دەوڵەتمەدارانی کورد لەچییان کەمە؟!

4 کاتژمێر پێش ئێستا

د. مەجید ساڵح

"دروستکردنی دەوڵەت پێویستی بە سێ شت هەیە، سەروەت و سامان، سوپا و متمانەی خەڵک". ئەم حیکمەتە بناغەی هەر دەوڵەتێکی بەهێزە. سەروەت و سامان بڕبڕەی پشتی ئابوورییە، پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و بنیاتنانی ژێرخانی ئابوورییە. سوپا قەڵغانی پاراستنی میللەت و پاراستنی ئاسایش و سەروەری نیشتمانە.

بەڵام لە هەمووی گرنگتر (متمانەی خەڵکە). بەبێ بوونی متمانەی خەڵک، هیچ دەوڵەتێک هەرچەندە دەوڵەمەند و خاوەن سوپایەکی بەهێز بێت، بەردەوام نابێ. گەل سەرچاوەی شەرعیەت و پشتیوانی ڕاستەقینە. کاتێک متمانەی بە دەوڵەتمەداران نامێنێ، دەوڵەت لە ناوەوە دەڕووخێت.

بە پێچەوانەوە ئەگەر گەل متمانەی بە دەوڵەت هەبێت، تەنانەت بە نەبوونی سامان یان لەشکرێکی بەڕواڵەت لاوازیش دەتوانێت بەردەوام بێت.

متمانەی خەڵک هاودەنگی و قوربانیدان دروست دەکات، پاڵنەری کارکردن و بیناسازییە، مرۆڤەکان ئامادە دەکات بۆ بەرگەگرتنی سەختی. لە رێگەی متمانەی خەڵکەوە، دەوڵەت دەتوانێت بەسەر قەیرانەکاندا زاڵ بێت و ئاڵنگارییەکان بگۆڕێت بۆ دەرفەت.

بەکورتی: متمانەی خەڵک ئەو پێوەرە بنەڕەتیەیە تەنانەت لە تاریکترین بارودۆخدا  مانەوە و پێشکەوتنی دەوڵەت مسۆگەر دەکات.

ئەوەی ئێستا لە کوردستان و عێراق دەگوزەرێ و داشی عێراقی سوارکردوە  لاوازی متمانەی خەڵکی کوردستانە بە دەوڵەتمەدارانی کورد، نەک لاوازی هەستی نیشتمان پەروەری خەڵک.

با هەمیشە سەرنجمان لەسەر بنیاتنانەوە و بەهێزکردنی ئەم متمانەیە بێت بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی باشتر بۆ گەلەکەمان.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی