ئەمریکا و ئیسرائیل، لەئێستادا نایانەوێت سیستمی سیاسیی ئێران لەناو ببەن، بەڵکو بەجۆرێک لەجۆرەکان دەیانەوێت ئەم وڵاتە لەقاڵب بدەن و لاوازی بکەن و لە وێستگە و جێگەی دیکەدا بگەڕێنەوە و سیستمە سیاسییەکەی لەناو بدەن، وەک چۆن سیستمە سیاسییەکەی سوریایان لە 2011 2016 نەڕووخاند و هەڵیانگرت بۆ کۆتایی ساڵی 2024.
ئیسرائیل و ئەمریکا دەیانەوێت ئێران هاوشێوەی عیراقی ساڵی 1991ی گەردەلوولی بیابان لێ بکەن، وەک چۆن دوای ئەوەی پەلاماری کوێتی دا و پاشان کاتێک عیراق رێگریکرد لەتیمەکانی پشکنین، هێرشی ساڵی 2003 دەستی پێکرد و دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکەی عیراق کەمترین بەرگریی نەکرد و هەرەسیهێنا.
بەڵام ئایا ئێران هەمان عیراقەکەی ساڵی 1991ە ؟
بێگومان نەخێر، ئێران بەدابڕان و کەنارخستن لاواز نابێت بەڵکو زیاتر پیتاندنی یۆرانیۆم گەشەپێدەدات، ئەو سزایانەی ئەمریکا و ئەوروپا خستوویانەتەسەر ئێران، بەسەر هەر وڵاتێکی دیکە بخرایە، زۆر لەئێران لاوازتر و خراپتر دەبوو، بەڵام ئێران نەک لاوازنەبوو، بەڵکو تا رووداوەکانی 7ی ئۆکتۆبەر و کۆتایی دەسەڵاتی ئەسەد لە سوریای 2024دا، لە پەراوێزی سزاکاندا و لەناوخۆی خۆیدا، سەرقاڵی خۆبەهێزکردن بوو، ئەو بەرگرییەشی ئێستا لەخۆیی دەکات، بەرهەمی قۆناغی بەکەنارخستنێتی و سوودی بینیووە لەو ماوەیەو خۆی بەهێزکردووە.
کە ئێران ئاشتی دەوێت، بەو مانا نییە، ئێران چۆکی داداوە لەبەردەم ئیسرائیلدا، نەخێر. ئێران دەیەوێت لە دەرەوەی جەنگ بۆ چەندان ساڵیتر بمێنێتەوە و بەشێوەی لەسەرخۆ، خۆی بەهێز بکات.
لەنێوان جەنگ و بەردەوامیی سزاکاندا، بێگومان ئێران، دووەمیان هەڵدەبژێرێت، چونکە ئێران ئەزموونی ئەم قۆناغەی کردووە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی