ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، شەڕ بۆ شەڕ

11 کاتژمێر پێش ئێستا

کارمەند لەتیف

هێزی سەرەکی لە ململانێی سەربازی و سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێدا عەرەبەکان نین ،  ئێران و ئیسرائیل و تورکیا لەخانەی دوهەمدان یەکەمیش بەڕوونی دەسەڵاتی ئەمریکایە ، بابەتی کۆتایی شەڕەکەش بۆ لەمەولا ئیتر فەلەستین و قودس و تەنانەت غەززەش نییە بەڵکو بابەت گەلێکی تر لە وەخت و ساتێکی تر بونیان هەیە ، لەوەتەی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش ڕاستەوخۆ چووەتە ناو ململانێ و ڕوو بەڕوو بوونەوەوە لە هەموو کاتێک زیاتر مەترسیدارترە

ناتانیاهۆ باسی شێوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ دەکات وەک ئەوەی درێژکراوەی باخە تایبەتەکەی خۆی بێت ، ئێرانیش باسی فەڵەستین دەکات وەک ئەوەی دەست درێژکاری بیانی بێت ، تورکیایش لەپەلەقاژەی فراوانکردنی جوگرافیا و خەونی زیندوکردنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا هێواش بۆتەوە بۆ ئەوەی تا ئێستا ڕوویداوەو بەدەستی هێناون تێک نەدات ، بەتەنها گەرمی و ساردی ، بەریەک کەوتنەکان زیاد دەکات و تەنهاو تەنها ترس لە بازاڕەکانی زێڕ و نەوت و بگرە ئاردیش بڵاو دەکاتەوە

ئیسرائیل سروشتی ململانێکانی لەگەڵ ئێران بۆ بەرزترین ئاستی "دەستپێکی کۆتایی بەرزکردەوەتەوە ، شەڕی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی دژە فڕۆکە گەیشتۆتە دڵی شارە گەورەکانی هەردوو وڵات ، ئیسرائیلییەکان بە ئەنقەست ڕەمزە گەورەکانی وەک قوم و دڵی تارانیان کردۆتە ئامانج ، باسی شارە مێژووییەکانی وەک ئیسفەهان و تەبرێزیش ناکەم ، هەرچی کۆماری ئیسلامی ئێرانیشە لەتۆڵەدا تەلئەبیب و  حەیفا بەئامانج دەگرێ و شەویان دەکات بەڕۆژی ڕوون
 
شەڕێکی هەمەلایەنە بە هەموو مانایەک لەناو ئەو شەڕەی لە دوای بوومەلەرزەکەی غەززەوە هەڵگیرساوە خراپتر بووە و بووەتە زنجیرەیەک شەڕ کە نەتانیاهۆ بەوپەڕی خۆبەزلزانین و لووت بەرزییەوە ئەنجامیداوە لەچاو شەڕەکانی ڕابردودا وێنەی نەبوە ، بەڕێوە دەچێت .

ئێستا کەشوهەوای شەوانی تەلئەبیب و حەیفا  لە یارییە ئاگرینەکان دەچێت بۆ ڕژێمی ئێرانیش لەسەر زەوی شەڕی وجود و مانەوەیە بەلای ئیسڕائیلەوە دروستکردنی ڕۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی نوێ بە بێ دەوڵەتی گەورەو بۆ ئێرانیش شکاندنی بتی گەورەو دێوزمەی ئیسڕائیل.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی