هەرگیز نەمبینبوو موراد توڕە بێت، هەرگیزیش هەنگاوی قاچەكانی وەكو ئەمڕۆ نا ئاسایی نەبون، پێیەكی خێرا دادەناو ئەوەی تر هێواش، یەكێكیان هەنگاوی درێژ و ئەوەی تر كورت، وتم ئەمە رەنگە لێكەوتەی ئەو سەربادانەی بێت كە نەمدەزانی چی لەناویدا دەگوزەرێت.
موراد كاتێك لە نوێژی هەینی ئەمڕۆ دەگەڕایەوە بەدەستی چەپی ئارەقی نێوچاوانی دەسڕی لەژێر پلەی گەرمی 44 پلەی سەدی لە سلێمانی، بە دەستی ڕاستیشی بۆ یەکەمجار لە ژیانیدا پەنجەی رووە و دراوسێیەکەی ڕاوەشاند و دەنگی لەسەر بەرزكردەوە وتی "تۆیەک بە خۆت و سەركردایەتیت دوو مانگە لە بەغدا دەپاڕێینەوە تا موچەت بۆ بنێرن، رۆژ نییە كەرامەتی ئەم میللەتە لەبەر شاشەی تەلەفزیۆن نەشكێنن بۆچی پێتوایە ئۆجەلان ئاشبەتاڵی كردووە! ئەو هەموو شتێك بەدەستهێنێت، سێ مانگ تەحەمول بكەن، یان ئەوەتا كورد وەك نەتەوەیەكی گرنگ و رۆڵگێڕ دەناسێنێت لە توركیا كە بەرهەمی ئەو چەكهەڵگرتن و چەكدانانەیە، یان ئەوەندە ئیرادەی بەهێز هەیە تا قەندیل بەهێزتر بكەنەوە، تێبگە قەندیل ناكەوێ بەبێ ئەو بەرهەمە".
دراوسێیەكەیان لەتوڕەییەكەی تێگەیشت و ویستی بەبێدەنگی بڕوات، بەڵام موراد وازی نەهێنا، دەنگی لەسەر بەرزتر كردەوە: "چ جیاوازییەك لە نێوان ئەنقەرە و بەغدا هەیە، بۆچی ئامادەنین چەك لەڕوی بەغدا بەرزبكەنەوە و بڵێن كوا قوتی ژن و منداڵمان، بەڵام چەكدانانی ئەوان لەپێناو ئاشتیی و مافی میللەت ئاشبەتاڵە؟ چەك هەر چەكە، ئەگەر ناتوانیت بەكاریبهێنێت ئیتر بۆ نەیسویتێنێت، لەوەش تێبگە چەك تەسلیم نەكراوە سوتێنراوە".
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی