موچەو پرسیاری سێ باڵیۆزه‌كه‌

5 کاتژمێر پێش ئێستا

ھیوا سەید سەلیم

 سەیرە سێ باڵیۆز یەکیش نا، ئەوان بێن  بەسەرسورمانەوە ئەو پرسیارەیان کرد بێت، کە ئایا خەڵکی کوردستان بۆچی ھەر باسی موچە دەکات؟ 

باڵیۆزه‌كان نوێنەرایەتی وڵاتەکانیان دەکەن لەوڵاتی خانەخوێ، بە پێی یاسا ئەوان دەبێت لە لایەن سەرۆکی وڵاتەکەیان نووسراوی بڕواپێکراویان پێبدرێت و لە لایەن سەرۆکی وڵاتی دیکەش قبوڵبکرێن، جاری واش بووە لەوڵاتی دوەم ئەوکەسە ڕەتکراوەتەوە،  بەوپێیەبێت باڵیۆز کەسی ئاسایی نییە، لەدانانی باڵیۆز لەھەر وڵاتێک شەڕو مەرجی زۆر ھەیە بۆ ھەڵبژاردنی نێردەی دبلۆماسی بەگشتی‌و باڵیۆزەکان بەتایبەتی، بە تایبەت دەبێت باڵیۆزو کونسوڵەکان کەسانی قسەزان‌و لەبلەبان بن، ئەو وڵاتەی بۆی دەچن زانیاریان لەبارەوە ھەبێ.

 نێرد دبلۆماسیەکان، مافی ئەویان ھەیە لەو وڵاتانەی ئەرکیان پێ دەستپێردرێت لەوردو درشتی کێشەکانی ئەو وڵاتە ئاگاداربن،  ئەو مافەشیان بەیاسای کاری دبلۆماسی لەچوارچێوەی ڕێکەوتنی ڤیه‌ننا 1961 ڕێکخراوە.

لێردەدا دەگەینە ئەو ڕاستیەی کە دوو شت ھەیە کە ئەگەر  باڵیۆزه‌كان ئەو پرسیارەیان لەقوباد تاڵەبانی کرد بێ،  بەوەی خەڵکی کوردستان بۆچی سەری زارو بنی زاریان بوه‌تە موچە؟

یەکەمیان ئەوەیان ئەوان ئەو پرسیارەیان لەڕوانگەی سەرسوڕمان کرد بێت، کە ئایا بۆ دەبێت موچەخۆری ھەرێم ئەو مافەی لێ زەوت بکرێ، بەڵام دیارە کاكی گوێگر لەپرسیارەکە نەگەیشتوە یان ھەر مەبەستی بوە وای تێبگات.

دوەمیان باڵیۆزه‌كان ھی ئەو وڵاتانە نەبوبن کە مافی ھاوڵاتیان لەبەرچاو دەگرن‌و بۆ موجامەلەی قوباد تاڵەبانی ئەو قسەیان کردبێت، بەڵام ھەر ئەوەی یەکەم رێگای تێدەچێت، چونکە وەک باسمان کرد پێگەی باڵیۆز ھی ئەوەنییە ئەو پرسیارە بکات، بەتایبەت پرسیارێک کە پەیوەندیی بەمافی خەڵکەوە ھەبێت.

ئەگەر ڕاست بێ سێ باڵیۆزه‌كه‌ ئەو پرسیارەیان کردبێ‌و بەو داوایەی خەڵک سەریان سوڕمابێ، دەبێت داوابکرێت قوباد تاڵەبانی ناوی ئەو سێ دبلۆماتە ئاشکرابکات، ئەوسا دەبێت میدیاو خەڵک بەجوڵاندنی ڕای گشتی دژیان بکەونە خۆیان‌و لێیان بپرسن ئەرێ لەکامە وڵاتی ئێوە ئەو بەزمە بەموچەخۆر دەکرێت‌و ناشبێت لەبەر تێکچونی میزاجی بەرپرسان کەس باس لەو مافەی بکات؟

خۆ ئەگەر بوختانیش بەزاری سێ باڵیۆز کرابێت ئەویان خراپتر، چونکە ئەوەیان ھەر کارێکی نایاساییەو لێکەوتەی خرابی لێدەکەوێتەوە، کە زۆرجار وابوە قسە ھەڵبەستن بەناوی نێردەی وڵاتان بوه‌تە ھۆی ئەوەی پۆزشیان بۆ بھێندرێتەوە.

گرفتەکە لەوەبوو نەزاندرا سێ باڵیۆزه‌كه‌ ھی کام وڵات بون ئەگەرنا ساغکردنەوەی ئەو قسەیە ھێندە زەحمەت نییە، ئەگەر باڵیۆزى (سودان‌و سۆماڵ) ھاوشێوەی ئەوان بن گلەیان لێناکرێت، بەڵام باڵوێزی ئەوروپی ئەو پرسیارە بکات سەیر دەبێ.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی