بژاردەی کشانەوە لە بەغدا

8 کاتژمێر پێش ئێستا

بەهێز حوسێن


تەواوی لایەنەکانی کوردستان بە پارتیشەوە پیرۆزباییان لە پەکەکە کرد کە بڕیاریان داوە کۆتایی بە خەباتی چەکداری بهێنن و برەو بە خەباتی مەدەنی دیموکراتی پەرلەمانی بدەن لە چوارێوەی دەوڵەتی تورکیا ، کەچی پارتی و چەند حیزبۆکەیەکی خولگەی پارتی بژاردەی کشانەوە لە پەرلەمان و حکومەت و پرۆسەی سیاسیان لە عێراقدا هێناوەتە گۆڕێ !.
لەمڕۆی نەزمی نوێی جیهاندا بژاردەی پاشەکشە لە خەباتی دیموکراسی و پەرلەمانیی بێزراوترین بژاردەیە و لە هیچ لایەکەوە پشتگیری لێناکرێت ، ئەم خواستەی پارتیش لەمڕۆدا ئاماژەیە بۆ داخستنی دەرگاکان لەبەردەم هەوڵی دۆزینەوەی ڕێگا چارەی یاسایی و دیبلۆماسی و قانوونی بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا !.
حیزبی سیاسی کارامە و لێزان و قاڵبوو هەرگیز بیر لە بژاردەی پشتکردنە چارەی سیاسی و پچڕاندنی پەیوەندییەکان و گۆشەگیریی نادات ، مەگەر حیزبێک کە هەموو دارەکانی لە دەستدا شکابێت و دان بە فەشەل و شکستی خۆیدا بهێنێت !.
سیاسەتی دەولی لە ناچەکەماندا وەک نەشتەرێکی تیژ کەوتۆتە نەشتەرگەریی و توێکارکرۆنی جەستە و جوگرافیای وڵاتان و گەلان ، کوردیش لەبەردەم ئەم نەشتەرەدا سەلامەت نابێت ئەگەر هەنگاوی نا مەدروس و نالۆژیکی هەڵبێتێت ،  چونکە بڕیار بەدەستانی جیهان داوا لە کورد دەکەن بەشداریی کارا بکات لە داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسی نوێی ناوچەکە و خۆ لەگەڵ گۆڕان و خواستی سیاسەتی نێودەوڵەتی بگونجێنن ، خۆ ئەگەر کورد پێچەوانەی ئەم خواستانە بکات ئەوا کەس ڕۆحمی پێناکات و پرسەکەی دەخرێتەوە فایلی ژێری ژێرەوەی فایلی وڵاتان و گەلانی ناوچەکە .
ئەگەر پارتی قایلمان دەکات کە  کشانەوە لە بەغدا باشترە لە بەردەوامی هەوڵی پەرلەمانی و قانوونی و دیپلۆماسی بۆ چارەسەری ناکۆکییەکان ، ئەوا خیانەتە یەک و دووی لێ بکرێت ، بەڵام کە بیەوێت شکستی سیاسی خۆی لە عێراقدا بە تەرحی پاشەکشە پینە بکات ، ئەوا تەک دەکەوێت و بە تەنهاش هیچی پێناکرێت .
* لە کۆبوونەوەیەکی سەرکردەی حیزبەکانی کوردستان لە نیوەی یەکەمی 2017 دا بۆ پرسی ریفراندۆم ، کاک مەسعود وتبووی ؛ ئەگەر بە تەنیاش بوبێت من هەر ڕیفراندۆم دەکەم و لایەنەکانی ناچاری قەبوڵکردن و بەشداریکردن کرد .
بۆیە نابێت ئەمجارە بوار بدرێت پارتی بڕیار و بژاردەی تاک لایەنەی خۆی لە پرسی کشانەوەی کورد لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا بسەپێنێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی