بۆچی ئیسرائیل پشتیوانی دروزەکانی کرد؟

22 کاتژمێر پێش ئێستا

سەردار عەزیز

کۆمەڵێک هۆکار وەهایان لە ئیسرائیل کرد کە بەو چڕییە هێرش بکاتە سەر سوریا.
یەکەم، ئەوەی هێرشی کردە سەر دروزەکان هێزی ئیسلامی توندڕەوبوون کە بە شمشێرەوە هێرشیان دەکردە سەر خەڵکی ئاسایی لە ماڵەکانیاندا. ئەمە بۆ ئیسرائیلیەکان هەمان سیناریوی حەوتی ئۆکتۆبەری یاد هێنانەوە، نەک تەنها لە ڕوی جۆری هێرشەکانەوە، بەڵکو لەوەی کە ئایا ئیسرائیل دەبێت ڕێگە بدات کۆمەڵە هێزێکی لەم جۆرە ڕاستەوخۆ بە سنورییەوە بن.
شەرع فێری گەمەیە بووبوو، کە ئەم هێزانەی دەکردە گیانی خەڵکی مەدەنی بە مەبەستی تێکشان و ملکەچکردنیان بۆ دەسەڵاتی ناوەندیی، پاشان دەستی دەکرد بە گەمەی لێپێچینەوە و لیژنە دروستکردن کە جۆرێکە لە دێزە بە دەرخۆنەکردن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هێرشی حەماس ئیسرائیلی تۆقاند، جارێکی تر ناتوانێت بوار بە مەترسی لەو جۆرە بدات.
دووەم، ئیسرائیل نەیدەتوانی تەماشی کۆتایی دروزەکان بکات تێکبشکێنرێن چونکە ئەوە دەبوە کۆتایی کاریگەییەکانی لە سەر سیاسەتی سوریی، چونکە ئەو خەڵکانەی کە ئیسرائیل دەخوازێت سودیان لێوەربگرێت ناتوانن پشتی پێ ببەستن. بۆیە دەبوو متمانەیەک دروست بکات، ئەمەش درەفەت بوو.
سێیەم، لەم ڕێگەیەوە ئیسرائیل درز دەخاتە نێوان دروزەکان و سونییە ئەمەوییەکانەوە، کە لە ئەنجامدا دابڕ یان بەفەرێکی کەلتوریی و تایفیی دروست دەکات، ئەمەش گەورەترین شێوازی بەرگرییە بۆ ئیسرائیل.
چوارهەم، لە سوریا چەندین ئەجندا لە ململانێدان. یەکێک لەو ئەجیندایانە بریتیە لە کردنی سوریا بە ناوەندی گەیاندن و پێکەوەگرێدانی هەزە سونییەکانی ناوچەکە. هەروەها کردنی خاکی سوریا بە خاکی گواستنەوەی هێڵی کێبڵی فایبەر و بۆڕی غاز و ناوەندی گواستنەوەی تر لە نێوان تورکیا و کەنداودا. لەم ڕوەوە کەنداوییەکان و تورکەکان دەخوازن کە حکومەتێکی ناوەندی بەهەز هەبێت ئەگینا سوریا سەقامگیر نابێت و ئەم پلانانە فەراهەم نابێت. بەڵام ئیسرائیل ئەم حکومەتە ناوەندییە بەهێزەی ناوێت.
پێنجەم، ئیسرائیل لەم ڕێگەیەوە شەرع تەمێ دەکات بەوەی نەوێرێت باس لە جۆلان و جێگاکانی تر بکات.
شەشەم، مەرج نیە لە داهاتودا ئیسرائیل هەمان هەڵوێستی هەبێت کاتێک کەمینەکانی تری ناو تورکیا هەوڵی تێکشکانیان دەدرێت، بەڵام ئەمەی ڕویدا بە سودی هەموو گەلانی سوریایە، بە سوننەکانیشەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی