ئەگەر و سیناریۆ پێشبینی کراوەکانی دۆخی ئێران

5 کاتژمێر پێش ئێستا

ئارام کۆکۆیی

١- بە تێپەڕبوونی کات ئێدی ئیسرائیل توانا سەربازییەکانی کەمتر دەبێتەوە بە هۆی بەکارهێنانی بەردەوامی زەخیرەی سەبازی و بڕیاری راگرتنی شەڕ دەدات؛ ئەمە ئەگەرێکی دوورە چونکە راوەستانی جەنگ واتە کۆتایی سیاسی ناتانیاهۆ.
٢- ئیران بڕیاری ئاگربەست دەدات و داوای گفتگۆ دەکات لە گەڵ ئیسرائیل، ئەم ئەگەرە مانای خۆبەدەستەوەدانە لە پێناو پاراستنی رژێم کە لە کۆتاییدا کاریگەریەکی گەورەی نیگەتیڤی لە سەر ووینەی ئێران لە نێو بەرەی مقاوەمە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت.
٣- ئێران بڕیاری ڕاوەستاندنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی و برەودان بە مووشەکی بالیستی بدات لە پێناو دەربازبوون لە ئەگەری کەوتنی رژێمەکەی، ئەم ئەگەرە بە مانای قبوڵکردنی شکست دێت، و پاش ئەو هەموو قوربانی دانە وەک خواردنەوەی پیاڵە یەک ژەهر وایە بۆ رابەری ئێران.
٣- لە ئەگەری هێرشکردنە سەر پێگە سەربازییەکانی ئەمریکا یاخود کوشتنی هاوڵاتیکی ئەمریکی لە تەل ئەبیب  و لەم جەنگەدا لە لایەن ئیرانەوە، ئەمریکا ناچار دەبێت بکشێتە ناو جەنگەکەوە و تای تەرازووی جەنگەکە زیاتر بە لای زیانی ئێران لاسەنگتر بکات.
٤- قەتەر، ئەردەن، یان سعودییە بکرێن بە ئامانج لە لایەن ئێران یان لایەنەکانی سەر بە ئیران ئەمەش دۆخەکە شلۆقتر دەکات و جەنگەکە درێژە پێ دەدات کە لە سوودی ئیران نابێت.
٥- لە نێوخۆی ئێراندا شێوە کودەتایەک ڕووبدات و ئەرتەش  رۆلی سوپا و حکومەت لاواز بکات و هەڵبژاردنی پێشوەخت ئەنجام بدرێت  بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی نۆی بە سەرکردایەتی ریفۆرمخوازەکان.
٦- شلۆقبوونی دۆخی ئابووری جیهان بەهۆی بەرزبوونەوەی بەردەوامی نرخی نەوت و گاز کە لە سوودی روسیا و ڤەنزوێلایە بە هۆی ئەوەی ئێدی ریسکی ناردنەدەرەوەی نەوت و گازی رۆژهەلاتی ناوەراست زۆرترە و ئەگەری وەستانی بە هۆی جەنگەوە زیاترە.
٧- بەردەوام بوونی ئیسرائیل لە لێدانەکانی و بە ئامانج گرتنی لێپرسراوانی ئێران و رەخساندنی هەلی گۆڕینی رژێم بۆ هاولاَتیانی ئیران، بەمەش بۆشاییەکی ئەمنی و سیاسی گەورەی هاوشێوەی دۆخی عێراق و سوریا دروست دەبێت، ئەوی جێگەی ئاماژەیە لە دووەم رۆژی ئەم هێرشانەوە ئیسرائیل گوتاری خۆی لە ناچارکردنی ئێران بە وازهێنان لە پرۆگرامە ئەتۆمی و بالیستیەکەی یەوە گۆڕیوە بە گۆڕینی نیزام لە ئێران لەبەر ئەوە ئەم سیناریۆیە ئەگەری زیاترە..
ئارام کۆکۆیی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی