سەرکەوتی جیهازو بەختیار نامیق
عێراق لەبەردەم دوو قۆناغدایە، قۆناغی دوای جەنگی ئیسرائیل و ئێران و گواستنەوەی بۆ دانوستان و قۆناغی ئامادەبوون بۆ هەڵبژاردنەکانی عێراق ، خۆ ئەگەر ئەوە بزانین کە دۆخی ئێستای دانوستان ڕاستەوخۆ کاریگەری پلەیەکی دەبێت بەسەر زۆرێک لە وڵاتانی ناوچە بە تایبەت دوای جەنگ فراوانخوازی و هەژموونی ئێران لە چەک و هێزی سەربازییەوە دەگۆڕێت بۆ سیاسیو ئابووری، هەر لەلوبنانەوە بۆ یەمەنو عێراق، بە مانایەکی تر هەژموونی ئێران لەعێراقدا لە هێزی سەربازیو چەکەوە دەگۆڕێت بۆ سیاسی و ئابووری.
لەم ڕوانگەیەوە بە گڵۆپی سەوزی دوای دانوستانی ئێران و ئەمریکا حەشدی شەعبی و هەموو هێزە چەکدارە شیعەکان کە سەر بە ئێرانن دەگۆڕێت بۆ هێزی حکومی ، کارەکتەرە چەکدارە سیاسییەکان دوور دەخرێنەوە و باڵێکی میانڕەوی شیعەی تەنیا سیاسی کە بە دڵی ئێران و ئەمریکا بێت دێتە پێش و دەبنە کارەکتەری حکومی.
ئەمە بەو مانایە نایەت کە ئێران ڕۆڵی نامێنێت چونکە تورکیا سووریای بۆ گرنگە و بوونی لە عێراقدا بوونێکی زیاتر ئابوورییە کە خۆی بە نوێنەری سوننە دەزانێت و نایەوێت ڕۆڵی خۆی لە سووریاوە بگوازێتەوە بۆ عێراق و ئەمریکاش لە حاکمی مەدەنییەوە ئەوەی بۆ ڕوون بووەتەوە کە ناتوانێت بۆ ماوەی درێژ هەژموونی بەسەر عێراقەوە هەبێت ، عێراق بۆ خۆشی خاوەنی سیادەی سەربەخۆ و یەکێتی ناوەکی خۆی نییە ، بۆیە دەبێت هەژموونی ئێرانی لە عێراقدا بە پێی بەرژەوەندی هاوبەشی ( ئیسرائیل و ئێران و ئەمریکا ) درێژەی هەبێت چونکە شیعە هەم زۆرینەنو هەم لەدەسەڵاتدان، بەڵام لەڕووی چەکو هێزی سەربازییەوە نابێت بمێننو ئێرانیش بەمە ڕازییە.
هەر بۆیە ئێرانی دوای جەنگ و دوای دانوستان هەر ڕۆڵی دەبێت و ململانێکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل و ئەمریکا هەر دەمێنێت بەڵام لە فۆرمی تردا ، لێرەوە عێراق دەکەوێتە بەردەم قۆناغێکی نوێوە ، هێزی جیاوازتر دەردەکەوێت بە تایبەت لە باڵی میانڕەوی شیعە و سوننەکان لە ژێر هەژموونی سیاسی و ئابووری ئێراندا ، بۆ ئەم ئامانجەش ئێران لە جەنگی دوازدە ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیلدا نەیهێشت عێراق ببێتە بەشێک لەو جەنگە ، هەموو ئەمانەش لە عێراق و هەرێمدا لەهەردوو هێزەکە ئەمریکا و ئێران ، حساب بۆ پێگەی هێزەکانی یەکتر دەکەن ، بۆ ئەم ڕێککەوتنانە مەبدەئی سازان ( تەوافق ) جارێکی تر دەهێننەوە سەر مێزی ڕێککەوتن ، بە پێی پێکهاتەی مەزهەبی و نەتەوەی لە عێراق و هەرێمدا ، بۆ ئەم ئامانجانەش ئێستا لە عێراق و هەرێم ململانێکانیان بە ئاشکرا دەبینرێت.
عێراق لەبەردەم هەڵبژاردندایە خۆ ئەگەر سۆدانی و هەندێک سەرکردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی توانیبێتیان لەسەر هێڵی بەرژەوەندی ئەمریکا و ئێران یارییەکە ببنەوە ئەوا لەبەردەم هەڵبژاردنەکاندا دەبێت زەمینەیان بۆ خۆش بکرێت تا یارییەکە ببنەوە ، یەکێ لە کارتەکان پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدادە ، بە تایبەت پارتی و زۆنی زەرد لەگەڵ بەغداد ، زۆنی سەوز و یەکێتی کە لە سەر ئێران هەژمار دە کرێت بێدەنگە ، لەبەر ئەوەی زۆربەی جومگە گەورەکانی دەسەڵات لای پارتییە کارتەکان دژی حکومەت وەک ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردن بەکار دەهێنرێت تا لە ناوخۆی هەرێم پارتی پاشەکشە بکات و بچووک ببێتەوەو لەبەغدادیش سودانی ئەوانی تر بەهێزببن.
بە مانایەکی تر لە بەردەم هەڵبژاردنەکاندا هێزەکان کارتەکانیان دژ بەیەک بەکار دەهێنن وەک بانگەشەی ناڕاستەوخۆی پێش هەڵبژاردن ، بەڵام هەموو ململانێکان لەناو بازنەی ئێران و ئەمریکادا دەبێت ، یەکێکی لەو کارتانەی بەکار دەهێنرێت مووچەیە کە بە سیاسی کراوە ، ئیتر وردەکاری نەوتی و ناونەوتی و داهاتەکان لە نێوان سەرانی هەردوولا جگە لە یاری هیچی تر نییە و هەر دوو سەرانی هەرێم و بەغداد یەک لە یەک گەندەڵترن و گەندەڵیش بەرنامەی هاوبەشی هەردوو وڵاتە بۆ عێراق و هەرێم چی ئەمریکا و چی ئێران ، ئەم گەندەڵییە و ئەم تەوافق و دوو زۆنی هەرێم و گرووپ گرووپە سیاسەتی ئەمریکا و ئێرانە تا عێراق و نەبێتە خاوەنی سیادەی خۆیی و سەددامێکی تر دروست نەبێتەوە ، وە ناهێڵن هیچ هێزێکیش دروست ببێت ئامانجەکانی سیادەی عێراقی بێت.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی