەزایی لە راگەیاندنە بیسراو و بینراوەکاندا.

با لە خاڵێکەوە دەست پێ بکەین کە گرێی بابەتەکەیە، ئەویش دەربڕین و قسەکردنە بە زمانێك بۆ بەرامبەرەکەت کە لەسەر ئەو خاکەدا هاوبەشتە و زمانەکەت نازانێت و لێت تێناگات، هیچ سوودێکی نابێت، جا بۆ دەسەڵات بێت یان رای گشتی کوردی، بێگومان هەموو ئەوانەی ئاگاداری بارودۆخەکەن دەزانن زۆربەی جار ناوەرۆکی گووتار و پەیامەکان ناگەنە سەرچاوەکانی بڕیار.

دەتوانین بڵێین هەوڵدان بۆ تێگەیاندنی خەڵك لە بوونی کەشێکی دژە دەسەڵات جا هەر رەنگێك بێت بەگوێرەی ناوکۆ و سیاقی ئەو سیستمەی لەدوای ساڵی 2003وە دامەزراوە، هیچ دەستکەوتێکی نابێت، ئەمە و ئەگەر نەڵێین لەوانەیە خراپ بکەوێتەوە و دەرەنجامی پێچەوانەی هەبێت. بگرە باشترە ئەگەر لە چوارچێوەی بابەتی لینك و پەیوەندی لەئارای نێوان خەڵك و دەسەڵاتدا بێت، کە خۆی لە ماف و ئەرکەکاندا دەبینێتەوە و پێویستی بەگرتنەبەری رێبازێکی پراگماتی هەیە، بەشێوەیەك بێت لەگەڵ هۆکارە بابەتییەکانی پشت واقیعی ئێستادا بگونجێت و بەمەبەستی بەدیهاتنی ئامانجی ویستراو ئاراستە بکرێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی