سەرجەم هێزەسیاسیەکان لیستی کاندیدەکانیان بۆ خولێکی نوێی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پێشکەشکرد، بەوپێیەبێت پەڕلەمانی داهاتو لە بەشێکی زۆری ئەو ناوە کاندیدکراوانە پێکدێت، کەهێزەسیاسیەکان بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە لە ناو لیستەکانیاندا ڕیزیان کردون، لیستەکان سەرنجی زۆریان لەسەرە، بەتایبەت گەر بزانین کەرەستەو پێکهێنەرە سەرەکیەکانی بنکەی جەماوەری حزبەسیاسیەکان، لە هەناوی کۆمەڵگەی کوردوستانەوە هاتون، کۆمەڵگایەکی ماندوو شەکەت، زیاتر لە سێ دەیەیە ئەم حیزبە نەریتیانەی دەسەڵات، لە پاڵیدا هەندێک هێزی پۆپۆلیستی شکستخواردو بەناوی ئۆپۆزسیۆنەوە، بە هەموو هێزیانەوە بێڕەحمانە لە مەنگەنەی دەدەن و دەیهاڕن، بۆئەوەی لە سروشتە ئەکتیڤە عادەتیەکەی، کەهەمیشە پڕە لە خەبات و بەرخۆدان وسەرڕێژە لە ژیان و قوربانیدانی بە سەخاوەت، دایبماڵن و ڕوتی بکەنەوە تا لە ئەنجامدا لە فۆڕمێکی پاسیڤی تەسلیمبودا لەچوارچێوەی بگرن و بەسەردیواری دەستکەوتەکانیانەوە وەکو ڕەمزی سەروەریەکانیان بە بزمارێکی ژەنگاوی هەڵیبواسن، تا لە بۆنە زۆرو زەبەندەکاندا، بەردەوام بۆی بگەڕێنەوەو بە شانازیەوە ئاماژەی پێبکەن چۆن توانیویانە گەلێکی بە ویقاڕ ڕام بکەن، ناچاری بکەن قبوڵی پڕۆژەی گوێڕایەڵی و بێدەنگکردن بێت، ئەوانیش بە ئارەزوی بەرژەوەندیە تایبەتیەکانیان، خەتو کوزی بەسەردا بهێنن لە نێوان خۆیاندا دابەشی بکەن .
ئەگەرچی ئەم کۆمەڵگایە پێش ئەوەی بە بارمتەبگیرێ لەلایەن ئەم حیزبانەوە زۆرینەی هەرە زۆری لە ئاستی کۆمەڵایەتیەوە لە یەکتر نزیکبون، یان جیاوازیە کۆمەڵایەتیەکان نەگەیشتبو بە ئاستی لێکترازانی گەورەی چینایەتی بەو ئەندازەی ئێستا ، هەربۆیە ئەو شوناسە فکری و سیاسیەی حزبەکانی کوردوستان بەدرێژایی مێژووی بونیان، بەردەوام بانگەشەی بۆ دەکەن و یەکتری لەسەر دەکوژن، بەتایبەت لە سەردەمی شۆڕشی چەکداری لەشاخ ، وەک درۆیەکی شاخدار لە سەردەمی شار زوو ئاشکرابوو، بوبە بڵقی سەرئاو، دەرکەوت ئەمانە نەک تەنها لەیەکتر دەچن، بەڵکو تەمومژی یەک ژینگەو کەشوهەوا شێداری کردون، لە یەک سەرچاوە گەرویان تەڕکردوە، ئەو مەسافەی بەردەوام لە نێوان خۆیاندا وەکو هێڵی تەریب دەیکێشن یووتێرن و بەرزەپردو یەکتر بڕی زۆری تێدایە، تەنانەت نێوانیان بایی ئەوە نیە هەرحزبەو فۆڕمێکی تایبەت بکات بە بەرخۆیدا، بەڵکو هەموویان لە فۆڕمێکی هاوردەکراودا دەتوانن بە ئاسانی ڕێکبکەون لەسەر دابەشکردنی دەستکەوتەکان، ئەگەر کلتوری یەکتر قبوڵکردن پەیڕەو بکەن، ئەو دەستکەوتانەی وەکو غەنیمەت لە جەنگی تێکشکاندن و دواتر داگیرکردنی کەرامەت و کەسایەتی هاونیشتمانیان دەستیان کەوتوە و بێشەرمانە لە ئەمڕۆدا، وەک پاڵەوان ڕەفیاردەکەن و سەوداو مامەڵەی پێوە دەکەن، لێرەوە ئەوەی هەرگیز لەسەر مێزی گفتوگۆو دانوساندنەکانی دوای ململانێ و بەریەککەوتنیاندا هیچ جۆرە ئامادەییەکی نیەو دڵنیام لە ئایندەشدا نایبێت ، مەسەلەی ئایدیا و جیهانبینی جیاوازە، یان ڕاستگۆیانەتر بڵێم مەسەلەی جیاوازی پڕۆژەی نیشتمان سازی و دابینکردنی لانی کەمی ژیانێکی شەڕەف مەندانەو ئاسودەیە بۆ هاوڵاتیان .
لێرەوە سەرجەم حیزبەکان بە ڕاست و چەپ وعلمانی و ئیسلامی و ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتەوە هەڵوێستەکانیان بەتایبەت لە مەڕ ئەو پرسانەی پەیوەستە بە پاراستنی (چینی فەرمانڕەوا) کە دەوڵەمەندترینەکانن لەم ڕۆدا، نەک هەر لێکچوو هاوشێوەیە بەڵکو دەڵێی لە یەک ژوردا ئامادەکراون ، بۆ نمونە لەسەر هەموشتێک دژو ناکۆکبن لەسەرئەوە کۆکو تەبان، ئەوچینی دەسەڵاتدارە هەڵتۆقیوە نا نیشتمانیە بپارێزن، وە هەمیشە دەرفەتی پێبدەن زیاتر و زیاتر بە هەر ڕێگایەک بێت سەرمایە کۆ بکاتەوە . ئەمە لەکاتێکدا ڕون و ئاشکرایە لەچ ڕێگەیەکەوە ئەم هەموو سەرمایەیان کەڵەکەکردوە، بەبێ ئەوەی لەبەرامبەردا هیچ ئەرکێکی ئەخلاقی و نیشتمانی جێبەجێ بکەن وەک بۆرژوازی نیشتمانی یان پارادایمی ئۆلیگارشی وڵاتانی تر، بەڵکو بە پێچەوانەوە زۆر بێشەرمانە بە ئاشکراو نهێنی دەچنە ناو چەندین مامەڵەی گوماناوی لەگەڵ دۆست و دوژمن لەپێناو تاڵانی زیاتری سەرزەوی و ژێر زەوی، تەنانەت ئێستاو ئایندەی نیشتمانەکەیان ، ئەم چینە بێ مۆڕاڵە زادەی گەشەو ئاڵوگۆڕی سروشتی کۆمەڵگای کوردوستان نیە واتە هیچ پەیوەندی بە دیالکتیکی ماتریالیزمی مێژوییەوە نیە، بەڵکو بەرهەمی سیاسەتی نا نیشتمانی و نا ئەخلاقی زیاتر لە سێ دەیەی حزبەکانە ، هەر بۆیە بە درێژایی ئەم مێژوە ئەم وڵاتە ڕۆژانە شکست بە پێنوسی ئەم چینە دەنوسێتەوە لە ڕوی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی .
لە نێو زۆرینەی بەربژێری ئەم لیستانە هیچ پڕۆژەیەکی نیشتمان سازی یان ئایدیایەکی گەل پارێزی و دەوڵەت داری لە ئارادانیە، تەنها ئەوەنەبێت حیزب وەک دڵسۆزی هەمیشەیی بۆ پیشەکەی خۆی جارێکی تر دەیەوێت باڵانس بۆ گیرفان قوڵەکان تێبکاتەوە، بەو ئومێدەی زوو گیرفانیان پڕبێت ، یان خۆیان بێزاربن ، تا بە پاسپۆرتە دیپلۆماسیەکانیان بڕۆن لە وڵاتێکی ئەوروپی سەرمایەگوزاری بکەن بەو هەمووغەنیمەتەی دەستیان کەوتوە ، جارجارە ئەگەر ڕوحمیان جوڵا سەرێک بدەنەوە لە نیشتمان ( وەک چۆن تاوانبار سەر لە شانۆی تاوانەکەی دەداتەوە) یان بە تەلەفۆن جارێک پێمان بڵێن ( هەلاو، ئەرێ ماون ؟ قەت ناگۆڕێن هەر وەک خۆتانن ؟ بەڕاستی میللەتێکی سەیرو عەنتیکەو بە تەحەمولن !)
دەڵێن کاتی خۆی خەڵکی پشدەرو بیتوێن هانایان بۆ سەرکردایەتی شۆڕشی ئەیلول بردوە لەدەست بەرپرسەکانی ناوچەکە ، شەکوایان کردوە گوایە سەرانە دەستێنن لە خەڵک و ئازاری هاوڵاتیان دەدەن و پارەکۆدەکەنەوە و بە ناڕەوا دەوڵەمەندبوون … ، لەوەڵامدا پێیان دەڵێت : ئەمانە گیرفانیان نیوە کردوە بۆیە خۆتان ڕابگرن زۆریان نەماوە گیرفانیان پڕدەبێت و واز دەهێنن ، ئەمە باشترە لەوەی کەسێکی تازە دابنێین کە گیرفانی بەتاڵە و چاوەڕێ بکەن تا پڕی دەکات ، بەڵام بەڕاست بەشێکی زۆری بەربژێرانی ناو لیستەکان بەتایبەت دووبارەو سێ بارەکان، یان بەرپرس و کوڕە بەرپرسەکان، گیرفانیان قوڵەو لە خولەکانی پێشو یان لە پۆستەکانی تردا گیرفانیان نیوە کردوە ، بەو ئومێدەی لەم خولە پڕی بکەن و هاونیشتمانیان ڕزگاریان بێت، حزبیش پایەدارو سەلامەت پرۆسە چارەنوس سازەکە بە هێمنی تێبپەڕێنێ ، بەربژێرەکان جڵەوگیربکا بۆئەوەی زۆر سەرمان نەیەشێنن بە شیڕە شیڕو گوتاری حەماسی بێ ماناو درۆی شاخدار .
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی