چەک سوتان یان چەکدانان؟

11/07/2025

هونەر تۆفیق

وێنە ، تەصەوری مرۆڤ بۆ کەسێک ، فکرەیەک ، دیاردەیەک ، دروستدەکات .
وێنە ڕەمزیەکانی  چەک سوتاندنی پەکەکە و کۆی پەیامەکانی ، جگە لە ماناکانی هەڵبژاردنی شوێن ، لەچوار وێنەدا کورت دەکرێتەوە . 
وێنەی یەکەم ( پەردەی یەکەمی نمایشەکە) کوڕێکی قات پۆشی پرۆتۆکۆلی چەکدارەکان دەباتە سەر کوانوی سوتاندنەکە . 
لەم وێنەیەدا ئەرکی ڕێبەری نێوان چەک و کورەی سوتاندنەکە ، بەهیچ ئەندامێکی نە پەکەکە و نە تورکیا نەدراوە  ئەو گەنجە قات لەبەرە( کاک ئاکار)  کراوەتە شایەتی سوتاندنی چەکەکان .
وێنەی دووەم ( پەردەی دووەمی نمایشەکە ) 
کەسێک بەپۆشاکی مەدەنیەوە ، مەشخەڵی ئاگرێکی ئامادەکراوی بەدەستەوەیە ، لەم دیمەنەشدا ئاگرەکە نە هی پەکەکەیە و نەهی تورکیایە . 
وێنەی سێهەم ( پەردەی سێهەمی نمایشەکە )  گەریلاکان خۆیان گڕ لەچەکەکان بەردەدەن ، نە نێوەندەکان و نە تورکیا نەیانسوتاندووە  . 
وێنەی چوارەم ( پەردەی کۆتایی) بەبێ چەک ، بەڕیز سەردەکەونەوە بۆ سەر چیاکە . ئەگەر لەچیاکەوە بهاتنایە خوارەوە و پۆل پۆل سوار سواری ماشینەکان بانایە ، مانای نمایشەکە زۆر دەگۆڕدرا . بەڵام سەرکەوتنەوە بۆ سەرچیاکە ، ئەوە دەگەیەنێت ، ئەوەی ڕوویدا ، بەشێکی پرۆسەکەیە ، پرۆسەی هاتنە خوارەوە لەچیاکانەوە ، قۆناغێکی ترە . هێشتا ڕووینەداوە . پێمان دەڵێت  وێنەی تر زۆر ماوە بۆ دروستکردنی تەواوی تەصورمان سەبارەت بە چۆنیەتی پێگەیاندنی ئاشتی نێوان کورد و دەوڵەتی تورکیا .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی