بۆچی خەڵک لەچەکدانانی پەکەکە ناڕازیین؟

6 کاتژمێر پێش ئێستا

ڕەنج ڕەسوڵ

لەساڵی 1993وە بۆ ساڵی 2015 چەند هەنگاوێك بۆ پرۆسەی ئاشتی تورکیا لەنێوان تورکیاو په‌كه‌كه‌ نراون، قۆناغی یەکەم لەساڵی 1993 لەسەردەمی تورگوت ئۆزال سەرۆک کۆماری تورکیا نرا، قۆناغی دوەم لەساڵی 1996 لەسەردەمی نەجمەدین ئەربەکان سەرۆک وەزیرانی تورکیا نرا، قۆناغى سێیەمى هەوڵى چارەسەرى کێشەى کورد لە(2013)وە تا (2015) لەسەردەمى ئاکپارتى دەستیپێکرد، بەڵام هەنگاوەكان ئاشتییان بەدوای خۆیاندا نەهێنا هەرچەندە چەند ساڵێك چەكەكان بێدەنگكران.

دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە لەكۆبونەوەی پارتەكەی لەپەرلەمانی توركیا لە 26ی مانگی 11ی 2024 وتی، "چاوەڕێدەکەین کۆبونەوەی ڕوبەڕوو لەنێوان ئیمراڵی‌و دەم پارتی بەڕێوەبچێت"، وەفدی دەم پارتی لە28ی مانگی 12ی 2024 لەگەڵ ئۆجەلان لەئیمراڵی كۆبونەوەو پەیامێكیان بڵاوكردەوە.

ڕۆژى 28ی مانگی 12ی 2024 وەفدێكی دەم پارتی كە پێكهاتبون لەپەروین بوڵدان‌و سرى سورەیا ئۆندەر، سەردانى عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەرى په‌كه‌كه‌یان لەزیندانى ئیمراڵى کردو پاش کۆبونەوەکە پەیامێكی ئۆجەلانیان بڵاوكردەوە.

لەپەیامەکەدا هاتوە، ئۆجەلان جەختی لەبرایەتی نێوان کوردو تورک کردوەتەوەو ڕایگەیاندوە، "بەهێزکردنی برایەتیی تورک - کورد نەک هەر بەرپرسیارێتییەکی مێژویییە، بەڵکو پرسێکی گرنگ‌و بەپەلەی چارەنوسسازە بۆ کۆی گەلان، بۆ بەهێزکردنی ئەو پرۆسەیە، گرنگە هەموو بازنە سیاسییەکان لەتورکیا لەسەروی حیساباتی تەسک‌و کورتمەودا بیربکەنەوە، دەستپێشخەریی بکەن‌و بونیادنەرانە هەنگاوبنێن‌و ئەرێنییانە بەشداریی بکەن.

هەروەها لەپەیامەکەی ئۆجەلاندا هاتوە، ئەو ئامانجەی کە په‌كه‌كه‌ بۆی دروستبوو بەدیهاتوە، داوای لەهەڤاڵانی خۆی کرد پێویستە خۆیان هەڵبوەشێننەوەو چەک دابنێن.

دوێنێ هەینی لەڕێوڕەسمێکدا لەئەشکەوتی جاسەنە لەناوچەی سورداشی سەر بەپارێزگای سلێمانی، گروپێکی 30 کەسیی گەریلاکانی پەکەکە چەکەکانیان سوتاندو له‌ناویان برد، کە بەسێ هۆزات هاوسەرۆکی کەجەکە یەکێکبوو لەوانه‌.

ئەم پرۆسەیە پێشوازییەکی زۆر گەورەی لەلایەن وڵاتانی جیهاندا لێکراو سەلمێنەری ئەوەبوو کوردان تامەزرۆی ئاشتین‌و هەر هەنگاوێک بۆ ئاشتی بنێرێت، ئامادەن.

پێکەوەژیان لەکوردستان خاڵێکی درەوشاوەو جیاکەرەوەی  کوردستانە لەوڵاتانی دەوروبەر، بەجۆرێک بوتە  یەکێک لەفاکتەرە بەهێزەکانی پێگەی کوردستان لەناوەندە نێودەوڵەتیەکان، ئەمەش بوەتە هۆی ئەوەی کەوا  کوردستان ژمارەیەکی خوێندراوە بێت لەناوچەکە، ئەگەرچی  کوردستان ئەکتەرێکی نادەوڵەتیشە، بەڵام هاوشێوەی ئەکتەرێکی دەوڵەتی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ.

سەرەڕای ئەو پێشوازییە گەورەیەی لە پرۆسەی ئاشتی و هەڵوێستی کوردان کرا، چەندین هەڵوێستی ناڕەزامەندی چ لەلایەن چینی خوێندەوار و چ لەلایەن ماڵباتە خەباتگێڕەکانەوە گوزارشت کرا ئەمەیش بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە:

یەکەم، شەهیدبوونی زیاد لە بیست هەزار شەڕکەری کورد لەم جەنگە درێژخایەنە، هەڵبەتە خەڵکی بەردەوام برینەکانیان دەکولێتەوە ئازار دەچێژن، پێیان وایە چەکدادانی پەک خیانەتە لە خوێنی شەهیدان

دووەم، ئاوارەبوونی چەندین خێزانی کورد لەبەر ئەوەی کەسێکیان لەو حیزبە ئەندامە، هەروەها چەندین خێزانی باشوری کوردستانیش کە ئەندامێکیان پەیوەندی بەو حیزبەوە کردووە، دووچاری تەنگ و چەڵەمە و ناڕەحەتی دەبوون لەلایەن یەکێتی و پارتییەوە.

سێیەم، متمانە نەکردن بە دوژمن، زۆرێک ڕایان وایە هیچ  گەرەنتییەک نییە کە دەوڵەتی تورک دەسبەرداری کارە ناڕەواکانی ببێت و لێخۆشبوون بۆ ئەندامانی پارتەکە دەربکات، یاخود جارێکی تر پەلاماری گوندەکانی کوردستان نەداتەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە