فرمێسكی كشاناك‌و جاسەنەو سوتاندنی چەك

9 کاتژمێر پێش ئێستا

لەتیف فاتیح فەرەج

ئامادەو گەواهیدەری چیرۆكێكی خەمناك‌و ئومێدێكی درەوشاوە بوین، ئێمە لەچاوەڕوانیدابوین هاوڕێیەك لەتەنیشتمەوە وتی زۆر درەنگ كەوت، ئەوان لەئەشكەوتی جاسەنە بون، چونكە ئیتر چاوەكان هەموو لەسەر ئەو شوێنەبون، بەرلەوەی بێینە بەردەم ئەشكەوتی جاسەنە، لەوێ‌ چاوەڕێی ئەوان بین تا  بەڕێزێكی پڕ ویقارو ورەوە بێنە خوارەوە، ئێمە لەنزیك ئوتێل عاشور بوین، من كە بەبێ‌ سەیارەو بەچەند قۆناغێك گەیشتم، شەوی پێشوو بڕیارمدابوو نەچم، بەڵام زۆر درەنگ نزیكی كاتژمێر دوی شەو بڕیارەكەم گۆڕی‌و ئیتر هاوڕێیەكیشم چنگ نەكەوت ببمە هاوسەفەری، لەعاشورەوە لەگەڵ ئۆتۆمبیلەكەی دكتۆر هەڤاڵ ئەبوبەكر گەڕامەوە بۆ ئەشكەوتی جاسەنە، دكتۆر هەڤاڵ نە پاسەوان‌و نە ئەو هاش‌و هوشەی هەندێك بەرپرس دەیكەن من‌و هاوڕێیەكی دیكەو لێخوری ئۆتۆمبێلەكەو خۆی لەناو ئۆتۆمبیلەكەدا بوین.

نازانم بۆ چیرۆكی مناڵی خۆم‌و هەردوو جوانەمەرگ‌و شەهیدی برام فاخیرو خالیدم بیركەوتەوە، ئێمە قسەمان لەسەر جیاوازی ئەم هەنگاوەو شكستی 1975 دەكرد كە نسكۆو ئاشبەتاڵیشی پێدەڵێن‌و هەردوو ناوەكەش هەڵدەگرێت، من چیرۆكی خۆم‌و فاخیرو خالیدم گێڕایەوە كە ئەو ڕۆژە ماڵمان لەكانی كوردە بوو، باوكم بڕیاریدابوو بڕوات بۆ ئێران‌و لەبەرچاوی ئێمەش پۆل پۆل پێشمەرگە بەڕەنگی خەمین‌و دڵی ئاگرینەوە بەرەو كۆیە دەچون تا خۆیان‌و چەكیان ڕادەستی حكومەت بكەن.

كاتێك باوكم كەسێكی نارد تا ئێمەو دایكم بەرێت بۆ سنوری ڕۆژهەڵاتی كوردستان، دایكم بەتەتەرەكەی وت بڕ بەعەریف فاتیح بڵێ، ئیتر یەك چركە دوای ناكەوم‌و دەگەڕێمەوە بۆ وڵاتی خۆم، منیش دیمەنی پێشمەرگەو خەمی خەڵك‌و گریان‌و نائومێدی‌و نەهاتنەوەی باوكم خەمێكی تر بوو، هەرسێ‌ برا ڕێمان لەپێشمەرگە دەگرت‌و من دەمگوت باوكم نایەتەوە وەرن ببنە باوكم، من چوزانم ئەو قسەیە خەراپ‌و ناجۆرە، نازانم كێ‌ بەدایكمی وتبوو، لەتیف پێشمەرگە نەما داوای لێنەكات ببێتە باوكی، ئەوەندەمزانی دایكم پەلمانی گرت‌و بردینیەوە بۆ ماڵە قوڕینەی قەد چیاكەو زۆر خەراپ لەمنیدا، ئیدی ئەو ڕۆژەو ئەو دیمەنەو ئەو لێدانەم دوای 50 ساڵی خشت لێنابێتەوە.

گەریلا بەڕیز هاتنەخوارەوە، بەسێ‌ هۆزات كە من ماندوتر لەچەند ساڵی بەرێ‌ كاتێ‌ لەقەندیل بینیم بەرچاوم كەوت لەپێشەوەو هەڵۆو تەواریش بەدویدا، بەخەڵكەكە وترا كەس قسە نەكات‌و هیچ نەڵێت، بەڵام ئەو دیمەنە هی ئەوەنەبوو كەس قسە نەكات، زۆربەمان مەگەر هەر ئەوانەی دڵیان بەردبێت ئەوكمان پڕ بوو لەگریان، هەندێك شاردمانەوەو هەندێكی ترنا، ئەوان دانیشتن هۆزات بەخێر ئانینی كردین‌و دواتریش پەیامەكە بەكوردی‌و توركی خوێندرانەوەو گەریلا ڕیزبون بۆ ئەوەی چەكەكان بسوتێنن، دیمەنی چەك خستنە نێو كورەكەو خەمێكی قوڵ منیان بردەوە بۆ خەیاڵی ڕۆمانی (پەڵە خوێنەكانی سەر بەفر) كە ڕێبوار هەمەوەندی كورداندبوی، لەنێو هیواو حوزنێكی كاریگەردا هەموو چاومان لەسەر ئەو هەڤاڵانە بوو، دۆستێك لەتەنیشتمەوە وتی، ئەوە هەڤاڵ هەندرێنە دەبینی چەند گورج‌و گۆڵە، چەك فڕێ‌ نەدرا، ڕادەستنەكرا، سوتێنرا، سوتاندنی چەك مانای خۆی هەیە، نا بۆ توندوتیژی، نا بۆ چەك، نا بۆ ئەوەی بەدەستی كەسی ترەوەبێت دوای جەنگاوەرانی ئازادی، چركەساتێكی یەكجار قورس بوو، كورد پەیامی ئاشتیخوازانەو شەڕنەویستیدا بەگوێی دنیادا.

ئەوكاتە من وتم ڕەنگە كاتێك ئەردۆغان‌و باخچەلی‌و فیدان‌و تەنانەت زۆڵە كوردی خۆفرۆشیش دەڵێن توركیایەكی بێ تیرۆر، ڕەنگە مەبەستیان سوپاو میت‌و گورگە بۆرو خۆیان بێت، چونكە پەكەكە سروشت‌و ئاژەڵ‌و پەلەوەریش دەپارێزێت‌و چەكیش دەسوتێنێت‌و سترانیش دەچڕێت، گەریلا بەڕیز گەڕانەوە بۆ ئەشكەوتەكە، ئیتر میدیاو ئێمەو خەڵك‌و میوان هەستاین‌و قسەو باس گەرم بوو.

ئەحمەد تورك وتی، كاتی ئەوەیە توركیایەكی جیاواز ببینین، دەبێت دەوڵەت ئەو هەنگاوە بنێت، ئەو قسەی بۆ من دەكرد، كاتێك خاتونێك بەچاوی پڕفرمێسكەوە لەئامێزی گرت، ئەحمەد تورك پێی وت، باش دەبێت، خوا یاربێت باش دەبێت، كشاناكم  بینی زۆر بەكوڵ دەگریا، هەر ئەونا هی تریش، كشاناك دەگریا لێ‌ چاوی هیوای لێدەباری، لەجاسەنە لەشوێنی بانگی حەق، گەریلا بانگی حەقیاندا بەگوێی كەڕی دنیادا، هەڵبژاردنی جاسانە بۆ ئەو بۆنە سومبلیكە مانایەكی ئەرێنی پڕ بەهای هەبوو، بەرە بەرە جاسەنەو بانگی هەق‌و گەریلامان بەجێهێشت، هەندێك دۆستم بینی دەمێك بوو بەئەو شاخ‌و داخەوە نەمبینیبون.

ڕێباز حوسێن كە هەموو دەم بەمن دەڵێت مامۆستا، چەند وێنەیەكی پڕ حەسرەتی گرتم، تا بڵێی دڵم تەنگ‌و پڕ ئازاربوو، بەڵام ئەو دیمەنەم بەراورد دەكرد بەدیمەنی 50 ساڵ پێشتر، دەمزانی ئەمە نە نسكۆیە نە هەرەسە، نە ئاشبەتاڵ، دەمگوت خۆزگە وەك ئەوەی من خوێندنەوەم بۆ ئەم دیمەنە هەیە هەموو ئەوانەش هەیانبوایە كە پێی دەڵێن ئاشبەتاڵ، پەكەكە بەچەند كڵاشینكۆفێكی سادەوە دەستیپێكرد، لەشوێنێكا چەند چەكێكی سوتاند بۆ ئەوەی بەدنیا بڵێت، ئیدی كاتی پشوە، كاتی ئەوەیە منداڵ بەئارامی بنوێ‌، نازانم بۆ لەتیف هەڵمەتی شاعیر لەوێ‌ نەبوو تا بەدنیا بڵێت "با تفەنگەكان بێدەنگ بن، منداڵێك دەیەوێ‌ بنوێ‌".

دەمێك بوو هەستی كوردبونم بریندارو كەلەلا بوو، به‌ڵام ئەو دیمەنانە، ئەوكارە، هەستی كوردبونیان لەناخما زیندوكردەوەو وایان لێكردم كوردبون لەنێو ئەو دڕك‌و داڵەدا وەك شانازیەك ببینم.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە