مرۆڤ بە گشتی لە نێوان سۆپژە و ئۆپژەدا دێت و دەچێت ، هەرچی بکەین ئەنجامەکەی سیمیلار بونە ، جارانێک
نمایشی سۆپژە بوون دەکەین و وا نیشان ئەدەین کە ئێمە سۆپژەین جارانێکیش تەسلیم بە راستی
دەبین و دەبینین لە ئۆپژەیەک زیاتر هیچی تر نین .
کاتێک هەموو بیرۆکەو ئایدیاکان دروستکراوی دەستی مرۆڤ بێت
لە ئاین و فەلسەفە وسیاسەت و دەرونشیکاری و زانست بە مانای ئێمە وەرگرین ، ئایا ئێمە
دروستکەرین یان وەرگرین؟ ئەوەیان بە لێکۆڵینەوەی وورد دەردەکەوێت کە ئێمە دروست کەر
نین ، هەمومان دەزانین هەرچی لە گەردوندا بونی هەیە لە دروستکراوی مرۆڤ نییە ، کەواتە
دەتوانین لەوە تێبگەین کە ئێمە وەرگرین و دروستکەر نین ، ئەگەر وەرگرین کەواتە وەرگری
کوێین ؟
ئێمە وەرگری سروشتین بە هەموو پێکهاتەکانیەوە ، وەرگریش واتا
سیمیلار بوون .
دەبینین مرۆڤ زیندانە لە ناو وەرگرتندا زیندانە لە ناو چێنراوەکانی
ناویدا ، ئەوەی ئێستا روو دەدات هەزار ساڵ لەمەوە پێش هەمان شت روی داوە بەڵام بە شیوازێکی
جیاواز لە ناو هەمان ئایدیا ، ژیان هەر وا هاتوە هەر واش دەروات ئێمە سیمیلاری پێشووترین
بە کۆمەڵێک گۆرانکاری ، نەوەی داهاتوش سیمیلاری ئێمە دەبێت بە کۆمەڵێک گۆرانکاری روخساری دی ، کە خودی ئەو
گۆرانکاریانە مرۆڤ دەیکات و هەندێک جاریش گیرۆدە دەبێت بە دەستیەوە ، هەموو ئەو سەرچاوانەی
زانیاریشیان لێوەرگیراوە هەر شێوازێکە لە هێنانەوەی سیمیلاری پێشوتریان ، بە بەرگێکی جیاواز و رەنگێکی جیاواز ، دەنا هەمان
بیرۆکەو ناواخنی هەڵگرتوە کە لە دوای مرۆڤی نیاندەرتاڵەوە بۆمان ماوەتەوە .
لێرەوە تێدەگەین ئێمە ئۆپژەی دەستی سروشتین لە راستیدا بۆیە
سیمیلاری سروشت دەبین بێ ئەوەی درکی پێ بکەین ، رەنگە بڵێین تەنها رێگە بیرکردنەوەی مرۆڤ خۆیەتی بۆ دەرباز بوون لە سیمیلار
بون و ئەویش دەبێت سەرەتا لە ئۆپژەوە بچینە دۆخی سۆپژە ، لەم خاڵەشدا بە گشتی لە نێوان سۆپژە و ئۆپژەدا دێت و دەچێت
، هەرچی بکەین ئەنجامەکەی سیمیلار بونە ، چونکە لە دەرەوەی ئەو چوار چێوەی تێیدا دەژین
و لێوەی فێر بوین و لێوەی وەردەگرین هیچی تر نییە ، ئەو ئایدیایە هەیە لەم ژینگەیەماندا ، هەمووی دروستکراوی
دەستی مرۆڤن لە ئاین و فەلسەفە وسیاسەت و دەرونشیکاری و زانست ، وە هەموی لە دروستکراوەکانی
دەرەوەی دەستی مرۆڤەوە وەرگیراوە ، بە نمونە فرۆکە سیمیلاری باڵندیە ، واتا ئێمە بیرۆکەی
فرۆکەمان لە باڵندە وەرگرتوە ، بە مانای ئێمە وەرگرین ، وەرگریش واتا سیمیلار .
مرۆڤ خۆی بە داهێنەر دەزانێت بەڵام وا نییە چونکە مرۆڤ ناتوانێت
نەزانراو بزانێت ، بۆیە دەکەوێتە بەردەم کێشەیەک کە مرۆڤ ناتوانێت نەزانراوێک بزانێێت کە خودی نەزانراوەکە
نادیارە و نایزانین ، یان ناتوانێت نەبینراوێک ببینێت کە نەبینراوە ، تەنها دەتوانێت
گۆرانکاریەک بکات لەوەی هەیە ئەویش لەسەر بنەمای سروشت و پێداویستی وەک چۆن جەنگە پێداویستی
زانستی و شەر و چەک و بابەتەکانی دێنێتە ئاراوە بەڵام بنەچەی دۆزراوەکانی جەنگ خودی سروشتە ، مرۆڤ بۆ
دەجەنگێ ؟ وەڵامەکەی ئاسانە ئەمە سیمیلار بونی ژیانی ناو دارستانە ، مانەوە بۆ باشتر
و بەهێزتر و زیرەکترە ، ئێمەی مرۆڤ جیاوازیمان نییە لەگەل ئاژەڵێکدا لە بابەتی مانەوە
و بەردەوامی و جەنگدا ، تەنها ئەوەندەیە ئەوەی دەمانەوێت بۆ بەرژەوەندی خۆمان دەیگونجێنین
یان دەیشەرعێنین ، بۆ نمونە مەرێک سەردەبرین و ئەیخۆین ، بەڵام بەزەیمان بە پشیلەیەک
یان سەگێکدا دێتەوە لە کاتێکدا هەردوکیان هەمان شێوە ئاژەڵن و خاوەن ژیانن ، ئێمە هەر
یەکایان یاسایەکمان بۆ دروست کردن کە لەگەڵ بەرژەوەندی ئێمەدا بگونجێ ، ئێستا دەتوانین
تێبگەین مرۆڤ جگە لە بونەوەرێکی ئۆپژە کە نەوە لە دوای نەوەکان سیمیلاری سروشت و بونەکانی
دەبنەوە هیچی تر نییە ، چەندێک خۆی بە زانا و دانا و دا هێنەر بزانێت تەنها خەیاڵێکی
پوچەو چیدی نییە ، بەڵکۆ لە رۆژی لە دایک بونیەوە ئۆپژەیەکە و وەک بوکی یاری پەتەکانی
بە دەستی بیر و ئایدیا فەلسەفی و ئاینی و زانستیەکان و کلتورە کۆنەکانی پێش خۆیەتی
کە ئەوانیش لە سروشت وەریان گرتوە ، رەنگە هەر ئەمەش وای لە سوقرات کردبێت جامە ژەهرەکە
بخواتەوە ، بێ ئەوەی ویستی بەگریکردنی لە خۆی هەبێت لە دادگای کردنەکەیدا .
تێبینی :
ئۆبژە زاراوەیەک لە زاراوەکانی فەلسەفەیە کە زۆرتر لە بەرامبەر
سوبژەوە بەکار دێ. مەبەست لە ئۆبژە ئەو شتە دەرھەست یا بەرھەستەیە کە لە لایەن زەینی
ناسکاری مرۆڤەوە (سوبژە) ئەکەوێتە بەر ناسین،ئەو شتەیە کە شیاوی نیشاندان و ڕاگەیاندن
و ناساندنە بە زەین. بە زمانی سادەتر، سوبژە ئەوەیە کە ئەڕوانێ و بیر ئەکاتەوە و قسە
ئەکا، ئۆبژە ئەوەیە کە پیا ئەڕوانرێ و بیری لێ ئەکرێتەوە و قسەی لێ ئەکرێ.
سیمیلار: واتا تەقلید
یان کۆپی بوون .
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی