ئایا دوبارە کڵاوەکە دەکەنەوە سەر سەری کوردەکان؟

7 کاتژمێر پێش ئێستا

کوردستان ئەحمەد

هەمووان دیرۆکی ترسناک و مەترسیداری سایکس و پیکۆمان بیستووە، بۆ ئەوانەی نەیانبیستووت، بفەرموون یەک دوو سەرە قەڵەمی لەسەر بزانن، لە بارەی کوردەوە هیچ شتێکی تێدا نەبوو چەرمەسەری و دەردەسەری و بێ ئایندەی و بێدەوڵەتی بێپشتیوانی نەبێت.

ئەمە کورتەی سایکس و پیکۆیە لە بارەی کورد:
جارێکی دیکە رۆژهەڵاتی ناوەراست کەوتەوە بەر گۆرانکاری و پشکی شێری بابەتەکەش بەر ئەو وڵاتانە کەوت کە کوردەکانیان تێدایە، واتە سووریا، ئێران، عێراق. تورکیا، ئێستا کە ئیتر زەمەنی سایکس و پیکۆ تەواو دەبێت، جیهان چاوەڕێی سەقامگیریەکی نوێیە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کوردەکان چاویان لەوەیە لەم گۆرانکارییەدا شتێکیان وەچنگ کەوێت کە بتوانن ببنە خاوەنی ستاتیۆیەکی دروست و باش و گرنگ، بەلایەنی کەمەوە هیچ نەبێت ببنە دەوڵەت.

وێنە گەورەکە چیمان پێدەڵێت؟
لە شەری داعشدا کوردەکان رۆڵێکی گەورەیان هەبوو لە پاککردنەوەی ناوچەکە لە هێزێکی گەورەی توند ئاژۆ کە ئەگەری گەورەی هەبوو ئەگەر کورد لە باشوور و رۆژئاوا شەڕیان نەکردایە، تەمەنی ئەم گرووپە تووند ئاژووە درێژ تر دەبوو، دووریش نەبوو دەستی بگات بە ماڵای هەمووان.

ئێستا کە خەریکە بە تەواوەتی جیهان لە ژێر هەڕەشەی توندئاژۆیەکی وەک داعشدا نەماوە، ناوچەکە دەیەوێت سەقامگیر ببێتەوە، کوردەکان چاوەرێی ستاتیۆیەکی مەزن و بەهێز و جێگیر دەکەن، بەڵام وێنە گەورەکە شتێکی دیکە نیشاندەدات کە پێچەوانەی ئەوەیە کورد چاوەرێی دەکرد، ئەمە بە نسبەت هەرچوار پارچەی کوردستان دروستە.
 
لەمەڕ رۆژئاوای کوردستان
ستاتیۆی رۆژئاوای کوردستان رۆڵێکی گەورەی هەبوو لەم سووریایەدا کە ئێستە هەیە، بەڵام سەردانەکەی تۆماس باراک نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا،  رۆژی یەکشەممە و دانیشتنی لەگەڵ ئەحمەد شەرع و لێدوانە تووندەکانی لە بارەی هەسەدەوە پێماندەڵێت، کە هیچ هیوایەک نییە بە ناوی ستاتیۆی کوردی لە سووریا، لە راستیدا لە ١٠٠ ساڵی رابردوودا یەکەم جارە سەرکردەیەکی باڵای ئەمریکا بڵێت کە فیدراڵی بۆ عێراق و سووریا نابێت، هەرچەندە هەسەدە هێشتا وەڵامی نەداوەتەوە، بەڵام هەر وەڵامێکی هەبێت گرنگییەکی ئەوتۆی نییە، چوونکە هەسەدە بریار دەر نییە و ئەمریکا بریاری کۆتایی دەدات، تۆماس بە رەچەڵەک عەرەبە و ملیاردێرو بازرگان و دیبلۆماتکارە، بەڵام خوێنی ئەو خوێنێکی عەرەبییە نەک ئەمریکیەکی رەسەن، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو پەیامی ئەمریکای پێییە بۆ ناوچەکە، ئەمەش پێماندەڵێت کە بەڵێ کوردەکان لە سووریا بێهیوا بوون، لەوانەشە پێچەوانەکەی راستبێت، بەڵام ئەمە سێبەری وێنەگەورەکەیە کە من دەیبینم.

باشوری کوردستان
ستاتیۆی هەرێمی کوردستان، دۆخێکی زۆر سەختی ئابووری بەهێز بەرێدەکات، پارتییەکان ناویان ناوە شکاندنی ئیرادەی گەلی کورد و ئەوانی دیکەش پێیدەڵێن برسی کردن و ماڵوێرانی، ئەوەی روودەدات لە هەرێمی کوردستان، فشارێکی زۆر تووندی عێراق و شیعەکانە و عێراقییەکانە لەسەر هەرێمی کوردستان، بابەتی پابەندبوون بە دەستوورەوە لە لایەن هەردووکیان شتێکی گرنگە بەڵام ئەوەی وێنەکە نیشانماندەدای بێهیوایەکی گەورەیە لە باشووری کوردستان، کلیلی چارەسەری ئەم کێشەیەش لەلای کەس نییە، تەنیا لەلای ئەو کەسەیە کە دەیەوێت هەرێمی کوردستان بە بهێزی بمێنێتەوە یان نا.

دەربارەی رۆژهەڵات
کاتێک ئیسرائیل بە هاوکاری مۆساد و سیا، گورزێکی کەمەر شکێنی لە ئێراندا، بەشێکی زۆر لە گورزەکە بەر ناوچە کوردییەکان کەوت، بەجۆرێک کە بەشێکی زۆر لە سووپا بە تەواوەتی لە ناوچە کوردییەکان نەمابوو، خەڵق چاوەرێبوو پارتە سیاسییەکان بەتایبەت ئەوانەی کە خۆیان بە خاوەنی هێز و چەک و ئایدەکۆژیا دەزانی  برۆنەوە رۆژهەڵات و هیچ نەبێت کارێک بکەن کە شوێنپەنجەکانیان دیاربێت، لەگەڵ ئەوەشدا کە خەڵک ئامادەبوو، بەڵام کەس هیچی نەبنی هەندێ موقابەلەی تیڤیەکان نەبێت لەلاین  کۆمەلێک سیاسییەوە کە بەراستی خەڵق گوێیان لێناگرێت.

لەباکور چی دەگوزەرێت
پرۆسەی ئاشتی لە میدیاکانەوە زۆر بە قازانجی کورد دەشکێتەوە، بەڵام لە ناوەرۆکدا جۆرێکە لە تەسلیمبوونێکی مۆدیرنانە، کە سەرکەوتنی مۆدێرنیتەی قاپیتالیزممە بەسەر دیموکراسی گەلاندا، پەک گەراکان زۆر بە باشی لەو قسەیە تێدەگەن، بۆ ئەوەی ئێمەش زۆر بە سادەی لێیی تێبگەین دەبێت بڵێین ئەوەی دەیبنین وێنەکە زۆر بە لاوازی کورد دیارە، من بیر لەو ٣٠ گەریلایە دەکەمەوە باشە ئێوە چەکەکانتان سووتاند، ئەی هەتا ئەو کاتەی ئەچنەوە باکووری کوردستان چی ئەکەن؟ گوێز پاک دەکەن یان لە چێشتخانەکەی هەرێمی پاراستنی میدیا نانی بەتەنوور دەکەن، سووتاندنی چەکەکان ئازارێک بوو لە دڵی هەموو کوردێکی دا، ئەمە درۆیەکی گەوەویە کە بڵێین ئەم سەر شۆڕییە بێماناییەمان قبووڵە کە ئێوە ناوتان ناوە برایەتی گەلان لە کوێش لە توورکیا.

پوختە
کورد لە هەرچوارپارچەی کوردستان لەژێر فشار و زەختێکی زۆر تووندایە، هەموو ئاماژەکان پێماندەڵێن کە کورد لە کۆتایی سایکس پیکۆدا هیچی بەهیچ نابێت و ناتوانێت ستاتیۆیەکی بەهێزی هەبێت و خاوەنی ناوەندێکی سەربەخۆی خۆی بێت، لەوانەشە رێک بە پێچوانەوەبێت، چوونکە ئەم ماوەیە ئیسرائیل و ئەمریکا هەرچی دەڵێن پێچەوانەکەی دەکەن.

خەڵک زۆر بەهەڵە لە ئەمریکا و ئیسرائیل تێگەیشتوون، وا دەزانن واشنتن و تێلئەڤیب هیچ ناکەن دانیشتوون جیهان دەشێوێنن تا کورد نەبێت بە خاوەنی دەوڵەت ئەوان دڵیان ئاسوودە نابێت، ئەمە هەڵەیە، ئێمە لە چوارچێوەی چەند پرۆژەیەکی چەندین ملیار دۆلاریدا لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکادا دۆستایەتیمان هەیە و هیچی دیکە نییە، ئەوان بۆ دەوڵەت بۆ کوردەکان دروست بکەن؟ خێرە؟ ئەی خۆتان چیی دەکەن؟ ئایا ناتوانن خۆتان کۆکەنەوە، گەلەکەتان رازی بکەن و سەرکردەیەکتان هەبێت و ببنە خاوەنی پرۆژە و پلانی خۆتان؟

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی