کە سەربازێک لە بەرەکانی شەڕە، بە حەقی خۆی دەزانێ رەوایەتیی بە شەڕەکەی بدا چونکە بێ ئەو رەوایەتییە ناتوانێت بەردەوام بێ، بەڵام زۆر ناڕەوایە کەسێک لە پشتی سمارتفۆنێکەوە دەهۆڵی شەڕ بکوتێ.
کۆڵۆنێل بیڵ کیلگۆرە لە فیلمی <<رۆژی قیامەت ئێستا Apocalypse Now>> لە گفتوگۆیەکی لەگەڵ یەکێک لە هاوڕێکانی، پێی دەڵێ <<لە بەیانییاندا بۆنی ناپاڵمم خۆشدەوێ>>. ئەو دەبوایە شەڕ بکا و بمێنێتەوە و سەربکەوێ. ئەو قسانەی رەنگدانەوەی ئەو دۆخە سایکۆلۆژییەیە کە شەڕ بەسەریدا بەجێهێشتبو کە کەوتبوە خۆشەویستی لەگەڵ بۆنی باڕوت و تەقینەوە.
کە شەڕ رودەدا، وەک یەکێک لە کاراکتەرەکانی فیلمەکە لە شوێنێکی تردا دەڵێ: <<لەم شەڕەدا، شتەکان سەریان لێ دەشێوێ. دەستەڵات، ئایدیاڵەکان، ئەخلاقی کۆن، و پێویستیی سەربازیی پراکتیکاڵ... لەبەرئەوەی لەناو دڵی هەمو مرۆڤێکدا ململانێیەک هەیە لەنێوان عەقڵانییەت و ناعەقڵانییەت، لەنێوان چاکە و خراپەدا. و چاکە هەمیشە سەرناکەوێت.>>
هاوتەمەنەکانم، هەمو گەڕەکانی شەڕی ناوخۆیان بینیوە جا لەنێوان یەکێتی و پارتی بێ یا لەنێوان یەکێتی و پارتی و هێزەکانی دی، لەوانەیە راپەڕینیشمان کەمێک بیربێ. شەڕی داعشیشمان بیرە. هیچ شتێک بەقەد شەڕ ماڵوێرانی ناهێنێت. دژایەتیی من بۆ شەڕ جا لە ئۆکرانیا بێ یا فەڵەستین یا لە ئێران، بەشێکی هەرە زۆری پەیوەستە بەو یادەوەرییانەی منداڵیمەوە کە لەبری ئەوەی باخچەی یاریی منداڵانمان هەبێ، بەو فیشەکانە یاریمان دەکرد کە براکان یەکتریان پێ دەکوشت. لە شەڕدا، گەورەترین قوربانییەکان منداڵان و ژنن. ژینگە باجە قوڕسەکە دەدات.
بۆیە، کە کەسێک لە بەرەکانی شەڕە و بۆنی ناپاڵم و باروت لە بەیانییاندا چێژیان پێ دەبەخشێ، دەکرێ ئاسایی بێ داوای شەڕ بکا، بەڵام هەرگیز ئاسایی نییە کاتێک شەڕڤانانی ئازادی داوای ئاشتی دەکەن، کەچی من لەوپەڕی دونیاوە حەزم لە شەڕ بێ و پێموابێ چەکدانان خیانەتە لە کورد. زۆربەی ئەوانەی کە پێیانوایە چەکدانان خیانەتە یان سازشە، لە ژیانیاندا رۆژێک نە بە مادی نە بە مەعنەوی دانی خێریان بەو خەباتەدا دانەناوە، کەچی ئێستا وەک بڵێی شەهیدی ئەو خەباتە بن و زیندوبوبنەوە شەرعییەت بە خۆیان دەدەن دژ بە ئاشتی بن. کاتێک شەڕ رودەدات، هەر شەڕڤانەکانی ئازادین چەک دەگرنە شان و بەرگری دەکەن، ئەوانەشی لە دورەوە دژ بە ئاشتین و چێژ لە شەڕ دەبینن، ئەگەر ١٠٠٠ کیلۆمەتر لە شەڕ دور بن، هەوڵدەدەن مەوداکە بکەنە ٢٠٠٠ کیلۆمەتر. زۆر کێشەیەکی قوڵی دەرونییە تەنها رق مانابەخشی ژیان و سروشهێنەر و جوڵێنەر بێ.
هەرگیز ئاسایی نییە خەڵکێک دڵخۆشە بە جینۆسایدی فەڵەستینییەکان تەنها بە هۆی رقبونەوەی لە عەرەب و ئیسلام، یان بە هۆی ئەوەی پێیوایە دەبوایە ئەو گرنگییەی بە قەزیەی فەڵەستینییەکان دەدرێ بە قەزیەکەی وی بدرابوایە. یان هەندێک عەرەبی شۆڤێنی لە سوریا دەبینی دوای ئەو هەمو ساڵە شەڕ و ماڵوێرانییە، هەمان عەقڵییەتی ئەسەد بەرهەمدێننەوە. یان ئێرانییە فاشیستەکان دەبینی لە شەڕی رژێمی ئایەتوڵاکان دەکەن بەڵام لەولاوە هەمان سیستەم دروستدەکەنەوە و وجودێک بۆ ویستی سیاسیی کورد دانانێن. یان تورکە نەژادپەرستەکان دەبینی خۆی لە دەوڵەتە نەژادپەرستەکەی رایکردوە، کەچی کە رەمزێکی کوردی لەو ئەوروپایە دەبینێ هەردو چاوی دەربێ پێی خۆشترە. بێتامترین ئارگیومێنتێک ئەمڕۆ دەیبیستین گوایە فەڵەستینییەکان پشتیوانی کورد نەبونە بۆیە ئێمەش دەبێ دڵخۆش بین بە جینۆسایدیان یان نابێ پشتیوانیی قەزیەکەیان بکەین.
#
ئێستا ٦٠ رۆژە موچە نەدراوە. موچەخۆران و خەڵکی هەرێمی کوردستان قوربانیی ململانێ و حەماقەتی سیاسیی دو نوخبەی هەولێر و بەغدادن. ئێمە ئەو دو نوخبەیە باش دەناسین، بەڵام لەو دو نوخبەیە کارەساتتر ئەوانەن کە ئامۆژگاریی ماڵوێرانکەر بەو دو نوخبەیە دەدەن چونکە ئەو ململانێیە نەبێ نرخیان کەم دەکات.
٦٠ رۆژ موچە نادرێ، کەسێک نییە بەرپرسیارێتی هەڵبگرێ. شەڕ و جینۆساید و کۆدێتا و خوێنڕێژی ١٠٠ ساڵی رابردو هیچ شتێکی فێری نوخبەی سیاسیی بەغداد و هەولێر نەکردوە. رۆشنبیر و خوێندەوارەکانی دەوری ئەو نوخبەیەش، بە خەیاڵێکەوە ئاڵودەن هیچ پەیوەندیی بە ویست و خۆشبەختی و ژیندۆستیی خەڵکەوە نییە.
- ئەو سەرنجانەی سەرەوە تەنها باسی شەڕ و ئاشتی بون، بەس ناچار بوم پرسی بێموچەیی بێنمە ناویەوە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی