ئۆجەلان هەر دە ساڵ جارێک شێتی دەیگرێت

7 کاتژمێر پێش ئێستا

ئارام رەفعەت


ساڵی ٢٠١٥ ئۆجەلان دوو جار شێتی گرتی، یان راستی بڵێم، من پێم شێت بوو. 

ئێستاش  لە ٢٠٢٥دا و دوای ١٠ ساڵ تەجریدکردنی بە شێتیەکی زۆر گەورەتر لە هی ٢٠١٥ دەرکەوتەوە. 

شێتی یەکەمی ئۆجەلان لە ئاداری ٢٠١٥دا بوو. ئەوسا لە ئیمڕاڵییەوە پەیامێکی بۆ شەڕڤانانی رۆژاڤا نارد کە دەبێت بەهەر نرخێک بێت چیای عەبدولعەزیز کۆنترۆڵ بکەن.

من پێموابوو ئەم داوایەی ئۆجەلان شێتانەیە. ئاخر من توانای سنوورداری ئەوسای شەڕڤانان و نەخشەی بڵاوبوونەوەی هێزەکانی داعش و ئەلقاعیدە و رژێمەکەی ئەسەد و دیمۆگڕافیای ناوچەکە و هەڵکەوتەی چیای عەبدولعەزیزم لەبەر چاو بوو.

چیای عەبدولعەزیز ٣٥ کیلۆمەتر لە باشوری حەسەکەیە و ناوچەکە قوڵایەکی عاڕەبی هەیە و مەگەر تاک و تەرا کوردی لێبێت و زۆرینەی دانیشتوانی عاڕەبی سوننەی جاران بەعسی سەدامی و ئەوساش داعشی و ئەلقاعیدەیی بوون.

جگە لەوە، چیای عەبدولعەزیز، ٨٠ کیلۆمەتر درێژایی وە ٣٠٠ بۆ ٩٥٠ مەتر بەرزایی هەیە کۆنترۆڵکردنی ئەو چیایە بەو هێزە کەم و بێ چەکەی شەڕڤانان لە مەحاڵ مەحاڵتر بوو. 

ئەوسا شەڕڤانان نەبووبوونە هاوپەیمانی ئەمریکا و هەر ١٠ بۆ ١٥ هەزار شەڕڤانێک دەبوون و تازە لە داستانی درێژخایەنی کۆبانێ رزگارییان ببوو و ماندوو و بێ بڕست ببوون و سەدان شەهیدیان دابوو و هێشتا لەهەموو لایەکەوە دەرگیری شەڕی داعش و چەتە تیرۆریستەکانی بوون.

لەم دۆخەدا داوای رزگارکردنی چیای عەبدولعەزیز، داوایەکی شێتانە بوو.

بەڵام ئۆجەلان لەپەیامەکەدا بە شەڕڤانانی گۆتبوو مان و نەمانی کورد لە رۆژاڤا پەیوەستە بە چیای عەبدولعەزیزەوە.

١٩ی ئایاری ٢٠١٥، شەڕڤانان داواکەی ئۆجەلانیان جێبەجێ کرد و چیای عەبدولعەزیزیان رزگار کرد.

رزگاری ئەو چیایە، یەکێکە لە گەورەترین وەرچەرخانەکان لە مێژووی رۆژاڤا و هەر چوار پارچەی کوردستاندا. 

چیاکە کیانی رۆژاڤای دیاری کرد و بووە قەڵغانێک بۆ سورپێکەوتن و پاراستن و بەهێزبوونی خۆسەری رۆژاڤا و بواری بۆ شەڕڤان رەخساند تا نێوانی کانتۆنەکانی کۆبانێ و جەزیرە بەتەواوی رزگار بکەن و دوو کانتۆنەکە بەیەکتر ببەستنەوە.

ئێستا ئەو چیایە قوڵایی عاڕەبی نییە و قوڵایی کوردستان و هێڵی بەرگری و پاراستنی رۆژاڤا و تارادەیەکیش شەنگالیشە.

ئەوسا و دوای رزگاری چیای عەبدولعەزیز تێگەییشتم ئۆجەلان شێت نەبوو، ئەوە من بووم ئۆجەلانم نەناسیبوو .

شێتی دووەمی ئۆجەلان بڕیاری بە لیستێک بەشداریکردنی کورد بوو لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکەکاندا.

تا ئەوسا، رێژەی دەنگەکانی کورد بەگشتی نەدەگەێشتە ٦٪ ی کۆی دەنگەکان و نەیدەتوانی بەربەستی ١٠٪ تێپەڕێنێت کە بۆ گەییشتن بۆ پەرلەمانی تورکەکان پێویست بوو.

بۆ ئەوەی دەنگەکانی نەفەوتێن، کورد لە هەموو هەڵبژاردنەکاندا بەکاندیدی سەربەخۆ بەشداری دەکرد.

تا ئەوساش، هەموو جارێ دەوری ٣٠ کاندیدی سەربەخۆی دەگەیاندە پەرلەمان.

بەڵام ئۆجەلان گۆتی دەبێت کورد بەربەستی ١٠٪ تێپەڕێنێت. داوای لەهەدەپ کرد کە دەبێت بەلیست نەک بە کاندیدی سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردنی حوزەیرانی ٢٠١٥ بن و نەخشەڕێگایەکیشی بۆدانان.

من یەکێک بووم لەوانەی گۆتم ئۆجەلان شێت بووە و مەگەر موعجیزە ئەگینا چۆن کورد لە پڕێکدا لە ٥٪ی رێژەی دەنگدان دەتوانێت باز بدات و بەربەستی ١٠٪ بشکێنێت و بگاتە پەرلەمان.

بەڵام کورد لەو هەڵبژاردنەدا و بە رێنماییەکانی ئۆجەلان رێژەی ١٣٪ی دەنگەکانی بەدەست هێنا و ٨٠ کاندید بۆ پەرلەمان سەرکەوتن. 

هەرچەندە ئەردۆغان ئەو هەڵبژاردنەی رەتکردەوە و لە نۆڤەمبەری هەمان ساڵدا و بە پەیڕەوکردنی تەزویر و زەبروزەنگ دژی کورد هەڵبژاردنیکی پڕ لە فڕ و فێڵی ئەنجام دا، بەڵام ئەمجارەش کورد بەربەستی ١٠٪ی تێپەڕاند.

لەوساوە کورد هێزی سێیەمی ناو پەرلەمانە.

ئەوساش دووبارە تێگەییشتم کە ئۆجەلان شێت نەبوو و من بە بیرۆکە شێتانەیەکانی ئۆجەلان ئاشنا نەبووم.

جارێکی تر و دوای ١٠ ساڵ ئۆجەلان دەرکەوتەوە و وەک ئەوسا شێتی گرتویەتیەوە.

شێتییەکەی ئەمجارەی ئۆجەلان ئەوەیە کە  دەبێت کورد رێژەی ٢٠٪ی کورسی پەرلەمانی تورکەکان بەدەست بێنێت و هاوشانی تورکەکانیش ببێتە حوکمڕان و بڕیاربەدەستی ئەو وڵاتە و لەوێشەوە هاوکێشەی داگیرکاری و ژێردەستەیی بکۆڕێت.

ئەم شێتییەی ئەمجارەی ئۆجەلان لە ئێستاوە لایەکی لە یار و نەیار لەگەڵ خۆیدا شێت کردووە. شێتترینیان ئەردۆغانە و ئەمڕۆ لە ماوەی ٦٠ خولەک هەڵەوەڕیدا ٦٠ جار ناوی کوردی هێنا…

ئەوە هێشتا سەرەتایە…

دوێنێ چەند کاتژمێرێک پێش نماییشی چەک سوتاندنەکەی هەڤاڵان نووسیم متمانەم بە باکور و ئەقڵە گەورەکەیەتی. ئەوسا کە وام نووسی هەردوو ئەزموونەکەی ٢٠١٥م لەپێش چاو بوو.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی