بەرەبەیانی ١٤ی تەمووز هەزاران چەکداری سەر بە حکومەتەکەی
جۆلانی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی غافڵگیریان کردە
سەر دروزەکانی سوەیدا.
ئەوان بەناوی ناوبژیوانی چون، بەڵام تاقمی تاشین، بۆهەتک
کردنی دروزەکان لە گیرفانیان و هەڕەشەی ئەمڕۆ درووز و سبەی کوردەکان لەسەر زاریان بوو.
ئەوان ئۆپەراسیۆنەکە بە سەیران تێگەییشتبوون.
لەهەموو کون و قوژبنێکەوە هەزاران چەکداری سوننەی عاڕەب روویان
لە سوەیدا کرد.
ئەوان بەو ورە و خەیاڵەوە چوونە سەر درووزەکان وەک ئەوەی
شەڕی چەند کاتژمێرێک بێت و هاوشیوەی عەلەوییەکان هەندێک پاکتا و کوشتار و تاڵان و بڕۆیی
دروزەکان دەکەن و دەگەڕێنەوە.
ناهەقیشیان نییە... ناهاوسەنگییەکی هێندە گەورەی هێز لە نێوان
درووزەکان و عارەبە سوننەکاندا هەیە، کە چەند کاتژمێرێک شەڕ و کوشتار بەسە بۆ داگیرکردنی
ئەو پارێزگایە
سوەیدا لەرووی رووبەرەوە، یەکێکە لە بچوکترین پارێزگاکانی
سوریا و تەنها ٣٪ی خاکی سوریا پێک دێنێت.
لەرووی دانیشتوانیشەوە، هەموو دانیشتوانی سوەیدا کەمتر لە
٢٪ی دانیشتوانی سوریان.
شاری سوەیدا هەر بەقەد قەزایەکی مام ناوەندی کوردستان و ژمارەی
سەرجەم شار و شارۆچکە و گوند و قونەگوندەکانی ئەم پارێزگایەش لە ١٥٠ تێناپەڕیت.
لەم گوند و شارۆچکانەش، بەشێکی عاڕەبی بەدوو و بەشێکی تریشی
جاشە دروزەکانی سەر بە جۆلانی لێ نیشتە جێن، کە لەیس بەلعوس سەرپەرشتیان دەکات.
یەکەم شکستی دروزەکان و سەرکەوتنی چەکدارەکانی جۆلانی لەم
ناوچانەی عارەبی بەدوو و جاشە درووزەکانی سەر بە بەلعوس بوو و ئەمان خەنجەریان لە پشتی
درووزەکان دا.
سەرەڕای ئەوەش، سوەیدا ئەو سەیرانە نەبوو، کە باندەکانی جۆلانی
لە خۆیان بۆ ئامادە کردبوو.
درووزەکان دی ئێن ئەی زاگرۆسیان لە خوێن دایە. ئەوان شەڕکەرن
و بەئاسانی دەستەمۆ ناکرێن. ئەوان لەگەڵ ئازادی
راهاتوون و هەر لەسەردەمی ئینتیدابی فەرەنسی تا ئەمڕۆش ، هەمیشە نیمچە خۆسەرییەکیان
هەبووە و ئەم شەڕەی ئێستاشیان هەر بۆ پاراستنی ئەم سەربەخۆییەیە.
هەرزوو چەکدارەکانی جۆلانی هەستیان بە مەترسی چەقین لەناو
ئەم زەلکاوە کرد و بۆیە ویستیان لەکورترین کاتدا و بەهەر وەسیلەیەک بێت شەڕەکە حەسم
بکەن.
لەم شەڕەدا، باندەکانی جۆلانی دەستیان بۆ هەموو جۆرە چەکێک
برد، هەر لە درۆن و دەبابە و رۆکیتی گراد تا تۆپی دوورهاوێژ.
ئەم باندە دەستی بۆ هەموو جۆرە تاکتیکێکیش برد، هەر لە ئیدیعای
شەڕوەستان، پروپاگەندەی جاشەکانی لە تاقمەکەی بەلعوس، تا دەگاتە تۆپبارانی ماڵ و حاڵی
خەڵکی سیڤیل و ئیعدامی مەیدانی و گەمارۆدان و کارەبا کوژاندنەوە و ئەتک کردنی پیاوانی
ئایینی.
سەرەرای ئەوەش، سێ رۆژ بەسەر ئەم جەنگێە نابەرابەرەدا تێدەپەڕێت،
کەچی هێشتا زیاتر لە ٨٠٪ی پارێزگای سوەیدا
و نیوەی شارەکەش لەدەست درووزەکاندایە.
هاتنی ئیسرائیل بۆ ناو شەڕەکە، ئەگەر درەنگیش کەوتبێت، ئاڵوگۆڕێکی
نەوعی لەبەرژەوەندی دروزەکاندا درووست کردووە.
ئیسرائیل دەیتوانی لەیەکەم چرکە ساتەوە رێگری لەهێرشەکە بکات.
بەڵام، چاوەڕوان بوو تا باندەکەی جۆالانی دوا دەماری سووری بوونی درووزەکان بپچڕێنێت
ئەوسا بە دوودڵی دەستێوەردانێک بکات.
جۆلانی هیچ سودێکی بۆ مرۆڤایەتی نەبووبێت، ئەو سودەی هەبووە
کە نەک هەر رۆحی عەڕوبە و ناسنامەی عاڕەبی لای عەلەوی و دروزەکان نەهێشت، بەڵکو هەموو
رایەڵەیەکی سوریایەتی ئەم دوو گروپەی پچڕاند.
ئەم شەڕ و کوشتارەی نێوان عاڕەبی سوننەی سەر بە جۆلان و درووزەکان
هەم ئەزموونێکە بۆ کورد و هەم بەڵاگێڕەوەش.
ئێستا لە گوتاری عارەبە سوننەکاندا کورد ئەو شەیتانەیە کە
دروز و عەلەویەکان لە چاویاندا فریشتەیەکی بێ گوناه و بێ تاوانن.
ئەزموونەکە ئا لێرەدایە، و ئەگەر بەرامبەر عەلەوی و دروزە
هاوزمان و هاوخوێنەکانیاندا ئاوا هەموو سنوورێکی هۆڤێتی تێپەڕێنن، ئەوا لە هەر هەلێکدا
دژی کورد سەد قات هۆڤیتر دەبن.
بەڵاگێڕەوەشە بۆ کورد، چونکە ئەوان بە هوتافی ئەمرۆ دروز
و سبەی کورد روویان لە سوەیدا کرد.
بەرخۆدانی دروزەکان
و پشتیوانی ئیسرائیل و شکستی سوننەکان یان لانی کەم درێژەکێشانی شەڕەکە چەندە دژی جۆلانی
و باندەکانی بێت، هێندە زیاتر بەڵای ئەو باندانە لە کورد دوورتر دەبێت.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی