لە دوای ڕووخانی ڕژێمی دیکتاتۆری عێڕاق، لە ساڵی 2003، گۆڕەپانی
سیاسی و کلتوری لە باشوری کوردستاندا، گۆڕان و وەچەرخانی ڕیشەیی بەخۆوە بینیووە. کە
دەرفەت ڕەخسا، بۆ بەدیارکەوتنی ئاراستەی فکری و سیاسی جۆراوجۆر و جیاواز، بۆ گوزارشت
کردن لە هەمەڕەنگی کۆمەڵگای کوردستان و ناکۆکی و ململانێ ناوخۆییەکانی. لە نێو ئەو
ئاراستانە دیاردەی "ڕۆشنبیری بەدیل و بژاردەی خواستراو" بەدیارکەوت، کە دواتر
وەک کەرستە و ئامرازی لاوازکردنی گوتاری ڕەسەنی نەتەوەیی کوردی و گوتاری نیشتیمانی
کوردستانی، هەوڵدان بۆ گۆڕینی ڕەوت و ئاراستەی پڕۆژەی ڕزگاری نیشتیمانی کوردستانی بۆ
گوتارێکی کز و بێ کاریگەر، تا ئەو ڕادەیەی بخرێتە خزمەت ئەجێندای (ناوەندخوازی) عێڕاق
و وڵاتانی ئیقلیمی کاریگەر.
ئەو دیاردەیە نوێ نیە، بۆ گوزارشت کردن لە میکانیزمەکانی
بەرهەمهێنانەوەی دەسەڵاتێکی مەرکەزی، لە نێو ئەو کۆمەڵگایانەی ململانێی دوور و قووڵ
و مێژووییان هەیە. لە دۆخی باشوری کوردستان دا، بژاردە خواستراوەکان بوونەتە مینبەری
گوتاری بەرهەمهێنانەوەی مەعریفە و سیاسەتی پاشکۆیەتی و وابەستەبوون بە میللەتی سەردەست
(داگیرکەر)، لە ژێر ناونیشانی "ڕۆشنبیران و بژاردەکانی کۆمەڵگا هەڵویست وەردەگرن،
هەروەها لایەنگری خۆیان بۆ خەڵک و مافی خەڵک ڕادەگەیێنن، بەڵام لە ڕاستیدا، تەنها پڕۆژەی
گوتاری خۆڕادەستکردنەوە و ژێردەستی بەرهەم دەهێنەوە.
چەمک و پێناسەکردن:
مەبەست لە چەمکی "ڕۆشنبیری بەدیل" ئەوەیە کە بە
هیچ شێوەیەک گوزارشت و نوێنەرایەتی خواستە ڕەسەن و ڕاستییەکانی کۆمەڵگا ناکات. بەڵکو
وەک ڕوکارێک (واجیهە)ی ئەجێندای دەرەکی و ناوەندخوازییە، گوتاری ڕازگاری نیشتیمانی
گچکە دەکاتەوە، تا لە لۆژیک و عەقلیەتی پاشکۆیەتی جێگای بکاتەوە. ئەو دەستەیە بە تەکنیک
و ڕازاندنەوەی وشە و داتاشینی دەستەواژەی نوێ هەوڵی مایەپوچ و بێ بایەخکردنی گوتاری
ڕزگاری نیشتیمانی دەدەن، خۆیان وەک بەدیلێکی "واقیعی" و "بابەتیانە"ی
ڕۆشنبیرە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکان دەناسێنن.
بەڵام "بژاردەی خواستراو" ئەوانەن کە بەرهەمی دامەزاوە
مەرکەزییەکانن، یاخود لەلایەن وڵاتانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی پارەدار دەکرێن، لە ناو
دامەزراوە سیاسی و کلتوری و میدیاییەکان جێگەی خۆیان دەکەنەوە و پێگەیان بەهێز دەکەن،
بۆ دووبارە بەرهەمهێنانەوە چیڕۆکەکانی سەرکەوتن و خۆشگوزەرانی ژێردەستی و ملکەچبوون،
بەو شێوەیەی خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی عێڕاق و وڵاتانی ئیقلیمی ڕکابەر و خاوەن هێز
و بڕیار لە عێڕاقدا بکات. ئەو جۆرە لە کەسانی بژاردەی خواستراو ماگێنشی بە "باڵادەستی
ڕۆشنبیری" ناویان دەبات، کە دەست بەسەر ئامراز و کەرستەکانی بەرهەمهێنانی کلتوری
و فکری دادەگرن، لە پێناو گرێنتی کردنی باڵادەست بوونی سیاسیانە، لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی
مەعریفەی جوانکردنی پاشکۆیەتی و شیرینی کردنی خۆرادەستکردنەوە بە جەلاد، بە ڕێگایەکی
خۆبەخشانە و هەندێکجاریش بە پاڕانەوە.
میکانیزمەکانی بەرهەمهێنانی گوتاری ڕۆشنبیری بەدیل و بژاردەی
خواستراو:
یەکەم: پاردارکردن و پاشکۆیەتی دامەزراوەیی، زۆربەی جار بژاردەی
خواستراو، پشت دەبەستن بە پارەدارکردنی دامەزراوە ناوەنخوازەکان (مەرکەزی) یان ئەو
ڕێکخراوە نێودەوڵەتیانەی ئەجێندای دیاریکراویان هەیە. بۆیە گوتارەکانیان زیاتر لە خزمەتی
ئەو ئەجێندایانەیە نەک کۆمەڵگای کوردستانی، چونکە ئەو پارەدارکردنە پرسی سەربەخۆیی
فکری و سیاسیان لە چێوە دەدات، تەنانەت زمان و ناوەڕۆکی بابەتەکان.
دووەم: زمان و تەکنیکی گوتار، ڕۆشنبیری بەدیل زیاتر پشت بە
زمان و گوتاری بێ لایەن بوون دەبەستێت، لە بەکارهێنانی دەستەواژە نیشتیمانی و نەتەوەییەکان،
زیاتر تەرکیز لە سەر چەمکەکانی وەک "شەفافیەت"، "حوکمڕانی ڕەشید"
و "سەقامگیری" دەکات، وەک ئەوەی پرسی نەتەوەیی و نیشتیمانی کورد و کوردستانی
تەنها پرسێکی ئیداری بێت و هیچ ڕەهەندێکی سیاسی نیە.
سێیەم: پێگە و دەسەڵاتی میدیایی و سیاسی، ئەو بژاردە خواستراوانە
خۆیان دەخزێنە ناو دەزگاکانی میدیا و لە کەناڵە ئاسمانیەکان یان پێشکەشکار یاخود میوانی
بەردەوامن، کە جۆرێک لە شەرعیەتی ڕەمزیان بۆ دروست دەکات، ئەوەش گوتارەکەیان بڵاوتر
و کاریگەرتر دەگاتە وەرگر.
کاریگەری گوتاری ڕۆشنبیری بەدیل و بژاردەی خواستراو لە سەر
پڕۆژەی نەتەوەیی:
ئەو گوتارە نەخۆشیەکی کوشندەیە بۆ لەبەر یەک هەڵوەشاندنی
بزاڤی ڕۆشنبیری و سیاسی ڕەسەن، بەو جۆرە:
• بەتاڵکردنەوەی گوتاری
نەتەوەیی لە ناوەڕۆکە ڕەسەنەکەی خۆی لە بەرژەوەندی گوتاری ئیدارەدانی قەیرانەکان و
سنوودارکردنی خواست و داخوازییەکان.
• لاوازکردنی گوتاری دەستگرتن بە ناسنامە لە ڕێگای وروژاندنی
پرسگەلێکی لاوەکی و گۆڕینی گفتوگۆ و هەڵسەنگاندنی پرس و کێشە و گرفتەکان بە ئاراستەیەکی
بەرتەسک و بەستنەوەیان بە بەرژەوەندیە کەسییەکان.
• دروست کردنی کەلێن
لە نێوان ڕۆشنبیران و کۆمەڵگە لە ڕێگای بەکارهێنانی زمانێکی بە گرێگۆڵ و گرێدانی بە
ئەجێندای دەرەکی.
دیاردەی ڕۆشنبیری بەدیل و بژاردەی خواستراو، ئالنگاریەکی
ڕژد و جەوهەرین لە بەردەم هەر پڕۆژەیەکی نیشتیمانی کوردستانی، کە کار بۆ ڕزگاری کلتوری
و سیاسی بکات لە باشوری کوردستاندا. لاوازکردنی ئەو گوتارە کار و ئەرکێکی ئاسان نیە،
بەڵکو پێویستی بە ستراتیژیەتێکی مەعریفی و کلتوری تەواو هەیە، کە تێکهەڵکێشێک بێت،
لە شیکاری ڕەخنەگرانە و بیرسازی و بەگژداچوونەوەیان، لە رێگای میکانیزمی تایبەت. بە
بۆچوونی من تەنها بەو شێوەیە دەکرێ سنوورێک بۆ ئەو دیاردەیە دابندرێ، دەرفەت بە ڕۆشنبیرانی
ڕەسەن بدرێتەوە کە گوزارشت لە خواست و مافە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانی خەڵکی کوردستان
بکەن.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی